ئەوڕۆ دەركی یەكتر قبووڵ كردن بە قوڕێ گیراوە

سامڕەند
ئەمڕۆ ئینسانەكان لە ئاوەدانی دا تەحەممول ناكرێن. خەڵك بە لۆمە و لەقەمن، نێو و نیتكان لێك ھەڵدەدەن و عەیب و ئیرادان لێك دەبیننەوە. ژیان لە ژن و پیاو تاڵ بووە ھەڵبەت لە ھیندێكان زیاتر تاڵ بووە و بۆتە جەھەننەم.

یەكێك باسی سەردانی وڵاتی دە خۆمانی دەكرد و دەیگوت: ئەیرۆ ئەگەر دەچیەوە نازانی چ بكەی، سەرت لێ دەشێوێنن و لێت ناگەڕێن!!!
كوتم چۆن؟!
گوتی ئەگەر قەڵەو بی دەڵێن ئەوە بۆ وات لێ ھاتووە و لە فۆرم خاریج بووی. بۆ ڕێژیمی غیذایی ناگری و جا ئەوە كوا وەزعە؟ ئەگەر كزیش بی لە چەند لاوە دەقیژێنن ئەوە بۆ وات لێ ھاتووە ئەیڕۆ ئۆۆۆۆوەی .... ئەو مێردەی سیل و سەرەتانی پێ ھەڵێناوە، تەماشا چەند كز بووە.

دەیگوت: نازانی كز بی یان قەڵەو؟

جا ئەو جار دەیگوت، بە ھەموو كەسەوە ماندوون!!! ئەگەر دەوڵەمەند بی دەڵێن تەمەشا! ئەو سەگبابە بە قەد جوویەكی ھەیە. ئەگەر فەقیر بی، دەڵێن: سەرسواڵكەر، ئەوە لە برسان دەمرێ!!!

كوڕێك دەیگوت: نەمدەزانی موخالیفی ڕیژیم بم یان موافیق!!! دەیگوت لە كۆڕێك دا بووم ئەگەر ھەڵدەستام زیددی ڕێژیم قسەم دەكرد، دەیانگوت: وا نیە، ئەوە لە گەڵ خۆیانە، دە نا چۆن دەوێرێ ئاوا بە ئاشكرا قسان بكا!!! ئەگەریش قسەیەكم كردبا موخالەفەتی تێدا نەبایە دەیانگوت ئەوە جاشە!

كراس و لیباس جارێك لە بەر دەكرێن!!! عەیبە بۆ جاری دووەم ھەمان كراسی دە بەر كەی بۆ داوەتێ!!! ڕەنگە ئەگەر دوو جاران كراسێك دە بەر كەی پێت بڵێن ھەی سەر سواڵكەر!!! كراسیش وەك دە بەرت دا نەبێ وایە. بە قەولی " كەشكۆڵ": قەدیم حیكمەتی لیباس ئەوە بوو كە لەش داپۆشێ، ئێستا حیكمەتی لیباس ئەوەیە كە لەش وەدەرخا!!! قەدیم مەلا حسین عبداللەزادە بە قام دەیگوت: كراسێكی دەبەر دایە تەنكە وەك پەڕی مێشێ. ئێستا وەك پەڕی مێشێش نیە، ھەتا نەچیە نزیكی و دەستی لێ نەدەی ھەست پێ ناكەی كابرا شتێكی دە بەر دایە. بەو حاڵەش دەبێ ئەگەر نەبوو قەباڵەی خانووی دە گرێو نێی تا بە قەرز و قۆڵە كراسەكەی بكڕێ!!! كراسێك كە:
1 –فەقەت جارێك دەبەر دەكرێ
2 – دەبەری كەی و دە بەری نەكەی وەك یەك وایە چونكە لەو كراسە تەنكترە كە مەلا حسین پێی ھەڵدەگوت و بە چاو نابیندرێ
3 – بەو حاڵە ( كە وەك بەرنامەی كەشكۆڵ گوتی حیكمەتەكەی ئەوەیە لەش دەرخا) كز بی ھەر عەیبە، قەڵەو بی ھەر عەیبە!!!
4 – مێردی زەحمەتكێش بۆ ئەوەی لە مونافەسەی چاولێكەری دا وە دوا نەكەوێ، دەبێ قەباڵەی خانووی لە گرێو نێ بۆ بە قەرز ھێنانی ئەو پەڕی مێشەی
5- سەر باقی ھەموو ئەو كەتنانە، دەڵێن ئەوە لیباسی عەشایرە و تەمایولی ئەوە دروست دەكەن كە بە كوللی جلی كوردی فڕێ دەن
6 – لیباسی بووك كە عەسڵی كوردایەتییەكە دەبێ لەوی دا دەركەوێ بە جارێكی بوو بە لاسایی كردنەوەی جلی بووكی ھەندەران،

جا كە لەو قاڵم و باسانە بووینەوە، بۆمبارانی ڕەوانی و نەفسیی ژن یان پیاوی بێچارە لە ھەموو لاوەە دەست پێ دەكا: ئەیڕۆ ۆۆۆۆۆ ..... ئەتۆ و ئەوەیان گوتووە؟!!

كچێك مێردی كردبوو. مێردەكەی لە شارێكی دوورەوە بەڕێوە بوو كە بە ماشێن بگاتە ماڵە بووكێ بۆ مارەكردن و مەڕاسیمی دیكە. قەزای ڕەببانی، زاوا چەند ڕۆژێك درەنگ گەیشتە جێ. خوشكی چكۆلە چووبوو دە بن خوشكی گەورەوە و تەحریكی دەكرد: جا ئەوە چۆن وا دەبێ؟ من بم لێی قبوڵ ناكەم، ..... خوشكی گەورەش كە بە مێرد دەدرا خۆی ھیچ گلەییەكی نەبوو لەوە كە زاوا یەك دوو ڕۆژ وە درەنگی كەوتبوو.

ساڵ و زەمانان
ساڵ و زەمانان دنیا وا نەبوو. لە ئاوەدانی دا قەڵەو یان كز ھیندەی لۆمە و لەقەم بە دوواوە نەبوو. كۆمەڵ تەحەممولی دیتنی قەڵافەتی جۆراوجۆری ھەبوو. ژنان و پیاوان بە كەیفی خۆیان نانیان دەخوارد. قەڵەو بوون دەغدەغەی خەڵك نەبوو. بەعەكسەوە ئەوەی قەڵەو بایە، پەسند بوو. مەسەلەن دەیگوت: دم و چاوی دەڵێی كەشەفە، ھیندە جوانە. یان دەیانگوت دەڵێی مەڕی غەیلانیە. یان دەڵێی شەكی شاروێرانییە. ئێستا دەبێ چاو لە سەتەلایت كەن بزانن چ مۆدیلێك دادەدا و فڵان دوكتور كام پودریان بۆ دەنووسێ كە دە ئاوێی كەن و بیخۆنەوە بۆ ئەوەی ئیشتیایان بگیرێ و نانی نەخۆن و بە پێی بەرنامە كز بن. بۆیان موھیم نیە میعدە خاڵییە و سەر دە گێژەوە دێ. موھیم كەمەرباریك بوونە!!! كۆمەڵ تەحەممولی نەماوە كە قەڵافەتی جوراوجۆر ببینێ.

باوكێك دەیگوت ئەوە كوڕی من نیە!!!. گوتم بۆ؟! گوتی كچم بۆ دۆزیوەتەوە دەو دەرگایەوە نایە، دەڵێ نامەوێ. قەدیم چ كز بایە و چ قەڵەو لە ئاوەدانی دا ڕێی ھەبوو. ئێستا ساتەلایت بۆمان دیاری دەكا كێ پەسندە و مەقبووڵە و كێ مەحكووم بە ریازەتكێشان و نان نەخواردنە!!!

و بەڵام بۆ ئەو كەسەی كە كوتی كز بی ھەر لۆمەت دەكەن، قەڵەو بی ھەر عەیبت لێ دەگرن، پێم گوت كەوابوو دەبێ خەڵكەكەمان ببنە گیسكی ھەیاس! گوتی نازانم گیسكی ھەیاس چیە:
گوتم:
دەگێڕنەوە سوڵتان محمود گیسكێكی بە ھەیاس ی ئەسپارد و گوتی ئەو گیسكە لە لات بێ و بە خێوی كە. ئەو دەمەی دێمەوە ئەگەر كز بووبێ ھەر ئیعدامت دەكەم، ئەگەر قەڵەویش بووبی ھەر ئیعدامت دەكەم. دەبێ لەو میزانەی بمێنێ كە تەحویلتی دەدەم.

ھەیاس ی خاس كە لە وەزیرانی سوڵتان محمود بوو لە تاوان فكری لە میتۆدێك كردەوە كە بە " گیسكی ھەیاس" مەشھوورە. ئەو پیاوە ئاقڵە گورگێكی ھێنا و لای خۆی ڕایگرت. ھەموو ڕۆژێ تفاق و لەوەڕی دەبەر گیسكەكەی دەكرد ھەتا قەڵەو بێ. لای ئێوارێ گورگەكەی نیشان دەدا، گیسكی بەستەزمان كز دەبۆوە. ھەیاس لەو ریتمەی گیسكەكەی بۆ سوڵتان محمود ڕاگرت، ھەتا لە سەفەر ھاتەوە و تەحویلی داوە.