مەلا فەرمان: من حوكمم لەسەر كەس نەداوە و نابێ لە مینبەرەكانەوە ناوى كەس بهێنرێ

هەولێر 7 كانوونى دووەم/یەنایەر (ئاكانیوز) ـ مەلا فەرمان عەزیز خەرابەیی پێشنوێژ و وتاخوێنی مزگەوتی ماجیداوە لە هەولێر /349 كم باكورى رۆهەڵاتى بەغدا/ ماوەیەك بەر لە ئێستە كتێبێكی بەنێوی "راستییەكى ونبوو" نووسی، لە وێدا ناوى چەند كەسێكی هەڵسوڕاو و چالاكوانى بوارى ئافرەتان، چەند رێكخراو و سەنتەرێكی هێنا و قسەى ئەوانى گواستەوە، ئەوەش، پشێوی و ناڕەحەتییەكی لەو نێوەندەدا، دروست كرد، تا لە ڕۆژى 5ى ئەم مانگە خۆپێشاندانێك بەدژی نوسەری كتێبەكەرێكخراو و خۆپێساندەران یاداشتێكیان ئاراستەى سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد.

بۆگفتوگۆكردن و تاوتوێكردنى كێشەو و كاردانەوەكان، نێردراوانى (ئاكانیوز) ئەم دیمانەیان لەگەڵ خەرابەیی ساز كرد.

farman azizپرسیار: ئامانج لە دانانى كتێبی "راستییەكى ونبوو" چییە؟
وەڵام: ئامانج لەو كتێبە وەك مامۆستایەكی ئاینی كە تێكەڵی خەڵك دەبین و زۆر كێشە دێتەلامان وەك تەڵاقدان و خۆسووتاندن زۆری تر روو لە مامۆستایانى ئاینی دەكات، بۆیە لە هۆكارەكانی هەندێك لەو كێشانەم پرسیار كردوون تا ئەو كێشانە نەمێنن، پێشتر ئەو كێشانەمان نەبووە، تەڵاق بەو رێژەیەى ئێستە نەبووە و خەڵكی ئیرەیی بەكۆمەڵگەى كوردى بردووە، بۆیە هەوڵم داوە و ئامانجم لەو كتێبە هۆكارەكانى ئەو دیاردانە دیاری بكەین و دواتر بەهەموو لایەك چارەسەری بۆ بدۆزینەوە.

پرسیار: لەو كتێبەدا رێكخراو و داكۆكیكار و سەنتەرەكانى ئافرەتان تۆمەتبار دەكەی كە ئەوان لە پشتی ئەو هەموو كێشانەن؟
وەڵام: هەموو هۆكارەكان نا، بۆ نموونە خۆسووتاندن وەك ئەوەى یەكێك دەڵێ تۆ شت لەبرات و باوكت قبووڵ مەكە و گفتوگۆ قبووڵ مەكە، یا گەر خۆت سووتاند واتە تۆ شێرەژنی ئەوەش هاندانە.

پرسیار: كێ بەكێ دەڵێ خۆت بسووتێنە؟ بەپێچەوانەوە ئەوان رێگری لەو كارە دەكەن؟
وەڵام: من نامەوێ ناو بێنم كاتێك تۆ دەڵێی شت لە لایەنی نێر قبووڵ مەكە، خۆسووتاندن بەشتێكی ئەرێنێ دەزانرێ، ئەمەش جوانكردنی خۆسووتاندنە لەبەرچاوى ئافرەتان، دەبێ هانى ئافرەتان بدرێ بەهێمنى گفتوگۆ بكەن و هەردوولا یەكتری قبووڵ بكەن و بڵێی بەخۆسووتاندن دنیا و قیامەتت دەچێ، بەڵام تۆ پێی بڵێی قبووڵ مەكە و قبووڵنەكردن، هۆشیارییە، ماناى چییە؟

پرسیار: كەس نەی گووتووە بڕۆ خۆت بسووتێنە؟
وەڵام:نەك بڵێ خۆت بسووتێنە؟ بەڵام هەندێك شت هەیە راشكاونە ناگوترێ، كە دەڵێی تۆ تەنازوول مەكە، كەواتە ناشیرینكردنى خۆسووتاندن نییە لاى خەڵك.

پرسیار: كتێبەكەت لەسەری نووسراوە توێژینەوەى كۆمەڵایەتی، بەڵام تۆ لە زۆر شوێن راى خۆت نووسیوە؟ كە ئەمە لە رووی زانستییەوە نابێ توێژینەوە راى كەسەكەى تێدا بێ؟ قسەكانى ئەوانت هێناوەتەوە، بەڵام كۆمێنتت لێ داون.
وەڵام: من لە هیچ شوێن قسە و كۆمێنتم لە قسەى كەس نەداوە، بەڵام من تەنیا لە پێشەكى گوتوومە هۆكارەكانى بەرزبوونەوەى رێژەى تەڵاق لەبەر ئەو هۆكارانەوە بووە كە فڵان واى گوتووە بۆیە زیادى كردووە.

پرسیار: تۆ گومانت لە مەرامى ئەو سەنتەر و رێكخراو و چالاكوانانەى بوارى مافی ئافرەت هەیە؟
وەڵام: من لە كتێبەكەدا گوتوومە رەنگە ئەوە هۆكار بووە بۆ فڵانە شت، فڵان كەس وا دەڵێ، كاتێك ئەوەى دەڵێ من بەرگریی لە ژنان دەكەم دەبێ بەكردەوە ئەو كارە بكات، نەك من بەگومان ناڵێم ئەوانە هۆكار بن، بگرە من سەلماندوومە، بۆ نموونە ئافرەتێك چووەتە شوێنی داڵدەدان، بەڵام وەریان نەگرتووە و دواتر ئەو ئافرەتە بووەتە لەشفرۆش و تووشی كێشە و چەرمەسەری بووە، من پشتم بەسەرچاوە بەستووە و سەرچاوەكانیش دیارن و روونن.

پرسیار: ئایا ئافرەت لە كۆمەڵگەى ئێمەدا مافی پێشێل نەكراوە و زوڵمی لەسەر نییە؟
وەڵام: كۆمەڵگەى ئێمە زۆر چینی هەیە، چینی رۆشنبیر و نەخوێندەواری هەیە، هەندێكیان هەیە هەر رێزی مرۆڤ و منداڵیش ناگرن، بەڵام بەشێوەیەكی گشتیی لە كۆمەڵگەى كوردیدا رێزگرتن هەبووە بۆ نموونە بەهایەكی تەواو بۆ ئافرەت دانراوە نەك ئافرەتى گەنج، بەپێچەوانەوە ئەوەندە بەتەمنتر بێ زیاتر رێزی لێ دەگیرێ.

farman azizپرسیار: كەواتە بەڕاى تۆ هیچ بێ رێزییەك بەرامبەر ئافرەتى كورد ناكرێ؟
وەڵام: من گوتم بێ رێزی دەكرێ، بەڵام ئەوانەی دەیكەن هەر نازانن رێزی كەس بگرن نەك تەنیا ئافرەت، بەگشتیی كۆمەڵگەى كوردى رێزی لە ئافرەت ناوە و ئافرەتى كورد رێزی زۆرى لە پیاو گرتووە، كۆمەڵگەی كوردى رێز لە ئافرەت دەگرێ، كۆمەڵگەى كوردى بەهاى زۆر جوانى تێدایە كە سەرچاوەكەیان ئاینی ئیسلامە.

پرسیار: ئەو بەهایانە كە هەیە پێش ئیسلامیش هەبوون لە كۆمەڵگەى كوردیدا؟
وەڵام: كۆمەڵگەى كوردى رێزی نەك لە ئافرەت بگرە لە پیاو گرتووە بەهاى وابووە گەنجێك یەكێكی لە خۆى گەورەتر بینیبایە دەستی ماچ دەكرد، جارى وا هەیە ئیسلام داب (عورف)ی كردووەتە سەرچاوەى تەشریع، من ناڵێم ئەو بەها جوانانە هەمووى هى ئیسلامە، توێژینەوەكەى من لەسەر ئەوەیە كە ئەو بەها جوانانە بگەڕێنەوە و ئەوەى نامۆیە بەكۆمەڵگەى ئێمە با نەمێنێ و ئەوەى كەسێك هێناویەتی با پەشیمان بێتەوە.

پرسیار: ئەو رێكخراو و چالاكوانانەى ئافرەتان ئەركیان هۆشیاركردنەوە نەبێ، ئەدى كاریان چییە؟
وەڵام: ئێمە داوایان لێ دەكەین با كارى خۆیان بكەن، بەڵام ئامانجەكەى بگەیەنن، بۆ نموونە كە باسی مافی ئافرەت دەكەن راستیی پرسەكە بگەیەنن، بۆ نموونە كە باسی خۆسووتاندنى ئافرەت دەكەن دەبێ بەدواى هۆكاردا بگەڕێن نەك لێدوان بدەن بڵێن خۆسووتاندن هێماى رۆشنبیرییە، با چارەسەرەكەى بۆ بدۆزنەوە بۆ نموونە دەچمە لاى توێژەرى كۆمەڵایەتی، مامۆستاى ئاینی، دوكتۆر، پسپۆران تا چارەسەرییەكەى بدۆزینەوە.

پرسیار: گلەیی ئەوە لە مامۆستایانى ئاینی دەكرێ كە توندڕۆن و بەتوندى شتەكان دەخەنە روو؟
وەڵام: یەكەم مامۆستایانى ئاینی توندڕۆ نین، نازانین لە چ بوارێكدا؟ ئێمە گفتوگۆ دەكەین؟ بەڵام كەس نەهاتووە گفتوگۆمان لەگەڵدا بكات، بوارى گفتوگۆ بۆ ئێمە نەڕەخساوە، ئەوانەى كە داواى گفتوگۆ دەكەن با بێن دەرگامان كراوەیە، هەر لە رێگەى تەلەڤزیۆن، رۆژنامە و رادیۆ، بەڵام ئەگەر ئێمە داوای گفتوگۆ بكەین ئەوان قبووڵی ناكەن.

پرسیار: تۆ قسەى خۆت بكە و پەنا بۆ مینبەر مەبە؟
وەڵام: من كتێبێكم نووسیوە ئەوەتا قبووڵی ناكەن.

پرسیار: ئایا واباشترە پەنا ببەنە بەر مینبەری مزگەوت؟
وەڵام: مینبەرى مزگەوت شوێنی ئەوەیە بەها جوانەكان پێشانى خەڵك بدرێ، خۆ ئەگەر شتێكی واش باس بكرێ تاوان نییە؟ لە كام مینبەرەوە گوتراوە پێشێلی مافی ئافرەت بكەن یا بڕۆن ئافرەت بكوژن؟ لە كام مینبەرەوە گوتراوە فلاَنە كەس واى كردووە و بڕۆن واى لێ بكەن.

پرسیار: سەدان نموونەمان هەیە كەناو دێنن لەسەر مینبەر لە كاتێكدا لەو مزگەوتەكاندا هەزاران كەس دانیشتوون، بۆچی ئێوە باسی دەكەن كە فڵان شت پێچەوانەى شەریعەتە؟ بۆ لە مینبەرى مزگەوتەوە باسی رۆشنبیر و گۆرانیبێژ و وتارى نووسەر دەكەن بەناو؟
وەڵام: مینبەرى مزگەوت ئەركی خۆی هەیە، مامۆستا ناتوانێ خیانەتى تێدا بكات، ئەركی مامۆستایە پارێزگاری ئاین و نیشتمان بكات و دەبێ ئاینەكەى رابگەیەنێ.

پرسیار: ئەركی مامۆستا پاراستنى ئاینە یا گەیاندنى پەیامی ئاین و بانگهێشتنى خەڵكە؟
وەڵام: ئەركى مامۆستا پاراستنى ئاینەكەیەتی لە رێگە بانگهێشتنەوە.

پرسیار: ئەگەر گۆرانییەك شەو لە تیڤی ببینی كە كراسی كچە كورت بوو ، ئایا راستە تۆ بێی لە سەر مینەبەر باسی بكەی؟
وەڵام: نەخێر، دەبێ لە ژێر چەتری رێزگرتنى لە یاسا مامەڵە بكەین، بۆ نموونە یاسا سزاى داناوە بۆ كەسێك كە رەوشتی خەڵك بشێوێنێ، بۆیە ئەگەر یەكێك بەهاى كۆمەڵگەى شێواند دەبێ بەیاسا رێی لێ بگیرێ، هەموو چینەكان دەبێ وەڵامیان هەبێ، رۆشنبیر و مامۆستا و مامۆستاى ئاینی.

پرسیار: مینبەر بۆ چییە؟ بۆ بانگهێشتنى پەیامی ئیسلامە یا ناوهێنانى خەڵكە؟ بۆ چاككردنى خەڵكە یان بۆ ناوهێنانى رۆشنبیر و سیاسەتوان؟ ئێوە دەتوانن وەك رۆشنبیران ئینتەرنێت و رۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن بەكار بێنن بۆچی لە مینبەرى مزگەوتەوە دێن باسی رۆشنبیران دەكەن؟
وەڵام: باشە نموونەى كتێبەكەى خۆم دێنمەوە، ئەو هەموو رۆژنامەنووسە هەیە تا ئێستە كەسێك نەهاتووە راستی شتەكەى من بگەیەنێ، كەس نەهاتووە قسەكانى من بگەیەنێ؟ تا خەڵك بزانێ لەكوێ من تەشهیرم كردووە و هێرشم كردووە.

پرسیار: كەواتە ئێوە بەناچارى پەنا دەبەنە بەر مینبەر؟
وەڵام: من لەگەڵ ناوهێناندا نیم لەمینبەرەكان، دەكرێ باسی شتێكی خراپ بكرێ، بەڵام ناوى نەهێنرێ؟ ئەگەر شتێكی خراپ هەبوو دەبێ باس بكرێ، ئەمە ئەركێكی نیشتمانیى و ئاینییە.

پرسیار: ئێوە ناو دێنن و دەڵێن فڵان كەس كافر بووە و لە ئاین دەرچووە لەبەردەم خەڵكدا كە شارەزاییەكی ئەو تۆیان لە ئایندا نییە؟
وەڵام: من تەكفیركردنى خەڵكم پێ هەڵەیە ، پاشان ناوهێنانى خەڵك بەشتێكی باش نازانم، نەمبیستووە ناوى خەڵك هێنرابێ بگرە گوتراوە ئەو شتە هەیە و باش نییە.

پرسیار : بۆ مامۆستایانی ئاینیی لەبری مینبەر، كتێبێك یا بەنووسینی وتارێك وەڵام نادەنەوە؟
وەڵام: لەوانەیە مامۆستا دەستی نووسینی نەبێ یا رێگەى نووسینی بۆ خۆش نەكرابێ، ئەركی مامۆستا ئەوەیە كە بڵێ ئەو كتێبە خراپە یا باشە، فڵان شت باشە یا خراپە، هەر شتێك پێچەوانەى یا بەئاشكرا دژی ئیسلامە، یاسا رێگەى لێ دەگرێ و ئاینیش قبووڵی ناكات، كەسێك پەنا بۆ پێشێلكردنى یاسا ببات، كاتێكیش ئاین پێشێل دەكرێ، دەبێ پەنا بۆ دادگە ببات، كەسێكیش بیەوێ رێنوێنی خەڵك بكات، دەبێ لە مینبەرەكانى مزگەوەتەوە بێ، من لەگەڵ تۆمەتباركردن و تەكفیركردنیش نیم، بەڵام مامۆستایەكی ئاینی ئەركی خۆیەتى بڵێ ئەو شیعرە یا ئەو رستەیە خراپە.

پرسیار: تۆ لەگەڵ ئەوەى لە مینبەرى مزگەوەتەوە باسی بەرهەمى شیعرى و رۆشنبیری بكرێ؟
وەڵام: ناوى شاعیرەكە نەهێنرێ، بەڵام مامۆستاى ئاینی بڵێ ئەو شیعرە شتێكی دژ بەئاینی تێدایە، من لەگەڵ ئەوەدام كە كێشەى نێوان رۆشنبیران و مامۆستایانى ئاینی بەگفتوگۆ چارەسەر بكرێ.

پرسیار: ئایا راستە كتێبەكەت كێشاوەتەوە؟
وەڵام: نەخێر كتێبەكەم سەحب نەكردووەتەوە.

پرسیار: ئایا ئامادەى لە رێگەى مێزگرد و رووبەڕوو گفتوگۆیان لەگەڵدا بكەی؟
وەڵام: ئامادەم بەشێواز و كاتى خۆى گفتوگۆ بكەم و تا ئێستەش دەڵێم من شتی خراپم لەو كتێبەدا باس نەكردووە، هەمووی شتی باشن و هێرشم نەكردووەتە سەر كەس و پێشم باش بووە و داكۆكی لێ دەكەم.

پرسیار: هەستی تۆ چییە ئەو هەموو خۆپێشاندانە بەرامبەرت دەكرێ؟
وەڵام: هەست دەكەم ئەوان كەسێك تاوانبار دەكەن كە تاوانى نەكردووە، ئەوان دەڵێن مامۆستا هێرشی كردووە من هێرشم نەكردووە، من پێمخوشە راستییەكان نەشێوێنرێ، لە یەكێك لە لافیتەكان نووسراوە "راستییەكى ونبو و درۆیەكی هەڵبەستراو" من درۆم لە كوێ هێناوە، خۆ من قسەى خۆم نەكردووە.

پرسیار: سەیری ئەو ناڕەزایی و خۆپێشاندانە دەكەی؟
وەڵام: لەبەرئەوەى مامۆستا كەسێكی كۆمەڵایەتییە، بۆیە لە هەموو پارچەكانى كوردستان دەستخۆشیم بۆ هاتووە و پشتگیریم بۆ هاتووە، یا شتێكم لەسەر دەنووسرێ خەڵكی هەواڵم پێ دەگەیەنێ، كە خەڵكی دەبینن چەند ئافرەتێك دەچنە بەردەم پەرلەمان ناڕەزایی دەردەبڕن، خەڵكیش وەڵامیان دەبێ.

پرسیار: ئەگەر خۆپێشاندانەكە زیادى كرد؟ ئایا تۆش داوا لە خەڵك دەكەى برژێنە سەرشەقام و خۆپێشاندان بكەن؟
وەڵام: من جارێ داوا ناكەم، بەڵام لەوانەیە خەڵكی قبووڵی نەكەن مامۆستا سووكایەتی پێ بكرێ، رەنگە لایەنەكانى پێوەندیدار بەمامۆستا وەك یەكەتیی زانایان، قبووڵ نەكەن.

پرسیار: چما خۆپێشاندان بەسووكایەتی دەزانی؟
وەڵام: ئەوان من تۆمەتبار دەكەن كە گوایە من درۆم كردووە و حوكمم داوە، خۆپێشاندان بەشێكە لە ئازادى و دیموكراسی.. شتێكی ئاساییە، ئەوان لە خۆپێشاندانەكە من تۆمەتبار دەكەن بەدرۆ، من هیچ حوكمێكم نەداوە، بابێن بیسەلمێنن.

پرسیار: ئایا تا ئێستە هەڕەشەت لێ كراوە؟
وەڵام: هەڕەشەم لێ نەكراوە، بەڵام ئەو شتانە بەمەترسی بۆ سەرخۆم دەزانم.

پرسیار: لە دادگە سكاڵات لەسەر تۆماركراوە؟
وەڵام: بەڵێ بەپێی مادەى 240 سكاڵام لەسەر تۆمار كراوە و ئێستە بەكەفالەت ئازاد كراوم.

پرسیار: كێن ئەوانەى سكاڵایان لەسەر تۆمار كردووی؟
وەڵام: ئەوانەى كە بەناوى ئافرەتان و داكۆكیكارى ئافرەت كار دەكەن.

دیمانە: عەبدوڕەزاق عەلی، محەمەد عەبدوڕەحمان