ستراتیژی نوێی NRT و نیفاقی هەندێک لە میوانەکانی ...

ئەوەی من تێیگەیشتووم ستراتیژو بەرنامەی کاری ئێستای کەناڵی NRT بەپێچەوانەی دروشمەکانی پێشووی (ڕاستگۆیی، هاوسەنگی، بوێری) بۆتە چەواشەکاری‌و لایەنداریەکی ئاشکرا بە ئاراستەی لێدان‌و شێواندنی سیمای مزگەوت‌و مەلاو دینداری لە کوردستاندا .

جێی سەرنجە کە لەو ماوەیەی دەست پێکردنەوەی پەخشی ئەو کەناڵەدا زۆرترین بەرنامەی لەسەر وتاری هەینی‌و ڕۆڵی زانایانی ئاینی‌و بە خراپ پیشاندانی ڕۆڵی ئاین بووە لە کۆمەڵگای کوردیدا .

بە گشتیش بەرنامەکانی بەو ئاراستەیەدا نین کە بەدوای چارەسەری ئەو دیاردانەوە بێت کە دەیان وروژێنی بەڵکو زیاتر پیشاندان‌و زەقکردنەوەی قسەو گوتاری ئەو ژمارە کەم‌و سنوردارەی هەندێک وتاربێژو بەناو مەلایەیە کە کەس نازانێت لە چ ڕێیەکەوە نازناوی مەلایەتیان وەرگرتووە .

من نازانم NRT بە چ ویژدانێکەوە ئەو چەند دەنگە ڕیز پەڕە دەکاتە بەڵگە بەسەر ئەو زۆرینە مەلایەی جگە لە قسەی خێر و چاکەکاری شتێکی تریان لێ نەبیستراوە؟ یان بە چ ویژدانێکەوە قسەی چەند ساڵ پێش ئێستا دەکرێتە بنەمای هەڵسەنگاندنی ئێستای مامۆستایانی ئاینی؟

ئایا ئەگەر کەسێک هەڵسەنگاندنی دۆخی سیاسی ئێستای کوردستان بەپێی راگەیاندن و لێدوانەکانی چەند ساڵ لە مەوبەر بکات کە شەڕی ناوخۆ هەبوو، کە قسەی وا لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەکرا کە مرۆڤ شەرم دەکات بیڵێتەوە، ئایا بەکارێکی بابەتی‌و هاوسەنگ دادەنرێت؟

ئەی چۆن ڕەوایە وتاری چەند ساڵ لەمەوبەری مەلایەک یان نیوە مەلایەک بکرێتە نموونەی وتاری هەینی ئەو ژمارە زۆرەی تر و دیاریکردنی ئاستی مامۆستایانی ئاینی؟!

لە لایەکی ترەوە هەست دەکەم میوانەکانی ئەو کەناڵە زۆربەیان لەوانەن کە لە بەرگی پسپۆڕی فکری ئیسلامی و شارەزا لە ئیسلامی سیاسی و ...هتد دان، لە ژێرەوە دژایەتیەکی توندی خودی ئیسلام دەکەن، بەڵام بە مەلاو مزگەوتەوە دەری دەبڕن، واتە جۆرێک لە نیفاق و دوو ڕوویی لە هەندێک لەو کەسانەدا بە ئاشکرا دیارە کە لە لایەکەوە وای نیشان دەدەن گوایە ئیسلامیان قبوڵە و ڕەخنەیان لە مەلاکان هەیە لەو لاشەوە ئەوەندەی بۆیان بڕەخسێ تیری ژەهراوی دەگرنە خودی ئیسلام و گومان دەخەنە سەر سەرچاوە سەرەکیەکانی.

 

هـ بـ