سەد ساڵ ساڵ زیاترە بیرمەند و شاعیر و دڵسۆزانی کورد بە شیعر و گووتار وخەباتی دیبلۆماسی و جەنگ و خوێن بەخشین بەدەم داخ وحەسرەتەوە سەر دەنێنەوە لە داخی داگیرکەر و ساختەچیە فێڵبازەکان کە هەمیشە بەناوی هاودینی و خوداوە کوردی سادە و دڵساف فریو دەدەن و هەموو شتێک بۆ خۆیان بە حەڵاڵ ڕەوادەبینن و بۆ کوردیش بەدەستهێنانی هەموو مافێک بە خیلافی دین دەزانن ! بۆ ئەم مەبەستە هەمیشە لێزانانە دژایەتی نێوان ئاین داری و هەستی نیشتمان پەروەریان لای تاکی کورد بەگژیەکتردا داوە و سەرەنجام ناکۆکی و ئاژاوە و کێشمەکێشیان دروستکردووە و هەمیشە بەرهەمەکەشی زیاتر ژێر دەستەیی و خاوەنی حاڵ و ماڵی خۆ نەبوون و پارچە پارچەیی و بێ دەوڵەتی بووە بۆ کورد. بەدرێژایی مێژووی نوێ بەم بیرکردنەوەیە کورد دەچەوسێنرێتەوە و لەسەر خاکی خۆی دەربەدەر و ئاوارە دەکرێت و قڕ و قەتڵ و عام دەکرێت و هەمیشە قوربانیە بۆ دەڵەت و حوکمڕانی عەرەبی عێراق و تورکی تورکیا و فارسی ئێران و عەرەبێکی دیکەی سوریا ! ئێستا لەدوای پیلانی شەڕانگێزی عەرەبچێتی دەسەڵاتدارانی سوریا لە دژی کورد دیسانەوە بەناوی دینداری و بێ دینیەوە ! حەرامێتی و دروستنەبونی بەرگریەوە ! گوتارێک هەیە ڕەوایەتی دەدات بە پێخۆشبون بە کوشتاری کورد و شەڕ و شۆڕ و وێران کردنی ماڵ و حاڵەکەیی و سەرکەوتنی ئەوان و بەزین و سەرشۆڕبونی کورد . ئەسڵ ئەوەیە کورد شانازی بە کوردایەتی و سەرکەوتنی کوردەوە بکات لە جیهاندا و بەتایبەت لە بەرگریکردن لە خاکەکەی خۆیی و بە دەستهێنانی مافە ڕەواکانی کە دەبێت کورد بە هەموو چین و توێژەکانیەوە پشتگیری لە یەکتری بکەن نەک هەر ستەملێکراو بگرە ئەگەر ستەمکاریش بێت ! واتە ئەگەر کوردێک لە جێگەیەک ستەمکار بوو "کە هەرگیز واشنەبووە" دەبێت هاوکاریبکەین خۆبەخۆ و لەناوخۆماندا بیری بخەینەوە کە ستەم نەکات نەک هاوکاری هێزی بێگانە لە سەری و دڵخۆشبین بە تێکشکانی کورد بە بیانوی ئەوەی بۆچی بەرگری دەکەن یان بۆچی ئەندامێکی ئەو گروپە کوردیە تاوانبار یان گوناهبارە ، کە ئەم بیرکردنەوەش هەڵەیە هەتا ئەگەر کافر و بێدینیش بێت ، چونکە ئەگەر کافرێکی نا کوردیش هاوکاری کرد و دانی بە ماف و دۆزی ڕەوای گەلی کوردا نا و لە سەنگەری گەلی کوردی زۆرینە موسڵماندا بەرگری کرد پێویستە دەستخۆشی لێبکەین و نزای سەرکەوتنی بۆ بکەین چجای کوردێکی موسڵمان بێت و ڕوو بە ڕووی داگیرکەری دڵ پڕ لەقین و خوێن خۆر بێتەوە . لە ئاینی ئیسلامدا مافەکان پلە و ئاستیان جیاوازە، بۆ نمونە : - ئەگەر خزم یان هاو خوێن و نەتەوەت بوو مافی لەسەرت هەیە . - ئەگەر دراوسێت (هاونیشتمانیت) بوو مافێکی دیکەی هەیە . - ئەگەر هاودینت (موسڵمان)بوو ئەوە هەرسێ مافەکەی هەیە ! گەلی کورد لە هەموو دونیا زۆربەی زۆری موسڵمانە کەواتە کورد لە هەموو جیهان لەگەڵ هەرکێ ڕووبەڕووبویەوە خەباتی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد کرد ئەرکێکی ئاینی و نەتەوەیی سەرشانی هەموومانە کە پشتگیری بکەین . |