دەرفەتێك بۆ لێدانی ئیسلام

هەتا رووداوەكان زیاتر بێنە پێشەوە ماهیەتی هەندێك كەس باشتر دەناسی، لەو كاتەی كە ئەم شەڕە نەگریسە بەرۆكی كوردستانی گرتووە، هەموومان دەزانین پێش كوردستان خودی ئیسلام وەكو ئایین قوربانی ئەم كارانەیە، بەڵام سەیرم دێت هەندێك كۆلكە رۆشنبیر‌و شرۆڤەكاری سیاسی‌و رۆژنامەڤانی هەن لە پۆستەكانیان‌و لێدوان‌و نووسینەكانیان خەریكن بەسەر ئیسلام (دەڕشێنەوە)‌و بە ئاشكرا دەڵێن ئەوە هەقیقەتی ئیسلامە، ئەوەندە هەستەی نییە بڵێت: ئەگەر ئیسلام دژی پێكەوە ژیانە، ئەی چۆنە بە درێژایی مێژووی ئیسلامەتی ئەم هەموو مەسیحی‌و جولەكە‌و ئێزدی‌و زەردەشتی‌و بووزی‌و... لە جیهانی ئیسلامی ماونەتەوە، خۆ ئەگەر تاوانی نەگریسی گرووپێكی سەرلێشێواو بەسەر ئیسلامی رەحمەت ساغ بكرێتەوە، كەواتە هیچ یەك لە مانەی وەكو مەسیحی‌و جولەكە‌و ماركسی‌و ئێزدی‌و بووزی‌و... بەدەر نین لە كوشتنی خەڵكی بێتاوان، ملیۆنان كەس بە دەستی كریستیانەكان‌و جولەكە‌و ماركسی‌و بووزیەكان تیرۆر كران، كەواتە شتێك نییە ناوی پێكەوەژیان، تا ئەو تاوانانەی بەناوی دنیای مۆدێرنەی ئەمڕۆ‌و ماركسی دوێنێ‌‌و بێدینی دوێنێ‌‌و ئەمڕۆ دژی موسڵمانان كراوە بە هەزاران قات زیاترە لەو تاوانانەی گرووپێكی سەر لێشێواو بەناوی موسڵمانانەوە دەیكات، بەڵام مانەوەی ئەم هەموو كەنیسە‌و پەرستگەی ئێزدی‌و زەردەشتی‌و جولەكە‌و دینەكانی دیكە لە جیهانی ئیسلامی جوانترین‌و چاكترین وەڵامی ئەوانەیە، دیارە ئەوانەش چاویان غەمی كوردستان‌و خۆری رووناهی ئیسلام نابینێتن بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەوانە هیچیان كەمتر نیە لەوانەی ئەمڕۆكە هەزاران كەسی كورد ئاوارە دەكەن‌و هەزاران فەلەستینی بێتاوان تیرۆر دەكەن‌و دوعاكردن بۆ موسڵمانان بە تاوان دەزانن‌و ئاگر لە گۆڕی پێغەمبەران بەر دەدەن‌و فرمێسك بۆ فەلەستین بە تاوان دەزانن‌و ژن‌و مندالی ئەفریقیا تیرۆر دەكەن... ئەوانە ئەوەندەی غەمیان ئایدۆلۆژیا مردووەكەیانە هیچ غەمی دیكەیان نییە، بەڵام خۆشبەختانە خەڵكی كوردستان وشیار‌و بێدار‌و بە ئاگایە هاش‌و هووشی بەتاڵی ئەوانە كاریان تێدا ناكات.