لافاوە ئازار بەخشەکەی چەمچەماڵ هەموومانی تاساند، دیمەنەکان یەک لە یەك خەمهێنتر بوون، بەڵام چۆن مامەڵەی دروستی لەگەڵ بکەین؟. دابڕان لە هەڵوێستی قاڵبکراو هەرکە رووداوەکانی لەو جۆرە دێنە پێشەوە سێ هەڵوێستی حازرو قاڵبدراو حازرن، یەکەمیان دەیەوێ شتەکە بکاتە پرسێکی زانستیو هەموو پەیوەندیو هێڵەکانی لەگەڵ خوداناسیو هێزی مرۆڤو گەڕانەوە دادەبرێنێت. دووەمیان یەکسەر بابەتەکە دەکاتەوە تەواو ئایینیو باسو خواسی هاتنی ڕۆژی قیامەت، بەڵگەشیان فەرموودەیەکی پێغەمبەرە دروودی خوای لەسەر بێت (دواتر باسی فەرموودەکە دەکەین). سێیەمیان ئەوانەن کە خۆیان بۆ هەموو پرسێك مەڵاس داوە تا شەڕی ئایدۆلۆژی پێبکەن، ئەوانە بەرگی جۆراوجۆیان پۆشیوە (مرۆڤدۆست، دیندار، نوێخواز، نەتەوەپەرست...)، هەموو لێکدانەوەکانیان بەتاڵکردنەوەی ناخیانە، هەر زۆر ئاسان هەڤدژی لە هەڵوێستەکانیان دەبینی، پشتیوانی پرسێکی نەتەوەییو دژایەتی پرسێکی دیکە، هاندان بۆ پرسێکی دینیو دژی پرسێکی دیکە، لێرە مرۆڤدۆستو لەولای دژی مرۆڤدۆستین، نموونەکان لەسەر ئەوە یەکجار زۆرن... ئەوانەش پێش ئەوەی قسە بکەن کەسی شارەزا سەری زمانو بنی زمانیان دەزانێت، کە خەمی سەرەکیان ئایدۆلۆژیاکەیانەو هیچی تر نا. تۆ لە کوێی ڕووداوەکانی؟ بۆ ئەوەی نەکەوینە ناو داوی سێ گرووپە لە قاڵبدراوەکە (کە دەربازبوونی زەحمەتە)، پێویستە ڕاستەوخۆ لە خۆتە دەستپێبکەی، واتە ئاوڕ لەو لێکدانەوانە مەدەوە، بۆئەوەی کارو هەڵوێستەکەت لەوێ نەخنکێ، بەڵکو ڕاستەوخۆ تەماشای خۆت بکە داخۆ لە کوێی ئەم ڕووداوەی، ئەگەر ئێستا جەرگت بۆ لێقەوماوان دەسووتێ، بە زمانو دەستو ماڵت خەڵکی هان دەدەی، هەستی برایانەو مرۆڤانەت گڕ دەگرێت، کەواتە هەڵوێستەکەت مرۆڤانەو باوەڕدارانەو نیشتیمانپەروەرانەیە. خۆ ئەگەر خەریکی تانەو تەشەر بووی، شەڕی ئێرەو ئەوێت دەکرد، خۆت جوانو ئەوی دیکەت ناشیرین دەکرد، کەواتە ئامانجت خەڵکەکە نییەو بەڵکو لێرەش هەر خۆت مەبەستە. ئیبن عەتائوڵای سەکەندەری لە حیکمەتێکیدا دەڵێت: (إذا أردتَ أن تعرِف عند الله مقامَك، فانظر فيما أقامَك)، واتە: (ئەگەر دەتەوێت پێگەکەت لەلای خوا بزانی، تەماشای دۆخی خۆت بکە)، کەواتە خۆت بڕیار لەسەر پێگەی خۆت دەدەی لەوەی مرۆڤانەو باوەڕدارانەو کوردانە دەژیت، یان هەڵوەدای هەڵپەی خۆپەرستیو شەڕی تەسکو عەوداڵی کەلاکی ئایدۆلۆژیای. چاوێك بە کەموکوڕیەکان دابخشێنە هەر گەلو نەتەوەیەك، بەڵکو هەر تاکێك، ئەگەر لەگەڵ ڕووەکان بەخۆداچوونەوە نەکات، هەر لەناو زەڵکاوی دواکەوتوویی دەمێنێتەوە، چونکە پێویستە لەگەڵ دەرکەوتنی هەر گەندەڵیو ناخۆشیو خراپەیەك یەکسەر تەماشای جێدەستی مرۆڤ بکەین، ئایا مرۆڤەکان لە کوێدا هەڵەیان کردووە، بۆچی دۆخەکە بەم ڕۆژگارە گەیشت، بەمەش هەڵەکە دووبارە نابێتەوەو کەموکوڕییەکە چاك دەکرێت، خوای گەورە دەفەرمووێت: (ظَهَرَ ٱلۡفَسَادُ فِي ٱلۡبَرِّ وَٱلۡبَحۡرِ بِمَا كَسَبَتۡ أَيۡدِي ٱلنَّاسِ لِيُذِيقَهُم بَعۡضَ ٱلَّذِي عَمِلُواْ لَعَلَّهُمۡ يَرۡجِعُونَ) [الروم: 41] واتە: "گەندەکاری ئەم مەردمە - لە بەژ و دەریا - خۆی نوواند. دەبا سزای هێندێک لە ئاکارەکانیان پێ بچێژێ؛ شایەتا بگەڕێنەوە". لێرەدا ئایەتەکە یەکەم هەنگاو تێمان دەگەیەنێت وریابین ئەو فەسادو خراپەکارییە بەرهەمی ئەم مەردمو مرۆڤە خۆیەتی، دەبێ بەلانی کەم بەشێکی سزای دەرەنجامەکەی بچێژێت بۆئەوەی واز لەو کارە بێنێتو دەست لە گەندەکاریو وێرانکردنی ئەو زەمینە بگرێتەوە. بەبێ ئەوە هەموو هەنگاوەکانی تر شکست دەهێنن. ئەمەش مانای وایە دەبێ مرۆڤەکان لە هەموو هەنگاوەکانیان بەخۆدابچنەوە لەو سەرپێچیو کارانەی ئەنجامیان داون. گەڕان بە دوای ڕێگاچارەی بنەڕەتی مرۆڤە هۆشیارو پێشکەوتنخوازەکان بەرامبەر رووداوەکان دەستەوەستان ناوەستن، هەوڵدەدەن لە کارەساتەکان - هەرچەندە سەختو دژوار بن- چارەسەرێك ببیننەوە ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی بگرن، یان هیچ نەبێ زیانەکانی کەمتر بن، هەربۆیە دەبینین لە فەرموودەیەکدا پێغەمبەرمان دروودی خوای لەسەر بێت باس لە ڕووداوەکانی پێش هاتنی قیامەت دەکات، کە بریتین لە (نەمانو کەمبوونەوەی زانست، زۆربوونی بوومەلەرزە، کورتبوونەوەی کات، دەرکەوتنە فیتنەکان، زۆربوونی قەتلو کوشتن، زۆربوونی ماڵو سامان)، لێرەدا هەموو رووداوەکان بەدوای نەمانو کەمبوونەوەی زانستەوە هاتوون، بۆیە دەکرێ وەکو دەرەنجامی بێ زانستی دابنێین، ئەمەش هۆشداریدانە تا لە ئاست زانست هۆشیارو بێدارو بەئاگابین، بۆئەوەی ڕێ لەو کارانە بگرین پێویستە پەنا بۆ زانست ببەین. مێژووى کۆنو نوێی مرۆڤایەتیش سەلماندوویەتی، زانست دەکرێ ئازارەکان دەکاتەوە تا بنبڕو کۆتایی پێ دەهێنێت، دەیان نەخۆشی وەکو تاعون، سیل، ڕیخەکۆڵە، ... کە پێشتر هیچ چارەسەریان نەبوو دوورو نزیك چارەسەریان بۆ دۆزرایەوە، هەروەسا زانست توانی پێشبینی لافاوو بومەلەرزەو بارانو تەزرەو رووداوی تر بکات، بەمەش مرۆڤەکان ئامادەسازی پێشوەختەیان بۆ کردن، هەروەها هەڵستا بە دروستکردنی بەنداوو گۆم تا ڕێ لە ڕژانی ئاو بگرن، دواجار کارەساتەکان زۆر کەمبوونەوە، لە هەندێك شوێنیش هەر نەمان. وڵاتێکی وەکو یابان کە هەڵکەوتەی جوگرافیای هەموو دەمێك ئامادەی بوومەلەرزەیە، لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، ساڵی (1950) ڕێکاری تووندی یاسایی گرتەبەر بۆ خانوو دروستکردن، ئینجا بەردەوام ساڵانە یاساکەیان هەموواردەکردەوە دۆخەکەیان توندتر دەکرد، تا دواجار ڕێژەی مردنو زیانە مادییەکانیش زۆر کەمتر بوونەوە، بە جۆرێك هیچ ڕێژەیەك نەما بەراورد لەنێوانیان بکا، پێشتر ئەگەر (140) هەزار کەس دەبوونە قوربانی، دواجار بە کوژراوو بریندارەوە لە چەند سەدێك تێنەپەڕین. کەواتە یەکێك لە ڕێگا هەرە باشەکان پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی زانایان زیاتر بگرێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەی پێویست بۆ هەموو کارەساتەکان، بەتایبەتی، خۆشبەختانە ئەو ساڵ بەرهەمەکان دیت، کاتێك دروستکردنی ئەو هەموو بەنداوو گۆمانە بووە مایەی ئاوی زیاد نەڕژێتە ناو هەولێر، کە قوربانی مادیو مەعنەویو هەندێكجار گیانی بەدوادەهات، بەپێچەوانەوە هەم ئاوەکە گلدرایەوەو ژێر زەویمان ئاوەدان دەکاتو دیمەنی دڵڕفێنیش دروست دەکات بۆ چاوڕوونیو دڵخۆشبوون. لە هەمان کاتدا دەبێ خەڵکیش هاوکار بێت بەتایبەتی دەست بۆ سەرپێچی نەبات، لەکاتی بوونیشیاندا، نابێ چاوپۆشیان لێ بکرێت، چونکە دواجار دیتمان چ کارەسات دەنێنەوە. ڕۆشنبیرانیش لەبری سەنگەرلێکگرتن هانی هاوڵاتیان بدەن بۆ هاوکاریو ڕێگاچارەی واقیعیش پێشکەش بکەن. *مامۆستای کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان. ز. سەڵاحەدین. 12/12/2025 |