—————————— د.بلال برادۆستی زەکات سێ یەمین ڕوکنی ئیسلامە، لە مانگی (شوال)ی ساڵی دووەمی کۆچی دا واجب کراوە، خوای گەورە فەرموویەتی: واقیموا الصلاة وآتوا الزکاة، النور،٥٦، واتە: نوێژ بکەن و زەکات بدەن، زەکات مافێکی دیاریکراوی خوای گەورەیە لە ماڵی دەوڵەمەنداندا کە دەبێت بدرێتەوە بە چینە هەژار و شایستەکان، زەکات تەنها بەخشین نییە، بەڵکو پاککەرەوەیە بۆ نەفس و ماڵ. ئەو هەشت چینەی لە قورئاندا ئاماژەیان پێکراوە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا: بە دەقێکی ڕوون ئەو کەسانەی دیاری کردووە کە زەکاتیان پێ دەدرێت و دەفەرموێت: إِنَّمَا الصَّدَقَاتُ لِلْفُقَرَاءِ وَالْمَسَاكِينِ وَالْعَامِلِينَ عَلَيْهَا وَالْمُؤَلَّفَةِ قُلُوبُهُمْ وَفِي الرِّقَابِ وَالْغَارِمِينَ وَفِي سَبِيلِ اللَّهِ وَابْنِ السَّبِيلِ،. التوبة: ٦٠، واتای ئایەتەک : ١- (الفقراء): هەژاران ئەوانەی کە هیچ داهاتیان نییە یان داهاتیان زۆر کەمە و بەشی نیوەی پێداویستییەکانیان ناکات. ٢-(المساکین): نەداران ئەوانەی داهاتیان هەیە بەڵام بەشی تەواوی ژیانیان ناکات (لێرەدا جیاوازی زۆر هەیە کامەیان لەوەی تر هەژارترە، بەڵام هەردووکیان شایستەن). ٣-(العاملین علیها) کارگێڕان بەسەر زەکاتەوە: ئەو کەسانەی لەلایەن حاکمی شەرعییەوە دادەمەزرێن بۆ کۆکردنەوە و دابەشکردنی زەکات (مووچەیان لە زەکات پێ دەدرێت). ٤-(والمؤلفة قلوبهم) دڵ ڕاگرتن: ئەوانەی تازە موسڵمان بوون و ئیمانیان لاوازە بۆ ئەوەی باوەریان زیاتر جێگیر بەبێت و ئایینی ئیسلامیان لەلایەوە شیرین بێت ،یان کەسێک کە ئومێد دەکرێت موسڵمان بێت بەپێی بۆ چوونی هەندێک زانایانی ئیسلام ئەویش دروستە زەکاتی پێبدرێت هەرچەندە ئەم بۆ چوونەی دوای یەکدەنگی هەموو زانایانی لوسەر نییە . هەرچەندە ئیمامی عمر ، رەحمەتی خوای لێ بێت، لە خەلافەتی خۆیدا زەکاتی(المؤلفة قلوبهم)ی راگردت و پێی نەدان ،لە کاتێکدا ئەو هەموو ژمارە زۆرەی ئەسحابیش هەبوون وە عثمان بن عفان و علی بن أبی طالب لەنێوانیان دابوون کەسیش تانەی لەو بریارەی پێشەوا ، عمر بن خطاب، نەدا. ٥-(و في الرقاب) لەرێی ئازادکردندا: بۆ کڕینەوە و ئازادکردنی کۆیلە (کە ئێستا نەماوە . ٦-(والغارمین): قەرزدارەکان ئەوانەی قەرزیان کردووە بۆ پێداویستی ژیان یان بۆ چاکسازی نێوان خەڵک و توانای دانەوەیان نییە. ٧-(و في سبیل الله):لە پێناوی خوا بەپێی جمهور (زۆرینەی) زانایان مەبەست لێی جیهاد و تێکۆشانە ، یان دابینکردنی پێداویستی جەنگاوەرانە، هەندێک زانا وەک حەنەبلییەکان حەجیش دەخەنە ئەم خانەیەوە . ٨-(وابن السبیل): رێبوار کەسێکە لە سەفەردایە و پارەی لێ بڕاوە، هەرچەندە لە وڵاتی خۆیدا دەوڵەمەندیش بێت، دروستە زەکاتی پێ بدرێت تا دەگاتەوە شوێنی خۆی. حوکمی زەکاتدان بە خزم و کەسوکار ١-زەکاتدان بە دایک و باوک: بەپێی کۆدەنگی زانایان، دروست نییە زەکاتی ماڵی خۆت بدەیتە دایک و باوکت بۆ ئەوەی بیکەن بە خەرجی ڕۆژانە (نان و پۆشاک)، چونکە ئەگەر ئەوان هەژار بن، ئەرکی شەرعی تۆیە لە ماڵی خۆت نەفەقەیان بکێشیت نەک لە زەکات. بەڵام: ئەگەر دایک و باوک قەرزدار بوون (قەرزی دوکان، یان بازاڕ، یان خەڵک)،دروستە لە زەکاتی ماڵی خۆت قەرزەکەیان بۆ بدەیتەوە، چونکە ئەرکی تۆ نییە قەرزی ئەوان بدەیتەوە، بۆیە دەکرێت لە زەکات بۆیان بدەیتەوە. ٢-زەکاتدان بە خوشک و برا: دروستە و خێری زیاترە چونکە هەم زەکاتە و هەم گەیاندنی سۆزی خزمایەتییە ،بەم مەرجانە: ماڵی خۆیان هەبێت و سەر بەخۆ بن. هەژار بن و داهاتیان بەشیان نەکات. یان قەرزدار بن و نەتوانن بیدەنەوە. موفتی عێراق، جەنابی مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مدرس جەختیان لەوە کردۆتەوە کە ئەگەر ئەوانەی باسمان کرد و مالی سەربە خۆیان هەبوو وەهەروەها هەژاریش بوون دروستە زکاتیان پێبدرێت. ٣. زەکاتی ژن بۆ مێرد: دروستە ژنی دەوڵەمەند زەکاتی خۆی بداتە مێردەکەی ئەگەر مێردەکەی هەژار یان قەرزدار بوو، (بە بەڵگەی فەرموودەی صەحیح کە ئیبن مەسعود خێزانەکەی زەکاتی پێداوە)،وەشافعیە کان ئەم فەرموودەیان بەبەڵگەوەریان گرتووە، ٤. زەکاتی باوک بۆ کوڕ و کچ (قوتابی خوێندنی شەرعی): بە شێوەی گشتی باوک دەبێت خەرجی منداڵ بکێشێت، بەڵام ئەگەر کوڕ یان کچێک گەورە بوون و سەرقاڵی خوێندنی زانستی شەرعی بوون و نەیاندەتوانی کار بکەن، هەندێک لە زانایان ڕێگەیان داوە کە باوک دەتوانێت زەکاتیان پێ بدات، یان ئەگەر قەرزدار بوون. بۆچی زەکات بە مزگەوت و قوتابخانە و نەخۆشخانە وکەنالەکانی تەلەفزیۆن و نادرێت؟ ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە و زۆر کەس پرسیاری لێ دەکەن. بەپێی هەرچوار مەزهەبە ناسراوەکەی ئیسلام : شافیعی، حەنەفی، مالیکی، حەنبەلی)، دروست نییە پارەی زەکات لە دروستکردنی مزگەوت، قوتابخانە، نەخۆشخانە، پرد، یان کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا سەرف بکرێت هەوەک ابن حجر باسی کردووە لە پەرتوکی ،بغیة المسترشدین، لاپەرە،١١٩. هەروەها ئەگەر یەک مەر، یان یەک بزن، زەکاتی لەسەر واجب بوو، دروست نیە بیفرۆشێ وپارەکەی بەسەرزەکاتوەرگرەکاندا بەش بکات ،بەڵکو کۆیان دەکاتەوەو مەرەکەیان بەهاوبەشی دەداتێ ، هەروەک لە پەرتووکی (المجموعدا)، ئاماژەی بۆ کراوە. هەروەها ئەگەر ژنێک (ناشیزە) بوو -واته: سەرپێچیکار، لە مێردەکەی خۆی دەکرد دروست نییە زەکات بدرێتە ئەوژنە. تێبینی ١: لەمەزهەبی ئیمامی( حنفی)دا دروستە : زکات بدرێتە تەنها یەک کەس لەوهەشتانە کە لە قورئاندا باسکراون. هەروەها هەر زانایەکی ئایینی کە دەرس بە خۆڕایی بلێتەوە و کاروباری ئایینی فێری خەلک بکات وەلاتەکەش پێویستی بەو زانیارییانەی ئەو زانایە هەبوو زەکاتی پێدەدرێت و دروستە. هەروەها، ئەگەر برایەک خوشکێکی خۆی بژێنێ ، دروستە زەکاتی ماڵی بداتە ئەوخوشکەی خۆی. هەروەها،دروستە باوک زەکاتی ماڵی خۆی بدا بەکورەکەی خۆی بۆ ئەوەی خەرجی بکات بۆ بژێوی ژنەکەی خۆی چونکە بژێوی ژنەکە کوری واتە:بوکەکەی لەسەری واجب نییە. هەوروەها، دروستە باوک زەکاتی مالی خۆی بداتە کوری خۆی کەخەریکی خوێندنی شەرعی بێت، هەروەک جائیزەو دروستە باوک زەکاتی خۆی بداتە کوری خۆی نەک لەبەر هەژاری وگەدایی ، بەلکو لەبەر ئەوەی کە کورەکەی قەرزدارە ،هە روەک ابن حجر، لەپەرتووکی (تحفە)دا فەرموویەتی. تێبینیی٢: زەکات نادرێتە کە سێک کەقەرزدار بێت بەهۆی هێنانی ژنی دووەم مەگەر ژنی یەکەمی کەلکی هیچی نەمابێت . هەروەها درەست نییە زەکات بدرێتە ئەو رێکخراوانەی ئێستا پارە کۆدەکەنەوە بەناوی جۆراو جۆر یان بۆ ئەوانە بەرگری لە خاک و وەلات دەکەن بەشێوەی گشتی چونکە پێکهاتەی ئەوانە تەنها هەر موسولمان نییە بەلکو غەیری موسولمانیشی تێدایە کەوابوو: دەبێت تۆ ئەوکەسەی کە زەکاتی خۆی پێئەدەیت دەبێت بەتەواوی بەناسیت و بزانی فێعلەن موسولمانە یان هەژارە ئەو کارەش ئاسان نییە بۆیە دروست نییە. هەروەها، دروست نیە خاوەن مال زەکاتی خۆی بنێرێت بۆ وەلاتێکی تر، هەروەک لە پەرتووکی شەریعەتی ئیسلام مەلا عبد الکریم المدرس باسکراوە. هەروەها ،دروستە لەسەرەتای مانگی ڕەمەزاندا سەرفیترە بدرێن بە وکەسانەی کە موستەحەقی زەکاتن. هەروها فوفتی عێراق مامۆستا مەلا عبدالکریم المدرس لە بەرگی، یەک لە پەرتوکی شەریعەتی ئیسلام ، باسی کردووە. تێنبیی٣: من دفع زكاته لمدينه بشرط أن يردهاله عن دينه لم يجز، اعانة الطالبین،بەرگی ٢، لاپەرە،٣٠١. واتە:ئەگەر کەسێک زەکاتەکەی بداتە قەرزدارەکەی خۆی بەو مەرجەی قەرزدارەکەی بیداتەوە ئەوە دروست نییە. تێبینی٤: لەمەزهەبی ئیمامی (مالک)دا: ماڵی داگیرکراو- کە چاوەروانی گەرانەوەی دەکات -هەم مالی ونبوو هەر کاتێک بۆی گەرایەوە- هەریەکەیان زەکاتی تەنها یەک ساڵی تێدا واجبە بۆگشت ئەوسالانەی بەسەردا ڕابردوە، هەروەک لە پەرتووکی (الموطأ) دا باسکراوە. تێبینی٥: بەهیچ جۆرێک دروست نیە :بەبێ ئیزن سەرفیترەی براو برازاو براژن و ژنی کوڕی بدات ، چونکە ئەوانە گشتی بێگانەن، بەلام ئەگەر سەرفیترەکەی لەسەر مەزهەبی (حنفی) بدا، ئەوکاتە دروستە: بەبێ ئیزن سەرفیترەی منداڵە گەورەکانیش بدا بەومەرجەی ئەوانیش لەگەڵ ژن و منداڵە بچووکەکانی دابن و یەک خێزان بن و پێکەوە بەخێویان بکا، هەروەک لە پەرتوکی، (مجمع الأنهر) الحنفی، دا ،باسکراوە. تێبینی٦: لەمەزهەبی ئیمامی (حنفی) دا: زەکات لەخشلی ئافرەتانیش واجبە، بەلام لەلای مەزهەبی شافعیی ، رەحمەتی خوایان لێ بێت، زەکات واجب نییە لەخشڵی ئافرەتان بابگاتە ئەندازەی دووسەت مسقال زێر ،وەک دەفەرموێت:ولاتجب فی حلی مباح زکاة ، مغنی المحتاج ،للخطیب الشربینی. تێبینی٧: ئەگەر ساڵێک یان زیاتر لەسالێک بەسەرماڵە بەقەرزدراوەکە سوڕایەوە ،ئینجا خاوەنەکەی گەردەنی قەرزدارەکەی خۆی ئازاد کرد، ئەوە لە ئەندازەی زەکات گەردەنی ئازاد نابێت ،چونکە ئەندازەی زەکات لەگشت ساڵێکدا دەبێتە مڵکی فەقیرو هەژاران کەس بۆی نیە ئەو حەقە بخوات یان لای ببات دەبێت هەربیدات. خالێکی زۆر گرنگ: وتجب النیة فینوی هذا فرض زکاة مالي أو فرض صدقة مالی ونحوهما، واتە: واجبە :لە زەکاتداندا نیەتی زەکات بهێنێت، چونکە زەکات خواپەرستیە،هەرکردەویەکی خواپەرستی بەبێ نیەتەوە دانامەزرێ،بەڵام: ئەگەر ئەم نییەتە بەدڵ بڵێت : بڵێ ئەمە زەکاتی ماڵی خۆمە یان بڵێ ئەمە زەکاتمە، ئەو نیەتە دروستەو جائیزە. مەرجی خاوەندارێتی (التملیك): زەکات دەبێت بکرێتە موڵکی کەسێکی مرۆڤی زیندوو کە هەژارە،واتە: دەبێت پارەکە بچێتە گیرفانی هەژارێکەوە تا خۆی چۆنی دەوێت خەرجی بکات، بەڵام مزگەوت و نەخۆشخانە و کەنالەکان و قوتابخانەکان و جسرو پرد، ئەوانە گشتیان مرۆڤ نین، چونکە ئەو هەشت جۆر مرۆڤەی خوا لە قورئاندا باسی کردوون کە زکاتیان پێدەدرێت هە موویان مرۆڤن نەک مزگەوت و نەخۆشخانەو کەنالی تەلفزیۆن . خوای گەورە فەرموویەتی: (للفقراء) لامـەکە لە لۆغەی عەربی بۆ خاوەندارێتییە واتە:ئەم زکاتە تایبەتە بەوهەشت مرۆڤە کە(اللە) دیاری کردوون، بەڵام بەداخەوە ئەم جۆرە زانستە یان شارەزا بوون لە زانستی ئالی واتە: نحو صرف و فقە و بەلاغەو جۆرەکانی تری زانستەکان لەوسەردەمانە کاڵبوینەوە بەداخەوە . بەڵێ ڕاستە مزگەوت لە سەردەمی پێشیندا هەموو شتێک بووە : شوێنی عیبادەت، جیهاد، چارەسەر، کۆبوونەوە و دەرس خوێندن و فەتواو زەواج و ئامادەکردنی سوپای ئیسلام و مەشق و راهێنان و چەندی شتی تر ،بەڵام پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) و هاوەڵان هەرگیز پارەی زەکاتیان بۆ بینا و مزگەوت نەخۆشخانەو بانگەواز سەرف نەکردووە، بینای مزگەوت و پرد و قوتابخانە دەبێت لە (سەدەقەی جاریە) و خێرخوازی گشتی دروست بکرێن، یان دەبێت دەولەت پارەی بۆ تەرخان بکات نەک مالی هەژارانی بۆ تەرخان بکرێت ، بزانە: زەکات تەنها بۆ پڕکردنەوەی ورگی برسی و داپۆشینی لەشی ڕووت و رزگارکردنی قەرزدارە. ئەو کەسانەی زەکاتیان پێ نادرێت (قەدەغەکراوەکان) نوێژ نەکەر بەراستی ئەو مرۆڤانەی نوێژ ناکەن ژن بێت یان پیاو زەکاتیان پێنادرێت هەروەک لەپەرتووکی (بغیة المسترشدین) بە راشکاوەیی فەرموویەتی ، چونکە زەکات ماڵێکی ئیسلامییە و دەبێت بۆ بەهێزکردنی موسڵمان بەکاربێت، بەڵام سەدەقەو خێر کردن و پیاوەتی دروستە پێیان بدرێت . بێ باوەڕ و سووکایەتیپێکەر: بەهیچ شێوەیەک زەکات بە کەسێک نادرێت باوەڕی بە ئیسلام نەبێت یان سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی ئیسلام بکات، کەوابوو: هەرگیز زەکات بەو علمانی یانە نادرێت کە گاڵتە بەئیسلام دەکەن و بەسووکی ناوی ئیسلام دێنن. قەرزداری تاوانبار: کەسێک قەرزدارە بەهۆی قومارو مەی خواردنەوە، یان ئیسرافی حەرام (زیادەڕۆیی لە ڕادەبەدەر، زەکاتی پێ نادرێت بۆ دانەوەی قەرزەکەی، مەگەر،چونکە پێدانی زەکات پێی واتە: یارمەتیدانی لەسەر تاوان. قسەی کۆتایی: زەکات بۆ دایک و باوک: بۆ خواردن و بەرگ نابێت، بەڵام بۆ دانەوەی قەرزەکەیان دەبێت.وەک لە پەرتووکی فیقهیدا فەرموویەتی: ومَنْ تلزمُ المُزكي نفقتُه لايَدفع إليهم باسم الفُقراءِ والمَساكين، تەنها بەناوی هەژسری و نەداری زەکاتیان پێنادرێت بەڵام بەناوەکانی تر: وەک الغارمین، ابن سبیل، والعاملین، پێیان دەدرێت و دروستە، زەکات بۆ خوشک و برا: دەبێت ئەگەر ماڵیان جیا بێت و هەژار بن. المسافر: ڕێبوار: ئەگەر ملیاردێریش بێت لە وڵاتی خۆی، مادام لە سەفەر پارەی لێ بڕاوە، زەکاتی پێ دەدرێت. قوتابی شەرعی: ئەگەر دەوام کردنی ڕێگر بێت لە کارکردنی، زەکاتی پێ دەدرێتو درەستە. ————————— وصلى الله على سيدنا محمد و على آله وصحبه وسلم. هەولێر- کوردستان- عێراق. ٢٥ /٢ / ٢٠٢٦ز. —————- سەرچاوەکان: ١- مغنی المحتاج، للخطيب الشربيني بەرگی یەکەم، ٢-اعانة الطالبین، للعلامة، السيد أبي بكر بن محمد شطا الدمياطي بەرگی،٢، ٣-شەریعەتی ئیسلام ،ملا عبد الکریم المدرس، بەرگی ١. ٤- رۆناکی رب العالمین ،ملا عبداللە هەرتەلی، بەرگی ،٢. ٥- رۆژی پرشنگدار، ملا عبداللە هەرتەلی، ٦- كتاب،المطأ، الإمام مالک بن أنس، ٧-کتاب المجموع شرح المهذب للشیرازی، للإمام أبی زکریا محی الدین النووی. ٨-مجمع الأنهر، في شرح ملتقى الأبحر، للإمام ابراهيم بن محمد، الحلبي، الحنفي. ٩- بغیة المسترشدین، عبد الرحمن بن محمد بن حسین بن عمر، فقیە الشافعی المشهور. |