جەعفەر گوانی* یەکێك لە سیما جوانەکانی قورئانی پیرۆز بەستنەوەی دوعاو پاڕانەوەیە بە هەستی مرۆڤبوون لە ناخی تاکی باوەڕدار، واتە دوعاکردنو پاڕانەوە بۆ ئامانجێکی خۆپەرستیو خوودی نییە بە تەنیا، بەڵکو پێکەوە بەستنەوەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە بە گشتی. مرۆڤی باوەڕدار دەزانێت خوای گەورە بە جوانترینو ڕێکترینو تۆکمەترین شێوە دونیای ئافراندووە، دەفەرمووێت: ﴿وَخَلَقَ كُلَّ شَيۡءٖ فَقَدَّرَهُۥ تَقۡدِيرٗا﴾ [الفرقان: 2]، لە هەمان کاتدا سیستەمی دونیای بە هۆکار بەستۆتەوە، بۆیە هەر گەلو نەتەوەیەك خوازیاری پێشڤەچوون بێت دەبێ مامەڵەی تەندروست لەگەڵ سیستەمەکە بکات، بەمەش دەتوانێ گەورەترین پێشکەوتن وەدەستبهێنێت، لە هەمان کاتدا تووشی داڕمانو لەناوچوون نابێت. کەواتە لە کوێی ئەو گەردوونە سیستماتیکە جێگای دوعاکردن دەبێتەوە، واتە ئەگەر دۆخەکە وەکو سیستەم بڕاوەتەوە، چ حیکمەتێك لە دوعاکاندا هەیە. ئەمانەی خوارەوە سێ لە حیکمەتەکانی دوعاو پاڕانەوەن. یەکەم: مرۆڤی باوەڕدار تەنیا لە سنووری هۆکارەکان ناوەستێت، بەڵکو تەماشای هێزی پشت هۆکارەکان دەکات، گفتوگۆ لەگەڵ دیزاینەری سیستەمەکە دەکات، بۆ ئەمەش وێڕای گرتنەبەری هەموو ڕێکارە ئامرازییەکان، هەمیشە باوەڕ بەخۆو پشوودرێژو پڕ ئومێدە، هیچ سەختی ژیان چۆکی پێ نادات، خوای گەورە لە کاتێکدا خاوەنو هەڵسوڕێنەری سیستەمەکەیە هیچ شتێك بەلایەوە مەحاڵ نییە. دووەم: هۆشداریدانە بۆ ئەوانەی ناتەندروست مامەڵە لەگەڵ سیستەمەکە دەکەن، لەبری بنیاتنانو خزمەتو برایەتیو هاریکاری، بە وێرانکاریو تێکدانو شێواندن سەرقاڵن، بەمەش دەرەنجامێکی خراپ بۆ خۆیانو تەواوی مرۆڤایەتی دێننەوە، کە هەموو سەختیو ناخۆشیو ئازارەکانی ژیان دەرەنجامی ئەو مامەڵە خۆپەرستەیە. بۆیە کاتێك تاکێکی پاکو موخلیس دەپاڕێتەوەو بە قوڕگی پڕ گریانەوە دەڵێت: (خودایە منداڵەکانمان لە قومارو داوێنپیسیو تلیاکو هاوڕێی خراپ بپارێزە، ئاشتیو برایەتیمان لەناودا قوڵبکەوە، تووشی رۆزی حەراممان مەکە، کۆتایی بە گەندەڵی بێت، تووشی مادەی ئیکسپایەرو خراپمان مەکە،....)، ئەمە وێڕای پاڕانەوە، هۆشداریشە بۆئەوانەی لەپێناوی خۆپەرستیانەوە پەرە بە قومارو داوێنپیسیو تلیاكو هاوڕێی خراپ دەدەن، لە جێگەی ئاشتی، ئاشووبو شەڕ دەنێنەوە، باکیان بە ماڵی حەرام نییە، کارە حکومیو ئەهلییەکانیان بە گەندەڵییەوە دەکەن، مادەی ئیکسپایەر بەناو خەڵکی بڵاودەکەنەوە... ئاهی ئەو لێقەواماوەی خەریکی پێیان دەڵێ: کاتێك ئێوەی پێچەوانەی سیستەمی ئاوەدانی دوجووڵێنەوە دەبنە مایەی نەهامەتیو نەگبەتی بۆ خەڵکی تر. بەمەش ترپەیەك لە بناگوێیان دەداتو بەخۆدادەچنەوە. سێیەم: لە هەندێك دۆخیشدا پاڕانەوەکە هەستی هاوبەشی خەمو ئازارە، بۆ نموونە هەندێك دۆخ هەیە سەد دەر سەد دەزانین بابەتەکە کۆتاییە، بۆ نموونە کەسێك هیچ ئومێدی منداڵبوونی نییە، وەك دوعای منداڵبوون بۆ ژنێك منداڵدانی نەماوە، یان دوعای شیفا بە نەخۆشێك دواساتەکانی ژیانیەتیو هیچ ئومێدی نەماوە، یان بە پێی زانست باران نابارێت، ئەمانەو چەندین بابەتی تر، ئا لێرەدا، بابای باوەڕدار کاتێك دڵو هەنسکی بەر لە زمانی دەست بە پاڕانەوە دەکات، وێڕای بروای تەواوی بە دەسەڵاتو قودرەتی خودای خاوەنی هۆکارەکان، لە هەمان کاتدا دەربڕینی هەستی هاوبەشیکردنە، بۆ نموونە کەسێك، کە هیچ پێویستی بە باران نییەو کاروباری ژیانی ئەو لە بازرگانییەکی وشکەوەیە، کاتێك دەستی بەرزدەکاتەوە، ئەوە زمانی حاڵ دەڵێت لەو ژیانەدا من تەنیا بۆ خۆم ناژیم، کاتێك چاوم لە پشکەبارانی ئاسمانە، ئەوە دڵم بۆ جوتیارێك، ئاژەڵدارێك لێدەدات، دڵم لەگەڵ ئەو باڵندەو گیاندارانەیە، کە خەریکە لەبەر بێبارانی دەمرن. یان کاتێك دوعا بۆ خەڵکی ستەمدیدەو مەزڵوم دەکەن، بەشداریکردنە لەو خەمەو هاوبەشی ئازارەکانە. ئەمە هەمان شتە بۆ هەموو جۆرە دوعاو پاڕانەوەکانی تریش. بۆیە مرۆڤو باوەڕدار بەبێ هەستی هاوبەشی مرۆڤایەتی هیچ بەهاو سنەگو نرخێکی نییە. *مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان – ز. سەڵاحەدین |