لە زانکۆی سۆران سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری پانێڵێکی تایبەت بە پرسی ژینگە دەکات

ئەمرۆ 26ی2ی2024 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی لە زانکۆی سۆران بەشداری پانێڵێکی تایبەت بە ناونیشانی (پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ژینگە لە گوزەری مێژوودا) کرد، کە بەشی مێژووی فاکەڵتی ئادابی زانکۆی سۆران بەهەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رێکی خستبوو.


لە پانێڵەڵەکەدا وێڕای پێشکەشكردني وتاری سەرۆکایەتی زانکۆی سۆران لەلایەن بەڕێز پ. د. سیروان زەند، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، پانێڵەکە لەلایەن بەرێز هەژار ماهر بەرێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەرێوەچوو، کە تێیدا هەریەکە لە بەڕێزان د. عەبدوڵا مەلا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان، م. ئارارات ئەحمەد عەلی، مامۆستا لە زانکۆی سۆران و بەڕێز فاخر عەلی عارف، سەرۆکی دەزگای هەرمان بۆ ڕۆشنبیری و ژینگەپارێزی بەشداربوون.


لەم پانێڵە سەرۆکی یەکێتی زانایان توێژینەوەی بەناونیشانی (مێژووی  پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان مرۆڤ و ژینگەدا)


پێشکەش کردو تێیدا بە وردی و بەخستنەرووی چەندین بەڵگەی ئایەت و فەرمودە، پرسەکەی شیکردەوەو بنەماو خاڵی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ژینگەی بەوێناکردنی واقع و بەستنەوەی بەسەردەمی سەرەتای ئیسلام و مامەڵەی موسڵمانان لەگەڵ ئەم پرسە روون کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە گرنگی ژینگەپارێزی و پاراستنی سروشت و رێزگرتنی بەها نیشتمانیەکان و خۆشەویستی خاک کردو بە ئەرکی لەپێشینەی دام و دەزگاو ناوەندە ئەکادیمی و رۆشنبیرییەکانی زانی پەرەی زیاتر بە پرسی ژینگەو هۆشیاری کۆمەڵایەتی لەم بارەوە بدەن.


لە کۆتاییدا، بڕوانامەی بەشداربوون پێشکەش بە بەشداربووانی پانێڵەکە کرا. هەروەها، ڕێز لە پێنج ژینگە پارێزی زانکۆی سۆران گیرا کە ڕۆڵی دیاریان هەبووە لە گرنگی پێدان و بە سەوز هێشتنەوەی ژینگەی کەمپەسی زانکۆی سۆران.