سوترەی پێش نوێژ سوننەتە یان واجبە؟

سوترە (سترة) بریتیە لەدانانی شتێک لە پێش جێگای سوجدە، یان نوێژکردن بەرەو شتێک بۆ ئەوەی کەس بەنێوان نوێژخوێن و ئەو شتەدا نەڕوات .

دانانی سوترە یەکێک لەو شتانەی بەهەڵە بەناو موسڵماناندا بەگشتی و گەنجان بەتایبەتی بڵاو کراوەتەوە و وایان تێگەیاندوون کە دانانی لە پێش نوێژ واجبە، لەبەر ئەوەی لە چەند فەرمودەیەک دا باسی کراوەو ئەمری پێکراوە، ئەوەش هەڵەیەکی شەرعیەو واجبکردنی شتێکە کە شەرع واجبی نەکردووە .

زانایانی ئیسلام لەسەر ئەوە یەکدەنگن کە سوترە واجب نیە بەڵکو سوننەتە، واتە دانانی خێرە و دانەنانی گوناه نیە، لەبەر ئەوەی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم خۆی نوێژی کردووە بێ ئەوەی سوترە دابنێ هەروەک لەم فەرموودانەدا هاتووە:

« أن النبي صلى الله عليه وسلم صلى بالناس بمنى إلى غير جدار » أخرجه البخاري ومسلم .

واتە: پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم پێش نوێژی بۆ خەڵک کرد لە مینا بێ ئەوەی دیواری لەبەردەم دا بێت .

« صلى رسول الله صلى الله عليه وسلم في فضاء وليس بين يديه شيء » أخرجه أحمد وأبو داود والبيهقي

واتە: پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم نوێژی کرد لەشوێنێکی کراوەدا بێ ئەوەی هیچی لەپێش بێت .

لەبەر ئەوە زانایان ئەو فەرموودانەی ئەمر بەدانانی سوترە دەکەن ئەمرەکەیان بە (ندب= سوننەت بوون) لێک داوەتەوە نەک (واجب) بوون، چونکە ئەگەر واجب بایە بێگومان پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم وازی لێ نەدەهێناو پشت گوێی نەدەخست .