بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مزگەوتی حاجی ئازاد مستەفا لە شاری هەولێر کرایەوە

ئێوارەی 24ی2ی2024 بە ئامادەبوونی بەرێز د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئاینی، د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێرو ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی حکومی و مامۆستایانی ئایینی و کەسایەتی و خەڵکی شاری ماس ستی لەمەراسیمێکی شایستەدا  مزگەوتی "حاجی ئازاد مستەفا " لەشاری ھەولێر کرایەوە .


سەرەتا لەوتەیەکدا بەرێز د. پشتیوان سادق دەستخۆشی  لەبنەماڵەی خێرخوازکرد کەڕۆڵیان لەکاری خێرخوازی و ئاوەدانی شاری ھەولێردا ھەبووە، دواتر پیرۆزبایی لە دانیشتووانی شاری ماس کرد و ڕوناکی خستەسەر ڕێنمایە ئەندازەییە تازەکانی دروستکردنی مزگەوت و گوتی" حکومەتی کوردستان بە دابینکردنی باشترین زەوی شایستە و پێشکەشکردنی ھەموو خزمەتگوزاریەکان پاڵپشتی دروسکتردنی مزگەوت و شوێنی ئایینی دەکات، تەنیا لەکانینەی نۆیەمدا ( ٤٠٨) مزگەوتی نوێ کراونەتەوە.


پاشان بەرێز د. عبداللە مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان روناکی خستە دروستکردنی مزگەوت لەشوێنی شایستەو پاداشتی ئەو خێرە نەبڕاوەیەی شیکردەوە وێڕای ئاماژەدان بەمانگی پیرۆزی شەعبان و ھاتنی شەوی بەرات لەخوای گەورەی خواست کەخێروخۆشی و ئاشتی و کامەرانی بۆ ھەموولایەک بێ کوردستانیش پارێزراو بێت.


لە بەشێکی تری قسەکانی سەرۆکی یەکێتی زانایان دەستخۆشی لە خێرخواز کردو کردنەوەی مزگەوتی لەم شێوەیەی بە هەنگاوی گرنگ لەپێناو خزمەتی ئایین و نیشتمان وەسف کرد، هەورەها ئاماژەی بەوەدا کە تەناهی و ئارامی کوردستان دەرفەتی باشی رەخساندووە بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی رەوشی ئایینی لەناو موسڵمانانی کورددا.