سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری شاندێک سەردانی هەردوو بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی هەولێرو دەوروبەر دەکات

ئەمرۆ 19ی2ی2024 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی؛ بەمەبەستی پیرۆزبایی دەستبەکاربونیان بەجیا سەردانی بەرێز مامۆستا نەبەز ئیسماعیل بەرێوەبەری ئەوقافی پارێزگای هەولێرو بەرێز مامۆستا مەلا حاتەم گەردی بەرێوەبەری ئەوقافی دەوروبەر کرد.


لەدانیشتنێکدا سەرۆکی یەکێتی زانایان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی ئاراستەی هەردوو بەرێزان کردو هیوای خواست لە ئاست بەرپرسیارێتی پۆستەکەو خزمەتکردنی رەوشی ئایینی و مامۆستایانی بەرێزی ئایینی دابن و بتوانن بە هەماهەنگی و بەرنامەی هاوبەش لەگەڵ یەکێتی زانایان هەنگاوی باشتر بهاوێژن، هەروەها باسی لەوە کرد کە پێویستە بۆ خزمەتی مزگەوتەکان و سەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئاراستەکردنی گوتاری ئایینی بەشێوەیەکی میانڕەوانە، هەمووان پێکەوە شان بدە بەر بەرپرسیارێتی و خزمەتی ئایین و نیشتمان لەبەر چاو بگرن، بۆ ئەم مەبەستەش یەکێتی زانایان پاڵپشتی تەواو پێشکەش دەکات.


لەلایەن خۆشیانەوە هەردوو بەرێوەبەری ئەوقافی پارێزگای هەولێرو دەوروبەر سوپاسی هەست و هەڵوێست و پاڵپشتی یەکێتی زانایان کردو بەڵێنی ئەوەشیان دووپاتکردەوە، کە بەهەماهەنگی و کاری پێکەوەیی بەو پەڕی تواناوە خزمەتی ئایین و کۆمەڵگە بکەن.