رەچاو كردنی پێوەرو بنچینە‌و بنەماكانی مرۆڤبوون

چوونە نێو باس

خوای گەورە مرۆڤایەتی بێدار دەكاتەوە، لەوەی كە هەمووان بە فەرمانی خوای باڵا دەست دروست بوونە‌و، هەمووانیش لەبنچینەوە لە یەك دایك‌و باوك پەیدا بوونە‌و كراون بە گەل‌و هۆزو تیرەی جیا جیا بۆ ئەوەی یەكترناسی ببێتە پردی پەیوەندیەكان‌و، كەسیش خۆی بەسەر كەسی تر نەسەپێنێت، لەبەر ئەوەی پێوەری راستەقینەی ڕێزداری‌و بەڕێزی مرۆڤەكان لای خوای گەورە تەنها بە هەبوونی پلەی تەقوادارێتیە، لەوەشدا خوا خۆی زانایە‌و دەزانێ‌ كێ‌ لەكێ‌ باشترە‌و كێش لە كێ‌ بەڕێزو پایەدارترە.

 

خوای گەورە دەفەرموێ‌: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ ؤأُنْثَي ؤجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا ؤقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ)(1)، واتە: ئەی خەڵكینە بێگومان ئێمە هەمووتانمان لە نێرو مێیەك دروستكردووە (كە باوكە ئادەم‏ و دایكە حەوایە)و كردوومانن بە چەندەها گەل‌و تیرە‌و هۆزی جۆر بەجۆر، تا یەكتر بناسن‏‌و پەیوەندیتان خۆش بێت بەیەكەوە.. بەڕاستی بەڕێزترینتان لای خوا ئەو كەسانەتانە, كە زۆرتر لە خوا ترسەو فەرمانبەرداری خوایە، بێگومان خوا زاناو ئاگایە بەهەمووان.

 

ئەگەر وردبینەوە لە ناوەرۆك‌و مانا قوڵەكانی نێو ئەو ئایەتە، دەبینین خوای گەورە بەشێوەیەكی گشتی‌و لە چەند وشەیەكی كورت، كۆمەڵێك ڕێسای گرنگ‌و هەستیاری باس كردووە، كە دەكرێ‌ هەریەك لەو ڕستانە ببێتە یاسایەكی بنەڕەتی بەشێوەیەكی وا، كە تێكڕای مرۆڤایەتی سوودی لێ‌ ببینێت‌و كۆمەڵگەكانیش بخاتە ناو بازنەی بەها مرۆڤایەتیەكانەوە.

 

چونكە لەلایەكەوە خوای گەورە كۆمەڵێك حەقیقەتی ڕەها‌و تایبەتی بۆ ئێمەی مرۆڤ ڕوون كردۆتەوە، بۆ ئەوەی تێبگەین، كە ئەم بوونەوەرە لەخۆڕا دروست نەبووە‌و هەرواش بەڕێوە ناچێ‌، بەڵكو خالق‌و پەروەردگارێك هەیە، كە كاروباری ئەو بوونەوەرو كەون‌و كائیناتە بەڕێوە دەبا‌و هەر خۆیشی دەزانێ‌ چۆن ڕایگرتووە‌و چۆنی بەڕێوە دەبا.

 

لە لایەكی تریشەوە وەك چۆن لە پێشەوە كۆمەڵێك بنەمای گرنگی سیمای كۆمەڵگەی ئیسلامی بۆ دیار كردین‌و فێری ئەوەشی كردین، كە پێویستە لە چیدا پابەند بین‌و لە چیشدا دوورە پەرێز بین، بۆ ئەوەی لە سنووری بازنەی ئیمان‌و چوارچێوەی كۆمەڵگەی ئیسلامیەوە، ئەرك‌و مافی خۆمان بزانین‌و، بە هەستی دینداری‌و مرۆیی‌و بەرپرسیارێتی دونیا‌و قیامەتیەوە هەڵسوكەوت بنوێنین‌و هەنگاو بنێین.

 

بەڵام لێرەوە خوای گەورە بازنە‌و چوارچێوەكە بەرفراوان دەكا‌و، ڕێسا گشتیە مرۆییەكان دەخاتە ڕوو، بۆ ئەوەی نەك بەتەنها موسڵمانان، بەڵكو تێكڕای مرۆڤایەتی لە هەندێ‌ مەسەلەی هەستیارو مرۆیی هۆشیاركاتەوە، كە پەیوەستیان بە ژیان‌و كەڕامەت‌و مافی مرۆڤەكانەوە هەیە.

 

بۆیەش هەر لەسەرەتای دروست بوونی مرۆڤەوە تا دونیا تێك دەچێ‌، خوای گەورە بە پێی پێویستی قۆناغ‌و سەردەمەكان‌و، ئاستی گەل‌و هۆزو تیرەو نەتەوە‌و تەنانەت جیهانیشەوە، پێغەمبەرانی ناردووە بۆ ئەوەی زەوی‌و ئاسمان‌و دونیا قیامەت پێكەوە ببستنەوە‌و، پەیامی خوای گەورە بە مرۆڤەكان بگەیەنن، تا بەهۆیەوە لە شتەكان هۆشیاریان بێتەوە‌و بزانن لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی گەورەدان‌و لەپێناو پەرستنی خوای جیهانیان دروست كراون، هەروەك خوای گەورە دەفەرموێ‌: (وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ ؤالْإِنْسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ)(2)، واتە: بێگومان من پەری‌و ئادەمیزادم دروست نەكردووە تەنها بۆ ئەوە نەبێت, كە من بپەرستن‌و فەرمانبەردارم بن.

 

لەبارەی ژیان‌و مردنی مرۆڤەكانیشەوە خوای گەورە دەفەرموێ‌: (الَّذِي خَلَقَ الْمَوْتَ ؤالْحَيَاةَ لِيَبْلُؤكُمْ أَيُّكُمْ أَحْسَنُ عَمَلًا ؤهُؤ الْعَزِيزُ الْغَفُورُ)(3)، واتە: هەر ئەو خۆی مردن‌و ژیانی بەدیهێناوە، تا تاقیتان بكاتەوە، كێتان كردەوەی چاكترو پەسەندترە، هەر ئەویش زاتێكی باڵادەستە بەسەر بێ‌ باوەڕاندا، وە لێخۆشبووە لە ئیمانداران.

 

لەبارەی دروستكردنی ئاسمانەكان‌و زەویەوە دەفەرموێ‌: (ؤهُؤ الَّذِي خَلَقَ السَّمَاؤاتِ ؤالْأَرْضَ فِي سِتَّةِ أَيَّامٍ ؤكَانَ عَرْشُهُ عَلَي الْمَا‌وِ لِيَبْلُؤكُمْ أَيُّكُمْ أَحْسَنُ عَمَلًا)(4)، واتە: ئەو خوایە زاتێكە ئاسمانەكان‏‌و زەوی لە ماوەی شەش ڕۆژدا دروستكرد، تەختی فەرمانڕەوایەتی (كە دروستكراوێكی زۆر گەورە‌و شكۆمەندە) لەسەر ئاو بوو، تا تاقیتان بكاتەوە, كە كێتان كاری چاكتر ئەنجام دەدات (فەرمانبەردارێكی چاكە).

 

هەروەها مرۆڤی كردووە بە جێنشین لەسەر زەوی لە بارەی بەش‌و دابەشبوونی جۆر‌و چۆنیەتی ژیانیشیان دەفەرموێ‌: (ؤهُؤ الَّذِي جَعَلَكُمْ خَلَائِفَ الْأَرْضِ ؤرَفَعَ بَعْضَكُمْ فَوْقَ بَعْضٍ دَرَجَاتٍ لِيَبْلُؤكُمْ فِي مَا يَ‌َتَاكُمْ إِنَّ رَبَّكَ سَرِيعُ الْعِقَابِ ؤإِنَّهُ لَغَفُورٌ رَحِيمٌ)(5)، واتە: خوا هەر ئەو زاتەیە، كە ئێوەی كردووە بەجێنشینی (گەلانی رابووردوو) لەم زەویەدا، چەندەها پلەوپایەی هەندێكتانی بەسەر هەندێكی ترتاندا بەرز كردۆتەوە (لەڕووی زانستی یان سامان یان هێز… هتد)، بۆ ئەوەی تاقیتان بكاتەوە بەوەی كە پێی بەخشیوون، دڵنیاش بە كە پەروەردگاری تۆ لە تۆڵەسەندنەوەدا خێرایە (لەوانەی كە لە تاقی كردنەوەكەدا دەرناچن) بێگومان ئەو زاتە لێخۆش بووە‌و میهرەبانیشە (بۆ سەرفرازان).

 

دوای ئەوەش خوای باڵادەست ئاوەدانی زەوی بە مرۆڤ سپاردووە: (هُۆ أَنْشَأَكُمْ مِنَ الْأَرْچِ ۆاسْتَعْمَرَكُمْ فِیهَا)(6)، واتە: خوای گەورە بەرپای كردوون لە زەویداو داوای لێكردوون كە ئاوەدانی بكەنەوە.

 

لەگەڵ ئەوەش خوای گەورە داوا دەكات كارێك نەكەین ببێتە هۆی تێكچوونی ئەو ئاوەدانیە‌و نانەوەی ئاشوب‌و كاری ناڕەواوە، هەروەك دەفەرموێ‌: (ؤلَا تُفْسِدُوا فِي الْأَرْضِ بَعْدَ إِصْلَاحِهَا ؤادْعُوهُ خَوْفًا ؤطَمَعًا إِنَّ رَحْمَةَ اللَّهِ قَرِيبٌ مِنَ الْمُحْسِنِينَ)(7)، واتە: (خەڵكینە) فەساد‏و گوناهو تاوان ئەنجام مەدەن لە زەویدا دوای ئەوەی چاكەكاریی ڕەنگی گرتووەو (خەڵكی خەریكن خووی پێوە دەگرن)، بەردەوام هاناو هاوار بۆ خوا بەرن لە ترسی سزای دۆزەخ‌و بەئومێدی بەدەستهێنانی بەهەشت، بەڕاستی ڕەحمەتی خوا نزیكە لە چاكەكاران‌و چاكەخوازانەوە.

 

كەواتە لە كۆی ئەو دەقانەی سەرەوە گەیشتینە ئەو ڕاستیە، كە مرۆڤبوونی مرۆڤ لەوە دەرەكەوێ‌، كە لە ئاست هەرسێ‌ لایەنی (بەرپرسیارێتی، تاقیكردنەوە، چاكەكاری) هۆشیار بێت، ئەوەش بەوە دروست دەبێ‌ كە ناوەرۆكی ئایەتی (13)ی سوڕەتی ئەلحوجوڕات لەناو مرۆڤەكان وەك پرنسیپی مرۆیی جێگیر بكرێ‌‌و، خەڵكی بزانن‌و چاوكراوە بن لەهەمبەر ئەو ڕێسا‌و یاسا فراوان‌و بابەتیانەی خوای گەورە باسی لێوە كردووە، بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕێی چەند باسێكەوە دەچینە نێو ئەو بەشەوە:

 

 

پێوەری یەكسانی مرۆڤەكان لە بنەچە‌و دروستبووندا

لەسەرەتای پەیامی ئەو ئایەتە، كە خوای گەورە بە شێوەیەكی گشتی‌و، بۆ تێكڕای مرۆڤایەتی نیدای كردووە، بەڵگەیەكی بەهێزە لەسەر ئەوەی مرۆڤەكان لە كیانی مرۆڤبوون‌و بنچینەی دروستبوونەوە یەكسانن.

 

لە پێنج شوێنی پێشەوەی ئەو ئایەتە خوای گەورە بە سیفەتی ئیمانەوە بانگەوازی ئیماندارانی كرد، بۆ ئەوەی مرۆڤی بڕوادار ڕابێنێ‌ لەسەر بەها ئەخلاقی‌و مرۆیی‌و دیینیەكانی وەك: گوێڕایەڵی فەرمانی خوا‌و، چۆنیەتی ئەدەب نواندن بەرامبەر پێغەمبەرو، ئارام گرتن‌و، بەكارهێنانی عەقڵ‌و، شێوازی مامەڵكردن لەگەڵ زانیاری‌و، هەواڵی بێ‌ بنەما‌و، كاری ئیسڵاح خوازی‌و، ئاشتەوایی‌و، دروست كردنی برایەتی‌و، وازهێنان لە دیاردە قێزەونەكانی وەك: سوكایەتی كردن بە خەڵك‌و ناو‌و ناتۆرە لێك نان‌و گومانی خراپ‌و غەیبەت‌و سیخوڕی.. هتد.

 

بەڵام لەو ئایەتەوە خوای گەورە ڕووی بانگەوازی بۆ تێكڕای مرۆڤایەتیە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی گشتی هەموان لەوە بێداركاتەوە، كە دەبێ‌ مرۆڤ بزانێ‌ كێ‌ دروستی كردووە‌و، كێ‌ دابەشی كردووە بەسەر زمان‌و خاك‌و ڕەنگ‌و رەگەزەوە، بۆ ئەوەی لای هەمووان ڕوون بێ‌، كە خوایەكی باڵادەست هەیە كاروباری ئەو بوونەوەرە بەڕێوە دەبات‌و، لە لایەكی تریشەوە بۆ ئەوەی ئەو چەند شتانە ببنە بناغەی پێكەوە هەڵكردنی مرۆڤەكان لەسەر زەویدا.

 

خوای گەورە دەفەرموێ‌: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ ؤأُنْثَي..)، واتە: ئەی خەڵكینە بێگومان ئێمە ئێوەمان لە نێرو مێیەك دروست كردووە.

 

بەپێی ئاماژەی ئەو ئایەتە، كە خوای گەورە دەیەوێ‌ بیرمان خاتەوە هەموومان لە ئەسڵدا دەگەڕێینەوە سەر یەك دایك‌و باوكەوە (باوكە ئادەم‌و دایكە حەوا)، دەگەینە ئەو ڕاستیە، كە ئەوە مانای وایە مرۆڤەكان بە جیاوازی رەنگ‌و ڕەگەزو شوێن‌و زمان‌و گەورە‌و گچكەوە، خوشك‌و برای یەكترن‌و دەبێ‌ وەك چۆن خوشك‌و برا هەڵسوكەوت لەگەڵا یەكتری دەكەن، بەهەمان شێوە مرۆڤەكانیش بەو شێوە هەڵسوكەوت بنوێنن، چونكە هەموویان ئەندامی خێزانێكن‌و دەگەڕێنەوە سەر یەك دایك‌و باوك، كە خوای گەورە دروستی كردوون.

 

ئەو یەكسان بوونەی مرۆڤەكان لە دیدی جیهانێتی ئیسلامدا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەسڵی فیترەت‌و دروستبوون‌و ئادەمی بوونەوە(8)، كەواتە لەو ڕووەوە جیاوازی نیە لە نێوان‌و ئافرەت‌و پیاو، ڕەش‌و سپی، گەورە‌و گچكە، كورت‌و درێژ، دەوڵەمەندو هەژار، بەدەستەڵات‌و بێ‌ دەستەڵات، كوردو عەرەب، فارس‌و تورك، ئەفغانی‌و پاكستانی، ئەمریكی‌و ئوستراڵی، هندی‌و مسڕی، سویدی‌و بولغاری...هتد. بەڵكو هەموویان وەك مرۆڤ لەیەك بنەچە‌و لە یەك دایك‌و باوكەوە دروست بوون، هەر وەكو خوای گەورە لە ئایەتێكی تر ئاماژە بەو راستیە دەكات‌و دەفەرموێ‌: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ اتَّقُوا رَبَّكُمُ الَّذِي خَلَقَكُمْ مِنْ نَفْسٍ ؤاحِدَةٍ ؤخَلَقَ مِنْهَا زَوْجَهَا ؤبَثَّ مِنْهُمَا رِجَالًا كَثِيرًا ؤنِسَا‌وً ؤاتَّقُوا اللَّهَ الَّذِي تَسَا‌وَلُونَ بِهِ ؤالْأَرْحَامَ إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلَيْكُمْ رَقِيبًا)(9)، واتە: ئەی خەڵكینە لە خەشم‌و ناڕەزایی ئەو پەروەردگارەتان خۆ بپارێزن, كە ئێوەی لە تاكە نەفسێك دروست كردووە، هەر لەو نەفسەش هاوسەرەكەی بەدی هێناو لەو دووانە پیاوان‏‌و ژنانی زۆری خستۆتەوەو بڵاوكردەوە، هەروەها لەو خوایە بترسن كە لە یەكتر داوا دەكەن بەناوهێنانی ئەوەوە، هەوڵ بدەن پەیوەندی خزمایەتیش بپارێزن‌و (پتەوی بكەن) چونكە بەڕاستی خوا (هەمیشە و بەردەوام) چاودێرە بەسەرتانەوە.

 

هەروەها پێغەمبەری سەروەر(درودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێ‌: (كلكم بنو آ‌دم وآدم خلق من تراب)(10)، واتە هەمووتان نەوەی ئادەمن‌و ئادەمیش لە خۆڵ دروست كراوە.

 

 

بۆیەش لە چەندین شوێنی تری ناو قوڕئان خوای گەورە بە نەوەی ئادەمی بانگیان دەكات، بۆ نمونە دەفەرموێ‌: (أَلَمْ أَعْهَدْ إِلَيْكُمْ يَا بَنِي آ‌دَمَ...)(11)، (يَا بَنِي آدَمَ قَدْ أَنْزَلْنَا عَلَيْكُمْ لِبَاسًا...)(12)، (يَا بَنِي آ‌دَمَ لَا يَفْتِنَنَّكُمُ الشَّيْطَانُ...)(13)، كە هەموو ئەوانە ئاماژەی بەهێزن لە گەیاندنی پەیامی یەكسانی لە نێوان مرۆڤەكان لە ئەسڵی دروست بوون‌و خیلقەتەوە.

 

كەواتە لەئەنجامی خستنە ڕووی ئەو بەشەی ئایەتی (13)ی سوڕەتی ئەلحوجوڕاتدا دەكرێ‌ بڵێین سێ‌ ئاماژەی گرنگی تێدا بەدی دەكرێت:

 

یەكەم: مرۆڤەكان لە بەنەچەوە یەكسانن‌و دەگەڕێنەوە سەر یەك دایك‌و باوك، كە ئەمە ئاماژەیە بەوەی مرۆڤەكان دەبێ‌ وەك ئەندامی خێزانێكی گەورە هەڵسوكەوت‌و مامەڵە لەگەڵ یەكتری بكەن، خوای گەورەش ئاماژەكەی بۆ تێكڕای مرۆڤایەتیە‌و خۆی لەو ڕستەیە دەبینێتەوە، كە دەفەرموێ‌: (ێا أَیُّهَا النَّاسُ..)، بۆ ئەوەی تێكڕای مرۆڤایەتی بگرێتەوە‌و لە‌و پەیامە بێداریان بێتەوە.

 

دووەم: خوای گەورە مرۆڤەكانی دروست كردووە: (إِنَّا خَڵقْنَاكُمْ)، ئەوەش ئاماژەیە بەوەی, كە خوای گەورە دروستكەری ئێمەیە‌و ژیان‌و حاڵ‌و گوزەران‌و مردنیشمان بە دەست ئەوە، وەك لە ئایەتێكی تر دەفەرموێ‌: (ؤاللَّهُ خَلَقَكُمْ مِنْ تُرَابٍ ثُمَّ مِنْ نُطْفَةٍ ثُمَّ جَعَلَكُمْ أَزْؤاجًا ؤمَا تَحْمِلُ مِنْ أُنْثَي ؤلَا تَضَعُ إِلَّا بِعِلْمِهِ ؤمَا يُعَمَّرُ مِنْ مُعَمَّرٍ ؤلَا يُنْقَصُ مِنْ عُمُرِهِ إِلَّا فِي كِتَابٍ إِنَّ ذَلِكَ عَلَي اللَّهِ يَسِيرٌ)(14)، واتە: خوا ئێوەی لە خاك دروستكردوە، لەوەو دواش لە نوتفەیەك (كە بریتیە لە بەیەكگەیشتنی سەرەمێكوتەیەك لەگەڵ هێلكۆكەیەكدا) لەوەو دوا كردوونی بەجووت (بە نێرو مێ‌)، هیچ مێینەیەك ئاوس نابێت‏‌و نازێت‏‌و سكەكەی دانانێت تەنها بە ئاگاداری ئەو زاتە نەبێت، هیچ تەمەن درێژێك، تەمەنی درێژ نابێت‏‌و لە تەمەنی كەم نابێتەوە، بێ‌ ئەوەی لە زانستی خوادا یاداشت نەكرابێت، بێگومان ئەو شتە لەسەر خوا ئاسانە.

 

سێیەم: لە وەچەی ئادەمەوە‌و لە ئەنجامی بە یەك گەیشتنی نێرو مێ‌ گرۆی مرۆیی زیاد كردووە، واتە هەموومان لە دایك‌و باوكێكەوە هاتووینەتە نێو دونیا‌و ژیانەوە: (مِنْ ذَكَرٍ ؤأُنْثَي)، هەروەك لە شوێنێكی تر دەفەرموێ‌: (هُؤ الَّذِي خَلَقَكُمْ مِنْ تُرَابٍ ثُمَّ مِنْ نُطْفَةٍ ثُمَّ مِنْ عَلَقَةٍ ثُمَّ يُخْرِجُكُمْ طِفْلًا ثُمَّ لِتَبْلُغُوا أَشُدَّكُمْ ثُمَّ لِتَكُونُوا شُيُوخًا ؤمِنْكُمْ مَنْ يُتَؤفَّي مِنْ قَبْلُ ؤلِتَبْلُغُوا أَجَلًا مُسَمًّي ؤلَعَلَّكُمْ تَعْقِلُونَ)، واتە: ئەو خوایە لە خاك ئێوەی دروست كردووە، لەوەودوا لە نوتفە (كە بریتیە لە بەیەكگەیشتنی سەرەمێكوتەیەك كە بەچاو نابینرێت بە هێلكۆكەیەك كە بەقەدەر خاڵێكی بچووكە) لەوەودوا دەبێتە خۆ هەڵواسەرێك پاشان دەرتان دەهێنێت‏ كە منداڵێكی ساوان، بەرەبەرە گەورەتان دەكات بۆ ئەوەی بگەنە ئەوپەڕی هێزو تواناو ژیریتان، پاشان بۆ ئەوەی ببنە پیرو پەككەوتە، هەشتانە، پێش ئەوەی بگاتە یەكێك لەو قۆناغانە، دەمرێت، هەتانە دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی بگاتە كاتێكی دیاریكراو، (خوای گەورە ئەم هەموو راستیانەتان دەخاتە بەرچاو) بۆ ئەوەی عەقڵ‏ و ژیریتان بخەنە كار.

 

كەواتە ئەو دەققانەی سەرەوە‌و، كە بەڵگەی نەقڵین‌و بە بەڵگەی عەقڵیش پەیامە پێمان دەڵێ‌: مرۆڤەكان یەكسانن‌و خوای گەورە دروستی كردوون‌و هەمووشمان لە نێرو مێیەكەوە هاتوینەتە دونیا، بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بنەمایەوە مامەڵەی مرۆیی بنوێنین‌و، نەكەوینە ژێر كاریگەری ئەو بیردۆزە نەفامانەی پێیان وایە مرۆڤ‌و كەون لەخۆڕا دروست بوونە.

 

 

رەهەندی جیاوازی نەژادی‌و دابەشبوونی ڕەگەزی

ئەگەر لە ناوەرۆكی ئایەتەكە ورد بینەوە، دەبینین خوای گەورە دوای ئەوەی ئەسڵ‌و بنچینەی مرۆڤەكانی گەڕاندەوە سەر یەك دایك‌و باوك، لەهەمان كات ئاماژەی بەوە كرد كە مرۆڤەكان بە فەرمانی خوا لە دایك‌و باوكەوە پەیدا دەبن، ئیدی لەگەڵ زیادبوونی ئەو وەچەیە‌و بڵاوبوونەوەی بەدونیادا، خوای گەورە ویستی لەسەر ئەوە بووە، كە بیانكات بە تیرە‌و هۆزو گەل‌و نەتەوەی جیا جیا بۆ ئەوەی بتوانن لەناو خۆیاندا تەعاروف‌و یەكترناسی دروست بكەن.

 

خوای گەورە دەفەرموێ‌: (ۆجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا ۆقَبَائِڵ لِتَعَارَفُوا)، واتە: كردوومانن بە چەندەها گەل‌و تیرە‌و هۆزی جۆربەجۆر، تا یەكتر بناسن‏‌و پەیوەندیتان خۆش بێت بە یەكەوە.

 

خوای گەورە ویستی وابووە، كە خەڵك دابەشی سەر چەندین تیرەو گەل‌و نەتەوە‌و هۆز بێت، بەڵام مەبەست لەو دابەشبوونە ئەوە نیە، كە مرۆڤەكان دژایەتی یەكتر بكەن‌و یەكتر بچەوسێننەوە‌و، بە كلتوورو فەرهەنگی یەكتر رازی نەبن‌و، خۆیان بەسەر یەكترەوە هەڵكێشن.

 

ئەو دابەشبوون‌و جیاوازیە بۆ ئەوە نیە نەتەوەیەك بیەوێ‌ نەتەوەیەكی تر قڕ بكات‌و، ستەم‌و زۆرداری بەرامبەر بنوێنێ‌، بۆ ئەوە نیە گەل‌و هۆزێك ئەوەی بەرامبەری ڕەت كاتەوە‌و ئامادەی قبوڵكردنی تایبەتمەندیەكانی نەبێت، بۆ ئەوە نیە مرۆڤەكان دژ بە یەك بوەستێنی‌و، هەر كەسەی لەدژی ئەوەی تر ڕەفتاری نامرۆڤانە‌و نا دروستانە ئەنجام بدات، بۆ ئەوە نیە تیرەیەك پێی وابێ‌ (لەبەر هەر هۆیەكە) ئەو باشترە لە تیرەیەكی تر‌و خۆی بەسەردا هەڵكێشێ‌‌و لافی باشێتی لێ‌ بدات، بۆ ئەوە نیە گەلێك پێی وابێ‌ زمان‌و ڕەنگ‌و نەژادی لە گەلێكی تر لە پێشترو باشترەو، لەسەر ئەوە مافی زیاتر بۆ خۆی بە ڕەوا بزانێ‌‌و گەلانی تریش بێ‌ ماف بمێننەوە. بۆ ئەوە نیە نەتەوەیەك بیەوێ‌ دەستەڵاتی دونیایی بگرێتە دەست‌و، گەل‌و كەمە نەتەوایەتیەكانی تر ژێر دەستە بكا‌و بیانچەوسێنێتەوە، بۆ ئەوە نیە هەر تیرەو هۆزو گەلێك چەمكی ڕەگەزپەرستی‌و نەژادپەرستی بكاتە ئامانجی خۆی‌و تەنها خۆی بوێ‌‌و بەس.

 

چونكە لەو بارەوە پێغەمبەری ئیسلام دەفەرموێ‌: (لیس مِنَّا من دَعَا إلی عَصَبِیَّەٍ ۆڵیْسَ مِنَّا من قَاتَڵ علی عَصَبِیَّەٍ ۆڵیْسَ مِنَّا من مَاتَ علی عَصَبِیَّەٍ)(15)، واتە: هەر كەسێك بانگەشەی دەمارگیری بكا‌و لەو پێناوەدا شەڕی لەسەر بكا‌و وە لەسەر بیروباوەڕی دەمارگیری بمرێت لە ئێمە نیە.

 

وە ئەوەی حاشایش لە نەتەوە‌و تیرەو هۆزو گەلەكەی بكات، ئەوە دەكەوێـتە بەر نەفرەتی خوای گەورەوە، چونكە خوای گەورە وای داناوە فلان كەس لە فلانە نەتەوەو هۆزە بێت، هەروەكو پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێ‌: (مَنْ ادَّعَي إلي غَيْرِ أبيه أو انْتَمَي إلي غَيْرِ مَؤالِيهِ فَعَلَيْهِ لَعْنَةُ اللَّهِ ؤالْمَلَائِكَةِ ؤالنَّاسِ أَجْمَعِينَ لَا يَقْبَلُ الله منه يوم الْقِيَامَةِ صَرْفًا ولا عَدْلًا)(16)، واتە: هەر كەسێك حاشا لە باوكی خۆی بكا، یان حاشایی لە تیرەو هۆزو نەژادی بكات، ئەوە بەر نەفرەتی خوای گەورە‌و فریشتە‌و تێكڕای خەڵكی دەكەوێت‌و هیچیشی لێ‌ وەرناگیرێت.

 

بەڵكو ئەو دابەشبوونەی مرۆڤ بەسەر تیرە‌و هۆزو گەل‌و نەتەوە لەپێنا‌و ئامانجێكی گەورەی مرۆیی‌و ژیانی‌و ژیاری‌و ویژدانیە‌و خوای گەورە ئاماژەی پێداوە: (لِتَعَارَفُوا)، واتە بۆ یەكتر ناسین‌و ئاشنایەتی یەكترە، دیاریشە مەبەست لەو بەیەكتر ئاشنا بوونە بۆ ئەوەیە:

 

1- ئەو تیرەو گەل‌و هۆزانە هەوڵی سەرخستنی یەكتر بدەن‌و لە كاتی پێویست بەهانای یەكترەوە بچن.

2- بۆ ئەوەی هەر نەتەوە‌و گەل‌و تیرەیەك، گیانی هاوكاری بكاتە بنەمای ئاشنایەتی لەگەڵ بەرامبەرەكەیدا.

3- تا هەر نەتەوەو گەلێك دان بەمافی گەلەكەی تر بنێت، چونكە یەكترناسی بێ‌ داننان بە مافی یەكتری نایەتەدی.

4- هەر گەل‌و نەتەوەیەك پەیامی ئاشتەوایی‌و دۆستایەتی‌و پەیوەندی بكاتە پردی ئاشنابوونی لەگەڵ نەتەوەكانی ترەوە.

5- دەبێ‌ هەر نەتەوە‌و هۆزو گەلێك ئەوەی بەرامبەری پێ‌ قەبوڵ بێت، چونكە بێ‌ بوونی ئەو چەمكە تەعاروف سەرناگرێ‌‌و دەپوكێتەوە.

6- هەر تیرەو هۆزو گەلێك دان بە تایبەتمەندی گەلەكەی تر بنێت‌و، ڕەچاوی فەرهەنگ‌و كەلتوورو نەریتەكانی بكات.

7- بۆ ئەوەیە هەر گەل‌و هۆزو نەتەوەیەك ئاڵوگۆڕی سیاسی‌و بازرگانی‌و زانستی‌و بەرژەوەندی لەگەڵ یەكتر بكەن، چونكە ئەمانە زادەی یەكترناسی نێوان نەتەوەكانن.

8- بۆ ئەوەیە ئێمەی مرۆڤ بزانین ئەو دابەشبوونە ویستی خوای لەسەرە، نەك ویستی نەتەوەكان خۆیان بێت، واتە خوا وای داناوە من كورد بم‌و ئەوی تر عەرەب‌و ئەویتر فارس‌و ئەویتر بەنگلادیشی بێت.

 

جیهانبینی ئیسلام بۆ چەمكی مرۆڤایەتی خۆی لەسەر ئەو بنەما پڕ حیكمەتە دەبینێتەوە، كە پێی دەگوترێ‌ ( التعارف)، دیارە ئەگەر ئەو ئاشنایەتی‌و تەعاروفە لەنێوان‌و دوو كەس یان دوو خێزان یان دوو بنەماڵە دروست ببێ‌، ئەوە چەندین كاریگەری ئەرێنی دروست دەبن‌و هەردوولا لە سایەی ئەو ئاشنایەتی‌و یەكتر ناسینە دەكەونە حاڵەتی ژیانێكی ئاسایی‌و بەختەوەرو پڕ لە بەرژەوەندیەوە.

 

چونكە وەك باسمان كرد خوای گەورە ئاماژەی بەوە كردووە, كە مرۆڤەكان لە بنچینەدا دەگەڕێنەوە سەر ئەسڵێك‌و هەموویان خوشك‌و برای یەكترین، وە ئیسلام دەیەوێ‌ مرۆڤەكان وەك جۆرو شێوە‌و چۆنیەتی‌و جیاوازی‌و دابەشبوونی گوڵی باخچەیەكی گەورە وابن‌و، هەموویان پێكەوە هەڵكەن‌و بە ئاشنایەتیەكی بۆن خۆش‌و یەكترناسینێكی لێك نزیكەوە سەر زەوی ئاوەدان‌و بۆندارو گەش‌و جوان بكەنەوە.

 

ئەوەش جیهانبینی ئیسلام دەگەیەنێ‌، كە نەتەوەكانی وەك خۆیان قەبوڵە‌و خەڵكیش لەوە هۆشیار دەكاتەوە، كە ئەو دابەشبوونە بە پێی حەزی خوایە‌و پێویستە ڕێزی لێ‌ بگیرێت‌و، بكرێتە هۆكاری دەستەوایی كردنی یەكتر‌و لێك نزیك بوونەوەی دۆستانەو پاڵپشتی كردنی یەكترەوە.

پێوەری پایە‌و ڕێزداری مرۆڤەكان!

 

لەبەر ئەوەی خوای گەورە ئادەمیزادی دابەشكردووە بۆ سەر چەندین هۆزو گەل‌و تیرەو نەتەوەی جیا جیا‌و هەر یەكەش خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی‌و زمان‌و ڕەنگ‌و دەنگ‌و فەرهەنگ‌و كلتوری تایبەت بەخۆی هەیە، كە ئەمە بەڵگەی ئەوەیە ئیسلام دان بە نەتەوە جیاوازەكان دەنێت‌و بە شتێكی سروشتی‌و بە ویستی خوای دادەنێت.

 

خوای گەروەش لەو سوڕەتەدا بۆ ئەوەی بنەما ئەخلاقیە مرۆییەكان بە مرۆڤ ئاشنا بكات، كۆمەڵە شتێكی باس لێوە كردووە، كە لێرەوە ئەگەر دوو خاڵ بە نمونە وەربگرین، بۆ ئەوەی ئەو باسە زیاتر ڕوون بێتەوە:

 

یەكەم: خوای گەورە باسی لەوە كرد، كە بە هەر شێوەیێ‌ لە شێوەكان سوكایەتی كردن بە یەكتری حەڕامە‌و نابێ‌ بە چاوی سووك‌و بە ناوو ناتۆرەی‌و ناشیرین‌و بە هەستی گوماناوی‌و سیخوڕبازیەوە لێك بڕوانن، لەوەش زیاتر خوای گەورە غەیبەت‌و پاشەملە باسكردنی یەكتریشی بە كارێكی قەدەغەكراو وەسف كرد.

 

دووەم: خوای پەروەردگار باسی لەوە كرد لە مەبەست لە دابەشبوونی مرۆڤەكان بەسەر چەند تیرە‌و گەل‌و نەتەوەیەك، بۆ ئەوەیە یەكترناسی‌و ئاشنایەتی لەناو ڕەگەزی مرۆیی دروست ببێ، تا لە ڕێی ئەو ئاشنایەتیەوە سوودو بەرژەوەندی بۆ دونیا‌و قیامەتی یەكتر دروست بكەن.

ئێستا پێویستە پێوەرێك هەبێ‌ بۆ ئەوەی خەڵكی خۆیان لەسەر یەكتر هەڵنەكێشن‌و، نەكەونە داوی خۆبەزل زانین‌و خۆ بەباشتر دانانیان لەبەرامبەر یەكترەوە، پێویستە پێوەرێك هەبێ‌ بۆ بنەبڕكردنی ئەو دیاردەیە‌و وەلانانی پێوەرەكانی ماددی‌و هێزو جوغرافیا‌و ڕەنگ‌و زمان‌و زۆری‌و بۆریەوە.

 

چونكە ئەگەر شتێك نەبێ‌ بۆ هۆشیاربوونی مرۆڤەكان لەو بارەوە ئەوە هەر بە سروشتی حاڵ، ئەو دابەش بوونە وا دەكات خەڵك‌و تیرە‌و نەتەوەكان خۆیان بەسەر یەكەوە هەڵبكێشن‌و، ئەوەش ببێتە هۆی لەباربردنی ئامانجی دابەشبوونەكە، كە یەكترناسی‌و ئاشنایەتی نێوانیانە.

 

بۆیە خوای گەورە دەیەوێ‌ باشترین پێوەر دەستنیشان بكات‌و پێمان بڵێ‌، كە ئەوەی مرۆڤ بەڕێزو بەرزو پایەدار دەكات، تەنها (تەقوایە)، ئەگەرنا لە دروست بوون هەموو یەكسانن‌و كەس بۆی نیە فەخر بەسەر ئەوەی تر بكات.

 

خوای گەورە دەفەرموێ‌: (إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِیمٌ خَبِیرٌ)، واتە: بەڕاستی باشترین‌و بەڕێزترینتان ئەو كەسانەیە كە تەقوادارن‌و لەخواترس‌و خۆپارێزن لە خراپیەكانەوە، خوایش باش دەزانێ‌ كێ‌ وا دەبێ‌‌و زانایە بە شتە ئاشكراكانتان‌و بەئاگاو خەبیریشە بە ناخ‌و دەروون‌و ڕازو نهێنیەكانتانەوە.

 

دانانی پێوەرێكی لەو شێوە، دانانی یاسایەكی وردبینانەی ئەخلاقیە، چونكە ناكرێ‌ كەسێك لەخۆڕا بڵێ‌ من بە تەقوادارم‌و من بە شەڕەفترم لەوەی ترەوە، لەبەر ئەوەی مەسەلەی دروست بوونی تەقوا بە قسە نابێ‌، بەڵكو دەبێ‌ كارو كردەوە‌و هەنگاو‌و ڕەفتارو گوفتار‌و دڵ‌و دەروون تەواو بسازێن‌و، خۆیان دوورە پەرێز ڕابگرن لەهەموو ئەو شتانەی لە چەمكی قوڵ‌و بەرفراوانی تەقوا كەم دەكەنەوە، ئەگەر مرۆڤ تەقوادار بێت، قەت مومكین نیە بە لای شتێكی لەو شێوە بڕوات‌و گاڵتە بە كەسانی تر بكا‌و، پێی وابێ‌ شتێك هەیە ئەوی بەرز كردۆتەوە بەسەر خەڵكانی ترەوە، چونكە دەزانێ‌ گچكەترین دیاردەی كیبرو خۆبەزڵ زانین‌و خۆهەڵكێشان دەبێتە هۆی مەحڕوم بوون لە ڕەزامەندی خوا‌و بەهەشتی پڕ نازو نیعمەتەوە.

 

هەروەكو پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت)، دەفەرموێ‌: (لَا يَدْخُلُ الْجَنَّةَ من كان في قَلْبِهِ مِثْقَالُ ذَرَّةٍ من كِبْرٍ)(17)، واتە: ناچێتە بەهەشتەوە هەر كەسێك بەقەد یەك مسقالە زەڕە كیبرو خۆبەزڵزانی لە دڵدا هەبێت.

 

لەهەمان كاتیش بابەتی تەقوا شتێك نیە بانگەشەی بۆ بكرێت‌و، خەڵكێك لەو گۆڕە بڵێ‌ من لەو كەسانەم كە خۆپارێزو تەقوادارن، چونكە خوای گەورە بە ڕستەی (إِنَّ اللَّهَ عَلِیمٌ خَبِیرٌ)، ئەوەی بڕاندۆتەوە‌و لەگەڵ ئەوەش خوای گەورە لە شوێنێكی تر دەفەرموێ‌: (فَڵا تُزَكُّوا أَنْفُسَكُمْ هُۆ أَعْڵمُ بِمَنِ اتَّقَی)(18)، واتە: خۆتان بەچاك مەزانن‏‌و خۆتان بە پاڵفتە دامەنێن، هەر خوا خۆی دەزانێت كێ‌ تەقوای هەیە‌و پارێزكارە.

 

چەمكی تەقوا لە ڕووكەشی‌و روخساردا ناخوێندرێتەوە، بەڵكو پەروەردەیەكی دەروونی‌و كۆڵەگەیەكی ئیمانیە، خوای گەورەش سەیری رووكەشیەكان ناكا، تەنها سەیری ناخ‌و دەروونەكان دەكات، كە وێستگە‌و پێوەری هەبوون‌و نەبوونی تەقوایە.

 

لەو بارەشەوە پێغەمبەر دەفەروێ‌: (إِنَّ اللَّهَ لَا يَنْظُرُ إلي صُؤرِكُمْ ؤأَمْؤالِكُمْ ؤلَكِنْ يَنْظُرُ إلي قُلُوبِكُمْ ؤأَعْمَالِكُمْ)(19)، واتە: بەڕاستی خوای گەورە سەیری شێوە‌و سامانی ئێوە ناكات، بەڵكو تەماشای دڵ‌و دەروون‌و كارو كردەوەكانی ئێوە دەكات.

 

كەواتە دەگەینە ئەو ڕاستیە، ئەوەی لای خوای باڵادەست بەڕێزو چاك‌و باشە، ئەو كەسەیە كە تەقوادارەو خۆی چاك كردووە‌و كارو كردەوەی باشی زۆر هەیە، نەك ئەو كەسەی ماڵی زۆربێ‌، یان جوان بێ‌، یان خاوەنی كۆشك‌و تەلار بێ‌، یان خاوەنی نەسەب‌و تیرەو هۆز بێ‌، یان خاوەنی هێزو دەست‌و بازوو بێ‌، یان هەرشتێ‌ لەو شتە ماددی‌و دونیاگەرانەی هەبێ‌.

 

لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەو جۆرە شتانە ببونایە پێوەر لەناو مرۆڤەكان، ئەوە ئەو كات كارەساتی گەورە ڕوویان دەدا‌و، خەڵكی تووشی نەخۆشیەكی گەورە دەبوون، چونكە كەسانێك دەبوون كە خۆیان بە یەكێ‌ لەو دیاردە‌و شتە دونیاییانە هەڵبكێشن بەسەر كەسانی تردا، كە دەبووە مایەی نیگەرانی‌و نانەوەی شەڕی دەروونیەوە.

 

وەك ئەوەی ئێستا لەناو هەندێ‌ كەس‌و لایەن‌و بنەماڵە‌و عەشیرەت‌و هۆزو تیرەكان هەست پێ‌ دەكرێ‌‌و، زۆر جار بۆتە جێگەی مشتومڕو خۆ هەڵكێشان بەوەی عەشیرەتی من لە هی ئێوە باشترە، یان تیرە‌و بنەماڵەی من لە هی تۆ هەبوویی‌و لە پێشترو باشترە.

 

لە لایەكی ترەوە خوای گەورە لەسەر ئاستی دینداری، باشترین پێوەری ڕێزداری (چەمكی تەقوا)ی داناوە، وەك ئەوەی لەو ئایەتەی سەرەوە ئاماژەی پێداوە.

 

وە لەسەر ئاستی مرۆیی‌و لەبەر یەكسانی ئادەمیزاد لە ئەسڵ‌و بنچینەدا باشترین پێوەری لەنێو مرۆڤەكان (چەمكی رێز)ی داناوە، هەر وەكو دەفەرموێ‌: (ؤلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدم ؤحَمَلْنَاهُمْ فِي الْبَرِّ ؤالْبَحْرِ ؤرَزَقْنَاهُمْ مِنَ الطَّيِّبَاتِ ؤفَضَّلْنَاهُمْ عَلَي كَثِيرٍ مِمَّنْ خَلَقْنَا تَفْضِيلًا)(20)، واتە: سوێند بەخوا بەڕأستی ئێمە ڕێزمان لە نەوەی ئادەم گرتووە و بەسەر وشكانی‌و دەریادا (بەجۆرەها هۆكاری گواستنەوە) هەڵمان گرتوون‌و لە ڕزق‌و ڕۆزی پوخت‌و چاكی‌و جۆراو جۆر بەهرەوەرمان كردوون (لە خۆراك‏‌و پۆشاك‏‌و ماڵ‌و ناوماڵ‏ و.. هتد) بەڕاستی ئێمە ڕێزی زیادەی ئەوانمان داوە بەسەر زۆربەی ئەو بەدی هێنراوانەدا كە دروستمان كردوون (لە هەموو ڕوویەكەوە، تا قەدرو ڕێزی خۆیان بزانن).

 

لەسەر ئەو بنەمایە دەبینین پێغەمبەری ئیسلام (درودی خوای لەسەر بێت)، ڕێز لە تەرمی جولەكەیەك دەگرێت‌و لەبەری هەڵدەستێ‌ كاتێ‌ بەلایەوە ڕەت دەبێ‌، پرسیاری لێ‌ دەكەن ئەوە جولەكەیە چۆن لەبەری هەڵدەستی؟ لە وڵامدا دەفەرموێ‌: ئەی باشە ئەوەش نەفس نیە، ئینسان نیە خوای گەورە دروستی نەكردوە! واتە مادام مرۆڤە‌و خوا ڕێزی لێناوە، شایستەی ئەوەیە ڕێزی بگیرێ‌ با هەر دین‌و نەتەوە‌و كەسێك بێت.

 

كەواتە لە دونیادا ئادەمیزاد وەك مرۆڤ كائینێكی بەڕێز‌و ڕێز لێگیراوە، وە لەبەرامبەر خوای گەورەش ئەو كەسە بەڕێزە كە تەقوای هەیە‌و كەسێكی مولتەزیم‌و پابەندە بە ڕێسا قوڕئانی‌و سوونەتیەكانەوە.

 

چونكە ئەو كاتەی مرۆڤ بە بەرگی تەقوداری خۆی دەڕازێنێتەوە، ئەوە گەورەترین هۆكارو پاڵنەرە بۆ ڕاهێنانی دڵ‌و دەروون‌و ئاراستەكردنی مرۆڤ بەشێوەیەكی وا، كە ببێتە مایەی خێر بۆ خۆی‌و دەرووبەری لە لایەك‌و، گەیشتنی بە ڕەوشتە بەرزو بەها مرۆییەكانەوە.

 

خوای گەورەش جوانی فەرمووە: (يَا بَنِي آدم قَدْ أَنْزَلْنَا عَلَيْكُمْ لِبَاسًا يُؤارِي سَوْيَ‌َتِكُمْ ؤرِيشًا ؤلِبَاسُ التَّقْؤي ذَلِكَ خَيْرٌ ذَلِكَ مِنْ يَ‌َيَاتِ اللَّهِ لَعَلَّهُمْ يَذَّكَّرُونَ)(21)، واتە: ئەی نەوەی ئادەم، ئێمە بەڕاستی پۆشاكی لەبارمان بۆ فەراهەم هێناون، عەورەت و ئەوەی پێتان ناخۆشە دەربكەوێت دای ئەپۆشێت، هەروەها جل‌و بەرگی جوانیش, كە خۆتانی پێ‌ بڕازێننەوە (بەڵام بیرتان نەچێت) كە پۆشاكی تەقواو خواناسی چاكترو خێردارترو بەفەڕترە، ئەو پۆشاكە (ماددی‌و مەعنەویانە) لە نیشانە‌و بەڵگەكانی خوای گەورەن بۆ ئەوەی یاداوەری وەربگرن و(یادی بەهەشت بكەن).

 

 

دەرەنجامە گرنگەكانی ئەو تەوەرە

لەئەنجامی ئەو بەشەدا دەگەینە سەر ئەو ڕاستیە، كە خوای گەورە كۆمەڵێك یاسا‌و بنەمای ئەخلاقی‌و مرۆیی داناوە بۆ ئەوەی مرۆڤەكان لەناو خۆیاندا پەیڕەوی لێ‌ بكەن‌و بەهۆیەوە بتوانن‌و بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ یەكتری دەكەن، چونكە زۆربوونی هەر شتێك پێویستی بە رێكخستن‌و یەكخستنە، وەك ئەوەی دەبینی لە هەر وڵاتێك دەستووری تایبەت هەیە بۆ ئەوەی دەستە‌و گروپ‌و كۆمەڵە‌و حزب‌و لایەنەكان پێیەوە پابەند بن، تا وڵات نەكەوێتە خەتەریاتەوە، یان لەناو هەر كۆمەڵگەیەك كۆمەڵە یاسا‌و رێسایەكی لێپێچینەوە‌و دادگایی هەیە، بۆ سەرپەرشتی‌و بەدواداچوونی هەر جموجۆڵێك، كە مەترسی لەسەر كۆمەڵگە دروست دەكات، یان هەر خێزانێك تایبەتمەندی‌و دابی تایبەت بە خۆی هەیە، بۆ ئەوەی ئەندامەكانی بە شێوەیەكی جوانەوە لەناو ماڵێك مامەڵە لەگەڵ یەكتر بكەن.

 

لەسەر ئاستی مرۆیی‌و جیهانیشەوە، خوای گەورە كۆمەڵە یاساو پێوەرێكی داناوە، بۆ ئەوەی گرۆیی مرۆڤەكان پێكەوە ببەستێتەوە‌و، حاڵیان بكات لەوەی ئەو بنەما‌و پێوەرانە دەبنە هێڵی پەیوەندیەكان‌و بەهۆیانەوە دەتوانن پێكەوە هەڵكەن‌و ژیانێكی دوور لە ناكۆكی لەنێو خۆتان فەراهەم بكەن، كە دەكرێ‌ لە ڕێی چەند خاڵێكەوە ئاماژە بە چەند شتێكی گرنگ بكەین:

 

1- خوای گەروە لە ئەسڵی دروستبوون‌و هاتنە دونیاوە مرۆڤەكانی بە یەكسانی خوڵقاندووەو ڕێزیشی بۆ داناوە.

2- مرۆڤەكان لە بنچینەدا لە یەك دایك‌و باوكەوە پەیدا بوون، كەواتە خوشك‌و برای یەكترن‌و دەبێ‌ بەو هەستەوە هەڵسوكەوت لەگەڵ یەكتری بكەن.

3- دابەشبوونی مرۆڤەكان بەسەر تیرەو هۆزو گەل‌و نەتەوە، ویستی خوایە‌و لە پێناو ئامانجێكی گەورەیە، كە خۆی لە ئاشنایەتی‌و یەكترناسی‌و داننان بە یەكترو ڕەچاوكردنی تایبەتمەندی یەكترەوە دەبینێتەوە.

4- پێوەری بەڕێزی هەر مرۆڤێك لەلای خوای گەورە بەستراوەتەوە بە هەبوون‌و جێگیربوونی چەمكی (تەقوا) لە ناخ‌و دەروونی ئەو مرۆڤەوە.

5- خوای گەورە ئاگای لە نهێنیەكانی هەر مرۆڤێكە‌و زانا‌و ئاگادارە بە هەر كارو هەنگاوێك، كەواتە بەتەنها بانگە‌وازو قسەیەك، ناكرێ‌ مرۆڤەكان خۆیان بە تەقوادار بزانن‌و فەخر بەسەر یەكترەوە بكەن.

6- خوای گەورە ڕێزی لە مرۆڤ ناوە، پێویستە بەردەوامیش مرۆڤەكان بەڕێزەوە هەڵسوكەوت‌و مامەڵە لەگەڵ یەكتر بكەن.

 

پەراوێزەكان:

1_ سورە الحجرات: 13

2_ سورە الذاریات: 56

3_ سورە الملك: 2

4_ سورە هود: 7

5_ سورە اڵانعام: 165

6_ سورە هود: 61

7 _ سورە اڵاعراف: 56

8_ النظم الإسلامیە: ص47

9 _ سورە النسا‌ء: 1

10_ التفسیر المنیر: ج13 ص590

11 _ سورە یس: 60

12 _ سورە اڵاعراف: 26

13_ سورە اڵاعراف: 27

14 _ سورە فاطر: 11

15 _ سنن أبی داود: ج4 ص332

16_ صحیح مسلم: ج2 ص998

17_ صحیح مسلم: ج3 ص93

18_ سورە النجم: 32

19_ صحیح مسلم: ج4 ص1987

20_ سورە الإسرا‌ء: 70

21_ سورە اڵاعراف: 26

 

ئەم بابەتە لە ژمارە (88)ی پەیامی زانایان بڵاوكراوەتەوە.