هیچ سەرم لە سکۆتلەندییەکان سووڕ نەما

بە درێژایی راپرسی سکۆتلەندییەکان دیقەتم دا هەموو قسەکان لە چوارچێوەی سەرسامی بوو بە بەریتانیا کە رێگەی راپرسی بە سکۆتلەندییەکان دا، بەڵام ئەوە بۆ من جێی سەرسامی نەبوو، چونکە پێشتریش سوودان هەمان مافی دایە باشووری سودان، بەڵام ئەوەی جێگەی هەلوەستەیە یەکسانی بەریتانیایە، ئەوەندە بە یەکسانی مامەڵەی لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکانی کردووە، تا سکۆتلەندیەکان ئامادە نین جیاببنەوەو بڕیاری مانەوە بدەن، ئەوە رێك هەمان حاڵەتی مێژووی ئیسلامیمان بە بیر دێنێتەوە کاتێك کریستیانەکان شان بە شانی موسڵمانان دژی خاچیەکان جەنگان، ژیان لەگەڵ موسڵمانانیان بەلاوە پەسەندتر بوو نەك لەگەڵ کریستیانەکانی رۆژئاوا.

کەچی لەبەر ئەوەی پێکەوەژیانی هەر چوار وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان، بەتایبەتی کە ئێستا باسی عێراقە تەنها کوشتن و سوتاندن و خاپوورکردن و نانبڕین بووە، بە هیچ شێوەیەك راپرسی بۆ کورد بە رەوا نابینن، چونکە دڵنیان ستەمەکانی ئەوان ئەوەندە ئازاری کوردی داوە، کورد جگە لە جیابوونەوە هیچی دیکەی ناوێت.