دونیا لەسەر پشتی گا‌و ماسییە

لە مەولودنامەی كۆن، زۆر جاران گوێمان لێ‌ دەبوو، كە دونیا لەسەر پشتی گا‌و ماسییە، ئەو قسەیە كە دەكرا، بە دوو بۆچوون، كە لەوانەیە هەردووكیان هەڵەبووبن، قسەی لەسەر دەكرا.

بۆچوونی یەكەم پێی وابوو ئەمە هەقیقەتە، واتە بەشێوەی هەقیقی لە ژێرەوەی دونیا، گایەك‌و ماسییەك هەن، دونیایان راگرتووە، هەتا هەندێكیان دەیانگووت: بوومەلەرزە، كە دروست دەبیت، لەبەر ئەوەیە گایەكە گوێی خۆی شەقاندییە، هەرچەندە جارێكیان بە مامۆستایەكم گووت: مامۆستا ئێستا وێنەی دونیا گیراوە، نە ماسی‌و نە گای لەژێر نییە، ئەو دەیگووت: نا، قسەكە راستە چونكە لە مەولودنامەی نووسراوە.

بۆچوونی دووەم تەواو دژی ئەم بۆچوونە بوو، گاڵتە‌و پێكەنینیان بەم قسانە دەهات‌و، بە خورافە‌و قسەی بێ مانایان هەژمار دەكرد، بەبێ‌ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوە‌و شتێكی زانستی بكەن.

ئێستا دەزانم قسەكە (دونیا لەسەر پشتی گا‌و ماسییە) زۆریش جوانە، بەڵام تێی نەگەییشتووین، چونكە كاتی خۆی ژیانی خەڵك وەكو ئێستا نەبووە، تەنها دوو سەرچاوەی سەرەكی ژیان هەبوونە، یەكەمیان خەڵكی دوور لە بەحر‌و دەریا، كا گەنم‌و جۆ‌و بیستان‌و ئاژەڵدارییان دەكرد، ئەوانەش هەموو پەیوەست بوون، بە (گاجووت)ەوە، چونكە ئالفی حەیوان‌و كێلانی زەوی، هەمووی بە (گاجووت) دەكرا، هەروەها خەڵكی قەراغ دەریاش، بە راوەماسی بەڕێوە دەچوو، بۆیە دەیانگووت: دنیا لەسەر پشتی گا‌و ماسی راوەستاوە، یانی ژیانی خەڵك لە دونیا بە هۆی گا‌و ماسی راوەستاوە.

ئێستا دەزانم خوێندنەوە سەرچاوەی هەموو شتێكە، پێویستە تەنها خەریكی رەخنە نەبین، بەڵكو بەدوای ریشەی قسەكان دابڕۆین.

ئەم بابەتە لە ژمارە (86)ی گۆڤاری پەیامی زانایان بڵاوكراوەتەوە.