ئەمرۆ 19ی8ی2025 بە سەرپەرشتی بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و ئامادەیی مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیز یەکێتی زانایان؛ کۆبوونەوەی ئاسایی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان لە بارەگای سەرەکی لە شاری هەولێر بەرێوە چوو.
سەرەتا سەرۆکی یەکێتی زانایان کۆبوونەوەکەی کردەوە چەند باس و پرسێکی وەک تەوەرەی کۆبوونەوە خستەڕوو، کە پەیوەست بوون بە دۆخی ئێستاو رەوشی ئایینی و زانایانی ئایینی و کاری رێکخراوەیی و فەتوا..هتد.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندی و هەماهەنگی یەکێتی زانایان بەتایبەت لە بەشداری ئەو کۆنفرانس و دیدارانەی زانایان لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە کراو دواتریش تیشک خرایە سەر چەند پێشهات و پرسێکی هەنووکەیی پەیوەست بە ژیانی خەڵک و پەیوەندیدار بە کۆمەڵگەو بەها ئایینی و کۆمەڵایەتیەکان، لەوەشدا کۆبوونەوە بە گرنگی زانی پەیامێک بەشێوەی نوسراو و راگەیێندراو ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار بکات، بەتایبەت لەسەر بابەتی ئەو دەنگۆو قسەو باسانەی لەبارەی بڵاوکردنەوەی بەدڕەوشی و کردەی نەشیاو لە ئارادان.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوە باس لە پێویستی مامەڵەی دروست لەگەڵ وتارو مینبەرو هەستیاری هەندێ بابەت، کە پێویستە زانایانی ئایینی بە وریایی و هەستی بەرپرسیارێتی مامەڵەیان لەگەڵ بکات، چونکە یەکێ لە تایبەتمەندیی مەلای کورد ئەوە بووە کە هەموو قسەو باسێک شیاوی باسکردن نییەو پێویستی بە رەچاوکردنی دابی گشتییەوە هەیە.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوە باس لە چەند بابەت و پێشنیاری لقەکانی یەکێتی زانایان و چۆنیەتی پەرەپێدانی پتر بە رەوشی فەتواو ئەنجومەنی باڵای فەتواو دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ناوەندەکانی فەتوای جیهانی ئیسلامی و رۆڵی زانایان لە گەیاندنی پەیامی هۆشیاری بە کۆمەڵگەو لە نێویشیاندا لێکتێگەیشتنی نێوان یەکێتی زانایان و بەرێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی کۆمەڵایەتی لە پێناو دووبارە شیاندنەوەی سزادراوان گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک پرسی دیکەی ئایینی و نەتەوەیی و پیشەیی و رێکخراوەیی گفتوگۆی گرنگ و پێویستیان لێوە کراو تەئکیدی لەوە کرایەوە یەکێتی زانایان لەپێناو خزمەتی پەیامی ئیسلام و زانایانی بەرێزی ئایینی درێغی ناکات.