ئەمرۆ 22ی12ی2025 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری بەرێزان مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د.عمر مرۆ و د.عبدالله شێرکاوەیی ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان، بەمەبەستی دەستخۆشی کارە خێرخوازیی و مرۆییەکان، سەردانی دەزگای خێرخوازی حاجی ئیدریس سورچیان کردو لەلایەن بەرێز حاجی ادریس سەرپەرشتیارو خاوەنی دەزگا بە گەرمییەوە پێشوازی کران.
لە دانیشتنێکدا بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان باسی لە گرنگی کاری خێری و مرۆیی کردو رۆڵی دەزگای ناوبراوی لە یارمەتیدانی هەژاران و بێ سەرپەرشتان بەرز نرخاند، کە وەک نمونەیەکی جوان لە کوردستان خزمەت دەکات، هەروەها لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتوانی چەمچەماڵ رۆڵی بینی و یارمەتی زۆری پێشکەش کرد.
لەلایەن خۆیەوە بەرێز حاجی ئیدریس سورچی سوپاس و خۆشحاڵی خۆی بە سەردان و رێزلێنانی یەکێتی زانایان دەربڕی و رایگەیاند کە ئەو رێزلێنانە مایەی هاندانی پترە بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی پێویست و هەژارو لێقەوماو، کە بەدڵنیایەوە قسەو پەیامی زانایان هەمیشە رۆڵی هەبووە لە دروستکردنی کەشی خێرخوازی لە کوردستان.
دواتر لە لایەن بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان رێزلێنان بەخشرایە ناوبراو وەک سەرپەرشتیارو خاوەنی دەزگا لە هەمبەر خزمەت و کارە خێرییەکانی.