ئەمرۆ 15ی2ی2025 بە ئامادەبوونی بەرێز بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و بەرێوەبەری گشتی ئەوقافی پارێزگای هەولێرو بەرێوەبەری ئەوقافی هەولێرو ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی ئایینی و فەقێ و قوتابی زانستی و کەسایەتی کۆمەڵایەتی و بەرپرسانی ئیداری؛ مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە مزگەوتی بەهەشت لە شاری هەولێر بەرێوەچوو، کە لەلایەن بەرێز مامۆستا شێخ عرفان شێخ نورالدین بەخشرایە نۆ مامۆستای ئایینی.
مەراسیمەکە بەخوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستی پێ کردو، دوای وتاری بەخێرهێنان؛ بەرێز کاک حاجی تەیب زرار بەرێوەبەری گشتی ئەوقافی پارێزگای هەولێر وتاری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پێشکەش کرد.
دواتر بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وتارێکی پێشکەش کردو وێڕای دەست خۆشی و پیرۆزبایی لە مامۆستای بڕوانامە دەرو مامۆستایانی بڕوانامەوەرگر، خۆشحاڵی خۆی بەوە دەربڕی کە ئیجازەنامەکە لە ژێر سەرپەرشتی بەرێز دکتۆر شێخ مادیح شێخ عوسمان نەقشبەندی بەرێوە دەچێت و ئاماژەی بە رۆڵی بنەماڵەی بەرێزیان دا، کە ماوەی پتر لە دووسەد ساڵە لە خزمەتی شەریعەت و عیلم و حوجرەو مامۆستایانی ئایینی بەردەوامە.
سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: تەواوکردنی خوێندن و وەرگرتنی بڕوانامەی زانستی مانای وا نیە بوونەتە عەللامە و زانا، بەڵکو ئەمە سەرەتاو زەمینەی قۆناغێکی تازەیە بۆ زیاتر کۆشش و شارەزابوون لە زانستە شەرعیەکان، بۆیە گرنگە رەچاوی ئەدەب و پلەبەندی زانستی و تێگەیشتنی دروست بکرێت بۆ ئەوەی ئاراستەی ئایینی بەرەو پێش بڕوات نەک دواوە، بەتایبەت لە بواری فەتوادان گرنگە زۆر هۆشیار بین، ناکرێ هەرکەسەو ببێتە موفتی و فەتوا بدات، ئەمە بۆ دۆخی کوردستان ناگونجێت، بەڵکو پێویستە رێز لە بۆچوونی گەورە زانایان بگیرێت و فەتواش بۆ ئەهلی خۆی جێبهێڵین.
لە بەشێکی تری قسەکانی گوتی: لەبەرچاوگرتنی ئەرک و پیشە زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی بتوانین تەبایی و سەقامگیری بپارێزین، لەهەمان کات جیاوازییەکان بەرەو ناکۆکی و تەفرەقە نەڕوات ، ئەگەر جیاوازیش بین ئاساییە بەڵام پێویستە دژو دوژمن نەبین.
شایەنی باسە دواتر بڕوانامەی زانستی بەخشرایە ناوبراوان و هەر بەم بۆنەشەوە چەند پارچە پەخشان و سرودو قەسیدەیەک خوێندرانەوەو چەند بروسکەیەکی پیرۆزبایی خوێندرایەوە.