یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   ساڵیادی رادیۆی (دەنگی زانایان) لەهەموو لایەک پیرۆز بێت    *****    *****   مامۆستا مەلا حمدامین بەرگرکەیی کۆچی دوایی کردو یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان لە سەر رەوشی کوردانی رۆژئاڤا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی ئەنجام دەدات    *****    *****   دیداری سەرۆکی یەکێتی زانایان و شێخ مورشید خەزنەوی و تاوتوێکردنی رەوشی کوردانی سوریاو هەڵوێستی زانایان    *****    *****   یەکێتی زانایان پێشوازی لە کۆمەڵێک مامۆستاو قوتابی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سەلاحەددین دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان کۆدەبێتەوەو چەند پرسێکی گرنگ و هەنوکەیی تاوتوێ دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری وۆرکشۆپێکی زانستی تایبەت بە پێکەوەژیان لە زانکۆی نۆڵج دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی پارێزگای هەولێر دەکات    *****    *****   لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان سیمینارێک بۆ ژمارەیەک مامۆستای ئایینی ساز دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان لەسەر رووداوەکانی حەلەب پەیامێک بڵاو دەکاتەوەو ئیدانەی هێڕشی سەر گەڕەکە کوردنشینەکان دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ئاماری گرنگترین چالاکیەکانی ساڵی 2025 بڵاودەکاتەوە    *****    *****   گۆڤاری ئەلیکترۆنی تایبەت بە چالاکیەکانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە ساڵی 2025دا   
مه‌لا عه‌بدوڵلا شێركاوه‌یی
به‌رواری دابه‌زاندن: 21/01/2026 : 19:39:59
قه‌باره‌ی فۆنت
کورد گەلێکی تۆڵەستێن نیە..

د.عبدالله شێرکاوەیی*

لەدوای هێڕشەکانی سەر هەردوو گەڕەکی ئەشڕەفییەو شێخ مەقسود لە حەلەب و دیمەنە تراژیدییەکانی ئەم شەڕە لەسەر کوردانی رۆژئاوا، ویژدانی هەموو تاکێکی کورد هەژاندو هەستیان بە مەینەتی و ئازارو هاوخەمی کرد، لەبەر ئەوەی هێڕشێکی ستەمکارانە بوو بەرامبەر کورد لە سوریا ئەنجام درا، ئەمەش دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو لێکەوتەی خراپیشی دروست کرد.

لە سۆنگەی پەرۆشیەوە لێرە تێڕوانین و هەڵمەتێک سەریهەڵدا، بەوەی هەرچی عەرەب و هاوڵاتی سوریاییەو نیشتەجێی هەرێمی کوردستانە دەربکرێن و هەڵوێستیان بەرامبەر بنوێندرێت، یان وا لێکدرایەوە ئەمە شەڕی کوردو عەرەبەو ئیدی سڵ لە هیچ نەکرێتەوەو هەموو ئەو پەنابەرو هاوڵاتی وعەرەبە سورییانە دوور بخرێنەوەو بەتوندی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، تەنانەت خەڵکی وا هەبوو کرێکاری سووری لە کۆمپانیاو مارکێتی خۆی دەرکرد، بە بیانووی پاڵپشتی رۆژئاڤاو تۆڵەکردنەوە لەمان.

لەکاتێکدا کورد گەلێکی خاوەن هەڵوێستی مرۆڤایەتی و فەرهەنگی رێزگرتن لە پەنابەرو میوان و پێکهاتەو نەتەوەی ترەو سەدان نمونەی بەرزی مرۆڤدۆستی کورد هەیە، کە جێی شانازی پێوەکردنن لە مامەڵەکردنی جوان و بە ویژدانانە، بە تایبەت بەرامبەر کەسانێک کە دەستیان لەو ستەمە نەبووە بەرامبەر کورد کراوە، نمونەی رژێمی بەعس کە هیچ نەما بەرامبەر کورد نەیکا، بەڵام لەدوای راپەرین کە دوو فەیلەقی گەورەی سەربازی کەوتنە دەست کورد، بەفەرمانی سەرکردایەتی حەکیمانەی کورد نەک ئازار نەدران، بەڵکو ئازاد کران، وێڕای هەموو مەینەتیەکانی رابردوو، لە سەختترین کاتەکانی قۆناغی مێژوویی لەسەردەمی هاتنی گروپی تیرۆرستی داعش، کورد باوەشی بۆ لێقەوماوان و ئاوارەو خەڵکی تر کردەوە بێ ئەوەی بپرسێت ئەمە کوردە یان عەرەبە، موسڵمانە یاخود مەسیحی، بەو پەڕی گەرمیەوە پێشوازی کردن، بۆ ئەوەی پیشانی هەموو دونیا بدات کورد فەرهەنگی لێبوردەیی بەلاوە گرنگەو تەڕو وشک پێکەوە ناسوتێنێ و ئۆباڵی تاوانی کەسانێک ناخاتە ئەستۆی کەسانێکی ترەوە، راستە کورد ستەمی لێکراوە، بەڵام هەرگیز ئەوەی بەلاوە پەسند نەبووە ستەمکار بێت بەرامبەر خەڵکی ترو تۆڵەی رژێمەکان لە گەلەکانیان بکاتەوە.

ئەم هەست و هەڵوێستە مرۆڤدۆستیی و پڕ لێبوردەییە زادەی تێگەیشتن و پابەندی میللەتی کوردە بە پرەنسیپەکانی دینداری و پەیڕەوی تەریقەتی شێخانی بارزان، کە لەجیاتی هێڕش و هەڕەشە دەبێ هەمیشە لێبوردەیی و مرۆڤدۆستی بنەمای هەنگاونان و مامەڵەکردن بێت، چونکە هیچ کات رۆحیەتی تۆڵەکردنەوە بەتایبەت لەبری هەڵسوکەوتی رژێمێک لە هاوڵاتیانی سیڤیل نەک خزمەت بە دۆزی رەوای پرسی کورد ناکات، بگرە گورزو پەڵەیەکی رەش دەبێت و لەگەڵ رەوشت و شوناس و بەهاکانی کوردو بنەمای دادپەروەری کۆمەڵگەی کوردی یەک ناگرێتەوە.

خۆشبەختانە سەرۆک بارزانی لەسەر ئەم دیاردە نادروست و نابەجێیە وەک بەرگریکارێک لە مافی ئەو پەنابەرو کرێکارو هاوڵاتیە سوریانەی لە هەرێم دەژین هاتە دەنگ و پەیامێکی بڵاوکردەوە، بەوەی نابێ هێڕشەکانی حەلەب ببنە هۆکاری ئازاردانی ئەوانەی لێرەن، چونکە ئەوان تاوانیان نیەو هاوڵاتی ئاسایین، لە پەیامەکەدا راشکاوانە راگەیاند: "بەداخەوە لە هەندێک پێگەی میدیایی و سۆشیاڵمیدیا و ناوەندی تردا، هەڵمەتێك لە دژی ئەو هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە دەبینرێت كە لە هەرێمی كوردستاندا دەژین. ئەم جۆرە هەڵمەت و ڕەفتارانە لە جێی خۆیدا نین و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ پڕەنسیپ و بەهاكانی گەلی كوردستان ناگونجێن و دژی سیاسەت و ڕوانگەی گشتیی دامودەزگەی هەرێمی كوردستانن.

لە ڕاستیدا نابێ ئۆباڵی ئەنجامدانی تاوان لەلایەن خەڵكێكەوە بخرێتە ئەستۆی خەڵکانێکی دیکەوە كە هیچ پەیوەندییان بە تاوانەكەوە نەبووە. دەبێ ڕێزی ئەو پەنابەر و هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە بگیرێت كە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوەو لێرە دەژین و پێویستە كۆتایی بەم هەڵمەتە نابەجێیە بهێندرێت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە بگرن".

هەڵبەت ئەم هەڵوێستە زۆر گەورەو مرۆیی و مێژووییە، کە سەرۆک بارزانی وەک فریادڕەسی هەموو ئەو هاوڵاتی پەنابەرە عەرەبە سوریانە لە هەرێمی کوردستانن رایگەیاند، ئەمە لە کاتێکدا بارودۆخەکە هەستیارەو شەڕو ئاگرو کوشتن و دەرکردن و ئاوارەبوون و سوکایەتی و ئەو پەڕی بێڕێزی بەرامبەر کوردانی رۆئاڤا دەکرێت و بەکاردێت و تەرمی رۆڵەی کورد لە باڵەخانەی بەرزەوە فڕێدەدرێتە خوارەوە، بە هەزارەها خێزان و ئافرەت و منداڵ لەرەوشێکی نالەبارو خراپ و بێ ماڵ و حاڵدان، کەچێ سەرۆک بارزانی دەیەوێ رۆڵەی کورد لەوە ئاگادار بکاتەوە، کە نابێ بارودۆخی کوردستانی رۆژئاوا ببتە فاکتەرێک بۆ سوکایەتی بەرامبەر ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان ژیان دەکەن، چونکە ئەمە پێچەوانەی روانگەو بەهاکانی گەلی کوردو سیاسەتی کوردستانە.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ قورئانی پیرۆز، رێک ئەو هەست و رەوشتە بەرزەی ئاماژە پێ کردووە، کە کەس ئۆباڵی ستەم و تاوانی کەسانی تر هەڵناگرێت، خوای گەورە دەفەرموێت: (وَلَا تَزِرُ وَازِرَةٌ وِزْرَ أُخْرَى) الإسراء:15. واتە: كه‌س گوناهى كه‌س هەڵناگرێت، كه‌س به‌رپرسيار نيه‌ له‌ هەڵه‌ى كه‌سانى تر. هاوشان دەیان ئایەت و فەرموودەش هەیە باس لەو بەها گرنگ و گەورەیەی لێبوردەیی و مامەڵەی مرۆڤدۆستانە دەکات بەرامبەر پەنابەرو لێقەوماو و ئاوارە، کە گەلی کورد لەسەری رۆیشتووەو پەیڕەوی لێ کردووە.

ئەم هەڵوێستە جێی شانازیەو مێژووش وەک گەورەیی میللەتی کورد تۆماری دەکات، دڵنیام نەک هەر ئێمەو ئەوانەی پاڵپشتی ئێمەن، بەڵکو ئەو عەرەبە سووریانەی کە گیان و ماڵیان بەهۆی شەڕەوە کەوتۆتە مەترسی، زیاترلەهەموو کەس هەست بە گەورەیی و بایەخی ئەو پەیامە گرنگە دەکەن.

*ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان.

 

https://gulanmedia.com/so/story/354131/