كردنەوەی مزگەوتێك لە دۆڵی روست

شەماڵ عەبدوڵڵا، راگەیاندنی ئەوقافی سۆران
لە رێورەسمێكی جەماوەری دا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی دامودەزگاكانی حزبی و حكومی و لەشكری و زانایانی ئایینی، مزگەوتی گەورەی گوندی پیرۆمەر كرایەوە كە لەلایەن خێرخوازانەوە بە شێوازێكی ئەندازەیی هاوچەرخ دروست كراوە.

دوای خوێندنەوەی چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز لە وتەیەكی دا وەیسی سەعید وەیسی بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران باس لە پیرۆزی و گەورەیی مزگەوت كرد و رۆڵی مزگەوتیشی لە بوارەكانی ژیانی مرۆڤایەتی دا خستە بەرباس كردن، ئەو راستییەشی بیر ئامادەبووان هێنایەوە كە لەبەر گرنگی رۆڵی مزگەوت بوو كە رژێمی بەعس زیاتر لە 4500 مزگەوتی رووخاند و ئەو هەنگاوەش بە بەرزی نرخاند كە چۆن خەڵكی خێرخواز سەرقاڵی دروستكردنی مزگەوتن و بە فاكتەری سەرەكی دانا بۆ ئاوەدانكردنەوەی دێهاتەكان.
بە چەندین سروود و ستایشی ئایینی درێژە بە مەراسیمەكە درا.