لە دیداری هاوبەشی کۆلێژەکانی (زانستە ئیسلامییەکان، ئاداب، زانستە سیاسییەکان) تیشکمان خستە سەر چۆنیەتی بەلاڕێدابردنی گوتاری ئایینی لە ئایینی ئاشتەوایی نێوان گەلانی مسوڵمان بۆ وتاری ئامرازی کوشتنو شەڕ، ئەوەش لەسەر ئاستی فەرمی دەوڵەتی سوریاو هەروا بیرمەندانیش. لەسەر ئاستی دەوڵەت، نموونەم بە یەکەمین بەیاننامەی وەزارەتی ئەوقاف هێنایەوە (لە یەکەم کۆمێنتە)، کە داوادەکات کۆی خەڵکی دەست بە دوعاو قنوت بکەن لە سەرجەم مزگەوتەکانی سوریا بۆ سەرکەوتنی سوپاسی سوریا، ئەمە تێوەگلاندنی کۆی خەڵکە لە کێشەکەو قوڵکردنەوەی جیاکاری رەگەزییە، هێندەی گوتاری ڕێکخراوێکی ڕادیکاڵییە گوتاری دەوڵەت نییە. دووەم داوا دەکات بە ئاشکرا دەنگی تەکبیرات بەرزبکرێتەوە بۆ دڵخۆشی دەربڕین لەسەر ئەم (فتوحاتانە)، بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە ڕاستەوخۆ دۆخەکە دەباتە چوارچێوەی تەکفیرکردن، کەواتە پرسەکە ئاینیو کوفرە، ئەویش بۆ دەوڵەتێك کە پڕۆژەی ئیسلامی پێیەو وابەستەی سنوورە دەستکردەکان نییە، بەرامبەر کافرێك کە ستەمکارو دەستدرێژیکارە، نەك گەلێكی مسوڵمان خاکو زمانو هەموو جوانییەکانی لە هەموو پارچەکان داگیرکراون. ئەو هەنگاوەی دەوڵەتی سوریا بە راستەوخۆ کێشەی گەلە جیاوازەکانی سوریا بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەبات، هەربۆیە دوو رۆژ دوای ئەوە وەزارەتی ئەوقاف بەیاننامەیەکی دیکەی دەرکرد (لە دووەم کۆمێنتە) داوا دەکات مزگەوت بۆ دووبەرەکیو ململانێکان بەکارنەهێندرێتو زیاتر گوتاری خۆشەویستیو مەحەببەتو پێکەوەژیان باسبکرێت، بۆئەوەی لەلایەکەوە کێشەکان قوڵتر نەبنەوە، لەلایەکی دیکەش شکۆی مزگەوت نەشکێندرێت. بەڵام بەداخەوە ئەو دەنگانەی رۆژی هەینی لە مزگەوتەکانی سوریا گوازرانەوە لەچوارچێوەی بەیاننامەی یەکەم بوون. لەسەر ئاستی بیرمەندانیش کۆمەڵە نووسەرێکی بەناوبانگمان هەیە، کە کاریگەری بەرچاویان لەسەر گۆڕەپانەکان هەبوو، کەچی لە باسەکە تێوەگلانو تەڕەفگیریان کرد، دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆری کورد لە مامۆستایانی ئایینیو بیریارانی ئیسلامی سەدان کۆمێنتیان بۆ نووسین، هەندێکیان شتەکانیان رەشکردەوە، هەندێکی دیکەش خەریکی هێنانەوەی پاساوی لابەلا بوون. کۆتا شتیش، باسمان لەوە کرد، ناڕەزاییەکانی کوردستان بۆ پشتگیری لە هیچ حزبو ئایدۆلۆژیاو گرووپێکی دیاریکراو نییە، هەروەها بۆ تێکدانی هیچ وڵاتێکیش نییە، هەروەها بۆ دەوڵەتی کوردیش نییە (کە خەونی هەموو کوردێکە لەو سەردەمەدا)، بەڵکو ئەمە دەرەنجامی ترسی کوردە لەو مێژووە تاڵەی هەیەتی، کە هەموو کاتێك ئەو وڵاتانە باوەشی ئاشتیان بۆ کورد کردۆتەوەو داوای برایەتیان کردوە، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا جوگرافیاکەیان هەر بچووک کردۆتەوەو بەشی رۆڵەکانیشی بە دیندارو بێدینەوە هەر پەتی سێدارەو کوشتنو زیندان بووە... بۆیە بەم دەنگانە دەیانەوێ داهاتووێکی ئارام بۆ رۆڵەکانیان دابینبکەن لە هەر شوێنێك بێت. هەولێر- کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان |