زانست و زانایان گه‌وره‌ن؟

ئه‌مڕۆ ڕۆژی زانست و زانستدۆستان و زانایانه‌ به‌ هه‌موو بواره‌كانییه‌وه‌،به‌و مانایه‌ی هه‌ر كه‌س زیاتر زانابێت و زانستی زیاتری پێبێت زیاتر ده‌توانێت خزمه‌ت بكات و ڕۆڵ و كاریگه‌ریشی زیاتر ده‌بێت له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی، ئیتر ئه‌و زانسته‌ هه‌رچی بێت پزیشكی و ئه‌ندازیاری و ئابووری و ئایینی و هه‌ر بوارێكی تری زانست.

خوای گه‌وره‌ له‌ قورئانی پیرۆزدا زۆر به‌ گرنگی باسی ڕۆڵی زانست و زانایانی كردووه‌ و له‌ چه‌ندین شوێندا هاتووه‌ و له‌ هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كه‌م ئایه‌تی قورئانی پیرۆز باسی خوێندن و خوێنده‌واری ده‌كات: [اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ (1) خَلَقَ الإِنسَانَ مِنْ عَلَقٍ (2) اقْرَأْ وَرَبُّكَ الأَكْرَمُ (3) الَّذِي عَلَّمَ بِالْقَلَمِ (4) عَلَّمَ الإِنسَانَ مَا لَمْ يَعْلَمْ](العلق:1-5)، واته‌: (ئه‌ی محمد(د.خ)) بخوێنه‌ به‌ناوی ئه‌و په‌روه‌ردگاره‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌موو شتێكی دروست كردووه‌،ئاده‌میزادی له‌ چه‌ند خانه‌یه‌كی هه‌ڵواسراو (له‌ناو منداڵداندا) دروست كردووه‌، بخوێنه‌،له‌ كاتێكدا هه‌ر په‌روه‌ردگاری تۆ به‌خشنده‌یه‌، ئه‌و زاته‌یه‌ كه‌ به‌هۆی قه‌ڵه‌مه‌وه‌ زانستی و زانیاری فێركردووه‌، ئاده‌میزادی فێری ئه‌و شتانه‌ كردووه‌ كه‌ نه‌یزانیوون.

ئیتر ئه‌و زانسته‌ هه‌ر زانستێك بێت چونكه‌ به‌لای ئایینی پیرۆزی ئیسلامه‌وه‌ هه‌ر زانستێك كه‌ پێویست بێت بۆ مرۆڤایه‌تی ده‌بێت گرنگی پێبدرێت و ڕێزی لێبگیرێت و ڕێز له‌ زاناكانیشی بگیرێت چونكه‌ كاریگه‌ریی گه‌وره‌یان هه‌یه‌: [إِنَّمَا يَخْشَى اللَّهَ مِنْ عِبَادِهِ الْعُلَمَاءُ إِنَّ اللَّهَ عَزِيزٌ غَفُورٌ] (فاطر:28)، واته‌: له‌ناو به‌نده‌كانی خوادا هه‌ر ئه‌وان(زانایان) له‌ خوا ده‌ترسن(له‌ سه‌رده‌می عیلم و زانستیدا ئه‌م ڕاستیه‌ ڕوونه‌ چونكه‌ زانا و پسپۆڕان كاتێك ورده‌كاری به‌دیهێنراوان په‌ی پێده‌به‌ن، زۆر هه‌ست به‌ گه‌وره‌یی و ده‌سه‌ڵاتی خوا ده‌كه‌ن)، به‌ڕاستی ئه‌و خوایه‌ زۆر باڵاده‌سته‌ و ، زۆریش لێخۆشبووه‌(كاتێك ڕووی تێده‌كه‌ن و باوه‌ڕی پێده‌هێنن).

ڕۆڵی زانایانیش زۆر گه‌وره‌ و به‌رزه‌ لای ئایینی پیرۆزی ئیسلام وه‌ك له‌ ئایه‌ته‌كه‌ی پێشه‌وه‌ بینیمان،پێویسته‌ ڕێزی زۆریان لێبگیرێت، له‌ به‌رامبه‌ریشدا زانایان ده‌بێت باش ئه‌و ئایه‌ته‌ پیرۆزانه‌ی سه‌ره‌وه‌یان له‌یادبێت و حورمه‌تی ئه‌و زانسته‌ باش بگرن كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ گه‌وره‌بوون.

زانایانی ئایینی له‌ كوردستاندا ڕۆل و كاریگه‌ریی خۆیانیان هه‌بووه‌ به‌ درێژایی مێژوو، چونكه‌ زانابوون و ڕێزی زانسته‌كه‌شیان گرتووه‌، پێویسته‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای كوردی كه‌ ئه‌و ڕێزه‌ بهێڵێته‌وه‌ و ڕێگه‌ به‌ هیچ كه‌سێك نه‌دات له‌ ژێر هیچ ناو و نیشانێكدا بێڕێزیان پێبكات،چونكه‌ به‌ڕاستی زۆرێك له‌ هه‌ڵه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌یان ڕاست كرده‌وه‌ و ئێستاش كاریگه‌ریی ئیجابی گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاكه‌مان.

خۆ له‌ به‌رامبه‌ریشدا زانایانی ئایینی پێویسته‌ كه‌ ئه‌و مێژووه‌ پڕ له‌ سه‌روه‌رییه‌ی خۆیانیان له‌یادبێت و هه‌ڵه‌ گه‌لێك نه‌كه‌ن كه‌ له‌ ڕێگه‌ ڕاسته‌كه‌ی خۆیان لایانبدات و ئاگاداری ئه‌و ڕێزه‌بن كه‌ لێیان گیراوه‌ و لێیان ده‌گیرێت.

-قوتابی زانكۆ-