خوداﷻدەفەرمووێت:﴿وَإِذَا قُلْتُمْ فَاعْدِلُوا وَلَوْ كَانَ ذَا قُرْبَى وَبِعَهْدِ اللَّهِ أَوْفُوا ذَلِكُمْ وَصَّاكُمْ بِهِ لَعَلَّكُمْ تَذَكَّرُونَ﴾ سورة الأنعام الآیة:152.. واتە: لە گوتارو شایەتیدا دادپەروەر بن تەنانەت گەر ئەو کەسەی شایەتیی بۆ دەدەن وەیا شایەتی لەسەر ئەدەن خزم و کەستان بێت، خزمایەتی دروست نیە لە هەق لاتان بدات، دەبێت ڕاستییەکان وەک خۆیان بخەنەڕوو، پەیمانی خودا جێبەجێ بکەن، جا پەیمانێک بێت لە ئایین وەرگیرابێت، یاخود پەیمانێک بێت هۆش و ژیری ئادەمیزاد خۆی بڕیاری لەسەر دەدات و پەسەندی دەکات، وەک پەیمان بەستنێک بێت لەگەڵ ئادەمیزادێکی تردا لەسەر شتێک، ئەوانە فەرمان و ئامۆژگاری خودان خرایە بەر چاو بەشکو تێئەفکرن و پەیڕەوی ئەکەن -کتێبی(تەفسیری گوڵشەن:1/670).. ئەو ئایەتە بناغەی بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوومان بۆ دەخاتەڕوو، گرنگە مەبدەئی دادپەروەری دروشمی هەموو باوەردارێک بێت بەتایبەت لەکاتی قسەکردنیدا ئەگەر بخوازێت هەڵویست و ڕای خۆی دەرببرێت سەبارەت بەهەر بابەتێک ، پێویستەو ئەرکە لەسەری ڕاستگۆ بێت و بەڕاشکاوانە شایەتی و حوکمی خۆی بدات، جا ئەگەر پەیوەندی بە کەسە نزیکەکانیشیەوە بێت وەک باوک و دایک و براو خوشک و هاوڕێی، چونکە ئامانج لەم ڕێنماییەی خودا بەجێگەیاندنی دادپەروەرییە لە کۆمەڵگە بەوەش مافی خەڵکی مسۆگەرو پارێزراو. کەوابوو: هەر کاتێک دادپەروەری و دڵسۆزی بووە سیستمی وڵات، ئەوساکۆمەڵگەش لەسەر بناغەیەکی بەهێزی متمانەپێکراوو ئاسایشێکی توندوتۆڵ گەشە دەکات و دەبێتە مایەی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنیان لە هەموو بوارەکاندا. بێگومان دادپەروەری ڕۆڵی دوو جەمسەری و یەکلاکەرەوەی هەیە لە گەیشتن بە ئامانجەکانی شەریعەت. یەکەم: ڕۆڵی بەدیهێنان و بنیاتنان، بەو مانایەی دادپەروەری بەشدارە لە بنیاتنانەوە و بەهێزکردنی هەموو ئەو شتانەی ئەرێنی و خواستراون لە کۆمەڵگادا. پاراستنی بەرژەوەندییە ناچارییەکان: دادپەروەری دڵنیایی دەدات لە بوونی ئەو پێنج ئامانجەی شەریعەت وهەوڵی پاراستنیان دەدات: ئایین، ژیان، عەقڵ، ڕەچەڵەکی و سامان. بۆ نموونە: هەرکاتێک لە کۆمەڵگەدا دادپەروەری جێبەجێکرا، ئەوسا خەڵکی دەتوانن ڕێوڕەسم و بۆنە ئایینییەکانی خۆیان بە سەلامەتی بەڕێوەبەرن و ژیان و سەروەت و سامانیان پارێزراو دەبێت، هەروەها ڕێز لە عەقڵیان دەگیرێت و ڕەچەڵەک شەرەف و نامووسیان نارووشێت و پارێزراو دەبێت. بیرمان نەچێت دادپەروەری بناغەی بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروستە، لە بەدیهێنانی هاوسەنگی لە نێوان ماف و ئەرکەکان، بە جۆرێک هەموو کەسێک دەگاتە مافەکانی خۆی، بێئەوەی بێبەش و ستەم لێکراو بێت، ئەوەش خوڵقێنەری کەش و ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیرە بۆ کۆمەڵگە لەسەر بنەمای دروستبوونی ڕۆحی متمانە لە نێوان تاکەکان و هاوکاری یەکترکردن. کەوابوو: دادپەروەری(عەدالەت) بەرژەوەندییەکان دەپارێزێت و مافەکان دەسەپێنێت و ئارامی و سازان لە نێو کۆمەڵگە دێنێتەکایەوە. دووەم: ڕۆڵی خۆپاراستن لە ستەم و لابردنی، بەو مانایەی دادپەروەری(عەدالەت) کاردەکات بۆ ڕێگریکردن لەستەم و نەهێشتنی هەرشتێک زیان بە کۆمەڵگە بگەیەنێت. بۆ نموونە: دادپەروەری ڕێگری دەکات لە بڵاوبوونەوەی تاوان وستەمکاری و خراپەکاری، بەو واتایەی جڵەوگیری چاوچنۆک و گەندەڵکارانە لە زیانگەیاندن بە کۆمەڵگەو تاکەکانی، هەروەها مافی بەشخوراوی ئەم و ئەو دەگەرێنێتەوە بۆ خاوەنەکانیان. کەواتە: دادپەروەری(عەدالەت) هەرچی ئاستەنگ هەن لە ڕێی گەیشتن بە ئامانجەکانی شەریعەت لایان دەبات، هەروەها ڕێگرە لە پەڕەسەندنی ناعەدالەتی لە نێو کۆمەڵگە، بەوەش زیانگەیاندن بەکۆمەڵگەو تاکەکانی کەمتر دەبێتەوەو ستەم و خراپەو قۆرخکاری و گەندەڵی سنووردار دەکرێن نامێنن. لەو سۆنگەیەوە، داپەروەری (عەدالەت) لە لایەکەوە خێرو خۆشی و ئاسوودەیی فەراهەم دێنێت، وە لە لایەکی ترەوە خراپە و ستەم و گەندەڵی دوور دەخاتەوە، ئەمەش وایکردووە دادپەروەری ببێتە بنەمای سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی شەریعەت لە هەموو بوارەکاندا. لە کتێبی( ژیان بە ڕێنمایی قورئان) وەرگیراوە دکتۆر سیروان ئەحمەد کەرکوکی |