بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مزگەوتی دەرگای بەهەشت لە شاری هەولێر کرایەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 7/2/2024، بەئامادەبوونی د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی و د. عبداللە وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی و ئايدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و ئومێدی خۆشناو پارێزگاری ھەولێرو بەرپرسانی حزبی و حکومی و کەسایەتی و جەماوەرێکی زۆر، مزگەوتی (دەرگای بەهەشت) لەگەڕەکی نەسیج لەشاری هەولێر کرایەوە.


لەوتەیەکدا د. پشتیوان سادق دەستخۆشی لەخێرخواز و پیرۆزبایی لەدانیشتووانی گەڕەکی نەسیج کرد، دواتر جەختی لەپەیامی پیرۆزی مزگەوت کردەوە، کە پەیامی گیانی برایەتی و خۆشەویستی و تەبایی و ئاشتی کۆمەڵایەتییە، پاشان ئاماژەیدا کەئاوەدانی و ئارامی کوردستان و دروستکردنی مزگەوت بەندە بەو ئارامی و تەناهییه کە هەیە و پاڵپشتی حکومەتی کوردستانیشی دووپاتکردەوە لەپڕۆژەی خزمەتی گشتی لە بوارە جیاوازەکان بۆ ھاوڵاتیانی ئازیز.


جێی ئاماژەیە ئەم مزگەوت ساڵی 1982 دروست کراوە، ساڵی 2023 لەسەر ئەرکی سەنگەر حاجی نجم الدین زێڕینگر، بەهاوکاری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی  نۆژەنکراوەتەوە.