رۆژنامەی ئاسۆ: بە رەسمی داوای لێبوردن دەكەین

رۆژنامەی ئاسۆ لە پاشكۆی (ئاسۆی ئەدەب) لە ژمارەی (1369) رۆژی سێشەمە (21/12/2010) شیعرێكی بڵاوكردۆتەوە، كە سنووری شەرعی‌و ئەدەبی رۆژنامەوانی بەزاندووە بەرامبەر بە پیرۆزیەكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام.

بۆیە ئەمڕۆ یەكێتی زانایان دانیشتنێكی تایبەتی لەم بارەوە گرێدا، بەمەبەستی وەرگرتنی هەڵوێست‌و روونكردنەوە‌و بەدواداچوونی بابەتەكە، بۆیە دوای پێداچوونەوە بە بابەتەكە‌و، پەیوەندیكردن بە لایەنە پەیوەندیدارەكان، بەتایبەتی كە ئەو جۆرە نووسینانە بە هیچ شێوەیەك خزمەت بە ئەزموونی هەرێم‌و لایەنی ئایینی‌و رۆشنبیری‌و كۆمەلایەتی كوردستان ناكات.

دوای راگۆڕینەوە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو بابەتە، مەلا عەبدولا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایان پەیوەندی بە بەڕێز (عارف قوربانی) سەرنووسەری رۆژنامەی (ئاسۆ)وە كرد‌و، ئەویش گووتی: هەڵەیەك بوو بەسەرماندا تێپەڕی‌و، زۆریش داوای لێبووردن دەكەین، كە ئەم شتانە دووبارە نابنەوە‌و، بۆ ژمارەی بەیانیش بە رەسمی‌و بە نووسین داوای لێبووردن دەكەین.


بۆیە سەرۆكی یەكێتی زانایان بۆ ماڵپەڕی زانایان گووتی: زۆر سوپاسی كاك عارف دەكەین، كە لە ئەنجامی هەستكردن بە مەسئولیەت‌و لەسەر داوای یەكێتی زانایان ئەو كارە پیرۆزەی كرد، بێگومان ئەوەش هەستكردنە بە مەسئولیەت، چونكە ولاتی ئێمە لەم قۆناغەدا بە هیچ شێوەیەك هێنانەوەی ئەو ئاریشانە تەحەمول ناكات، ئەوە سەرباری ئەوەی هەموو كاتێك پێویستە رۆژنامە‌و گۆڤار‌و تەلەفزیۆن‌و ماڵپەڕ، حورمەت بۆ دین‌و ئایینی هاووڵاتیانیان دابنێن. دووبارە سوپاسی دەكەین، هیوادارین هەموو كەسێك ئاوا هەست بە مەسئولیەت بكات‌و، نە لە ئاسۆ‌و نە لە هیچ رۆژنامەیەك ئەو شتانە دووبارە نەبنەوە، چونكە بەڕاستی قەت حەز ناكەین، قسە لەسەر یەك رۆژنامە‌و گۆڤار بكەین.

هەروەها سوپاسی راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقافیش دەكەین، كە لەو مەسەلەیە هاوكارمان بووە. هیوادارین هەموومان پێكەوە لە خزمەتی گەل‌و ئایین‌و وڵات‌و نیشتیمانمان بەردەوام بین.