زانايانى ئايينى چەمچەماڵ بناسە مامۆستای شاعير و شەهيد مەلا تەيفور چەمچەماڵى (١٩٢٧-١٩٩٣) ناوی مەلا تەیفور فەتاحە لەساڵی ١٩٢٧ لەگوندی (زەنگنە)ی سەر بەناحيەی (قەرەحەسەن)ى سەر بە پارێزگای کەرکوک لەئامێزی بنەماڵەیەکی ئایینی و کوردپەروەر هاتۆتە دنیاوە. سەرەتای خوێندنی لەحوجرەی مزگەوتی گوندەکەیان لەلای (مەلا حەسەن) ناوێک دەست پێکردووە. دواتر بۆ خوێندنی زانستە شەرعييەكان ڕووى كردۆتە شارى کەرکوک و لاى (مامۆستا مەلا عەبدولمەجيدى قوتب) لەمزگەوتى (گڵچییەکان) و ماوەی (٥) ساڵ لەخزمەتیدا ماوەتەوە و, لەو ماوەیەدا نەحو و صەرف و گوڵستانى سەعدى شيرازى خوێندووە. دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن چۆتە خزمەتى (مامۆستا مەلا عەبدوڵڵاى لەك) لەگوندى (چيمەنى خوارو ) و ، ماوەى (2) ساڵيش لەخزمەتى ئەو زاتەش ماوەتەوە. پاشان ديسان بۆ درێژەدان بەخوێندن و تەواوکردنی زانستە ئیسلامییەکان, ڕووى كردوتەوە شارى كەركوك ئەمجارەیان لەمزگەوتى (ئيمام قاسم) لەلاى (ماموستا مەلا عومەرى گوومەتى) خوێندويەتى و هەر لەسەر دەستی ئەو مامۆستا بەڕێزە ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە, ئینجا چۆتەوە گوندەکەی خۆیان گوندی (زەنگنە) و بۆتە مەلای گوندەکەیان. لەسالی ١٩٥٦ بۆتە فەرمانبەر لە فەرمانگەی (مەعاريف) پەروەردەى پارێزگای کەرکوک هەتا ساڵی ١٩٦١ بەردەوام دەبێ لەسەر کارەکەی و، بەهۆی تیکجوونی بارودۆخی ناوچەکەوە وازی لە فەرمانبەری هێناوە . دواتر ڕوودەکاتە گوندی (مۆفەر)ی نزیک بە شارۆچکەى چەمچەمال، بەهۆى ئەوەى 3 براى پيشمەرگە بووە لەشۆرشى ئەيلولدا و خۆيشى لايەنگرى پێشمەرگە و شۆڕش بووە, بۆیە ڕژێم دووجار ماڵەكەى دەسوتێنن جارى يەكەم لەساڵى 1963 و جارى دووەميش لەساڵى 1965. مامۆستای شەهید يەكێكە لەدامەزرێنەرانى يەكێتى زانايانى ئايينى ئيسلامیى كوردستان و، لەڕۆژى 1970/9/21 بەشدارى يەكەم كۆنگرەى دامەزراندنى ئەو رێكخراوەدا کردووە و، دواتر كراوەتە قازى مەحكەمەى شەرعى شۆڕشى كوردستان لەسنوورى قەزای چەمچەماڵ دا. لەدواى راپەرينيش بەشدارى لەكۆنگرەى ساڵى 1992ى ئەو ڕێكخراوەدا کردووە و بە ئەندامى مەكتەبى تەنفيزى هەڵبژێردراوە. مامۆستا زانایەکی بەتوانا و شاعيرێكى هەست ناسك و مەلايەكى كوردپەروەر بووە، بۆ نموونە لەدواى بەيانى رۆژى 11ى ئازارى 1970 بەنوێنەرايەتى يەكێتى زانايانی ئایینی، سەردانى مەلا مستەفاى بارزانيان كردووە و ، بەم بۆنەوە شيعرێكى خوێندۆتەوە بۆ بارزانى. كەدەڵێ: گیانێ نەسووتێ چەشنی پەروانە نەبێتە چرای ئەم کوردستانە دەبا داڕزێ کاکە ئەو گیانە کەی گیانی کوردە و کەی کورد زوبانە؟! مە خابن هەوری ڕەشی چڵکنی شەڕی کوردکوژی و ناوخۆ گیانی مامۆستای زانا و شاعيريشى گرتەوە و، لەڕۆژی هەیینی ٥-٢ -١٩٩٣ لەپاش خوێندنەوەى وتار و ئەنجامدانی نوێژی هەیینی، لەبەردەم مزگەوتەکەی (مجمع فەلاحى) چەند چەكدارێك دەستڕێژى گوللەى لێ دەكەن و تيرۆرى دەكەن و دەستبەجێ شەهيد دەبێت. هەزاران دروود و ڕەحمەت لەگيانى پاكى مامۆستاى شەهيد و سەرجەم شەهيدانى ڕێی ئازادی و ڕزگاری كوردستان. د.بەهادین ملا ئەحمەد شێخەزەرد |