ئەمرۆ 23ی12ی2025 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری بەرێزان مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د.عبدالله شێرکاوەیی ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان، سەردانی دەزگای خێرخوازی نانەکەلی کردو لەلایەن بەرێز دکتۆر کامەران أحمد سەرپەرشتیاری دەزگا بە گەرمییەوە پێشوازی کران.
ئامانج لە سەردانەکە؛ رێزلێنان بوو لە خزمەت و کارە خێری و مرۆییەکانی دەزگای نانەکەلی، کە مێژوو و شانازییەکی گەورەی لە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و تەنانەت دەرەوەش هەیە.
سەرۆکی یەکێتی زانایان لە دانیشتنەکەدا باسی لە گرنگی کاری خێرخوازی و یارمەتیدانی خەڵک کردو ئاماژەی بە رۆڵی دەزگای خێرخوازی نانەکەلی دا، کە لە یارمەتیدانی مزگەوت و حوجرەو بێ سەرپەرشتان و هەژارو لێقەومانان دەورێکی باڵای هەیە، بە تایبەت لە بواری نەخۆشی شێرپەنجەو دابینکردنی کەرەستەو داو دەرمانی نەخۆشیە هەمیشەییەکان و دەیان بواری تر، بۆشاییەکی گەروەی لە خزمەتکردن پرکردۆتەوە، بۆیە ئەو رێزلێنانە لە ئاست گەورەی خزمەتکردنی دەزگای ناوبراو شتێکی کەمە بەڵام پێزانینی زۆرمان هەیە بۆ ئەو هەنگاوە مەزنانە.
لەلایەن خۆشیەوە بەرێز دکتۆر کامەران ئەحمەد سەرپەرشتیاری دەزگا، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی یەکێتی زانایان کرد، لەبەرامبەر ئەو رێزلێنان و پێزانینەی هەیانە بۆ دەزگاکەیان، هەڵبەت راشیگەیاند: ئێمە خزمەتکردنی خەلک بە ئەرک دەزانین و هەڵوێستی زانایانیش بۆ ئێمە پاڵپشتیەکیی گەورەیە.