سەرۆکی یەکێتی زانایان بە توێژینەوەیەکی زانستی بەشداری کۆڕبەندی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر دەکات

ئەمرۆ 6ی3ی2024 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری لە کۆڕبەندی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بە ناونیشانی "کۆڕبەندی بارزان لە بەرخودان و خۆنەچەماندن بۆ نیشتمانسازی، پەروەردەو فێرکردن پێکەوەژیان و ژینگەپارێزی" لە قەزای مێرگەسۆر کرد.


کۆڕبەندەکە بە ئامادەبوونی بەرێز هەڵگۆرد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەرێز پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێرو بەرێز غەفور احمد ملاسوار قائیمقامی قەزای مێرگەسۆرو بەرێز د.تاليب محمد شەریف راگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆرو ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی حزبی و حکومی و مامۆستایانی زانکۆو رۆشنبیران و کەسایەتی ناوچەکە بەرێوە چوو.


لەم کۆڕبەندە پانێڵێک بەناونیشانی سەرەوە پێشکەش کرا، کە تێیدا هەر یەک لە بەرێزان د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و پ.د.فەرسەت مەرعی دیرۆکناس و مامۆستای زانکۆو مامۆستا رێکار مزوری نووسەرو چالاکوان وەک پانێڵیست و پ.ی.د.ئەبوبەکر دیوانە بارەکی وەک بەرێوەبەری پانێل بەشدار بوون.


لەم کۆڕبەندە بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان توێژینەوەی خۆی بەناونیشانی (پێکەوەژیانی ئایینی و ژینگەپارێزی لە دەڤەری بارزان) پێشکەش کردو سەرەتای قسەکانی سوپاسی رێکخەرانی کۆڕبەندەکەی کردو دواتر تیشکی خستە سەر گرنگی پێکەوەژیانی ئایینی و کاردانەوەی لە سەقامگیری کۆمەڵایەتی و وەک ئەرکێکی ئایینی و ئینسانی و نیشتمانی وەسفی کرد، دواتر ئاماژەی بە هەرسێ پایەی خواپەرستی و نیشتماندۆستی و مرۆڤدۆستی، کە لە فەرهەنگی شێخانی بارزان بە جددی لەبەر چاوو گیراوەو رەنگدانەوەی ئەرێنی گەورەی لە مێژووی دەڤەرەکەو پێکهاتەکانی هەبووە.


هەروەها چەند نمونەو بەڵگەو دیکۆمێنتێکی مێژوویی لەسەر کەسایەتیەکانی نێو بنەماڵەی شێخانی بارزان هێنایەوە، کە چەندە بایەخیان بە پێکەوەژیان لە سنوورەکەو رێزگرتن لە پەیڕەوکارانی ئایینەکانی تر ناوە، ئەمەش بۆتە نمونەی زیندوو لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان کە بارزان مەڵبەندێکی گرنگی پێکەوەژیانیی ئایینی و خاوەن هەستی ژینگەپارێزی بووە.


شایەنی باسە دواتر بە پرسیارو سەرنج و ئاڵوگۆڕی زانیاری کۆڕبەندەکە دەوڵەمەند کراو رێزلێنان و خەڵاتی تایبەت بەخشرایە چەندین کەسایەتی خاوەن ئەزموون و ئەکادیمی دەڤەرەکە.