سەرۆکی یەکێتی زانایان: هەڕەشەو بێڕێزیکردن بەرامبەر مامۆستایانی ئایینی قابیلی قبوڵ نیە

دوای ئەوەی شەوی 16ی رەمەزان بەرامبەر بە 25ی3ی2024 هاوڵاتیەک لە کاتی نوێژی تەڕاویح هێڕش دەکاتە سەر پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی گڵۆباڵ لە شاری هەولێرو سوکایەتی و بێڕێزی بەرامبەر دەکات، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەدواداچوونی پێویستی بۆ رووداوەکە کردووە، وێڕای دەربڕینی پاڵپشتی بۆ مامۆستای مزگەوتی ناوبراو، داواشی کردووە ئەو کەسەی بێڕێزی کردووە رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتە بەر.


لەم بارەوە بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان رایگەیاند: بەداخەوە لە کەشی ئارامی خواپەرستی و لەناو مانگی پیرۆزی رەمەزان، کەسێک بە ناڕەوا هێڕش دەکاتە سەر مامۆستایەکی ئایینی و بێڕێزی بەرامبەر دەکات، ئێمە لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و لایەنی پەیوەندیدار لەسەر خەت بووین و پێمان وایە ئەم جۆرە کردانە بێڕێزین بۆ سەر مزگەوت و مامۆستای ئایینی و کەشی ئارامی مزگەوت، بۆیە پێویستە بە زووترین کات داواکاری گشتی رێکاری پێویست بەرامبەر بەو کەسە بگرێتە بەر، چونکە بەلای ئێمەوە سوکایەتی و بێڕێزیکردن بە مامۆستایانی ئایینی قابیلی قبوڵ نیەو ناکرێ کەسێک لە پێناو خواستی کەسی و بیانووی لابەلا ئارامی مزگەوت تێک بدات و سنوور ببەزێنێ.