چەند سەرنجێک لە سەر کۆڕۆنا

١ـ خوای گەورە لە قوڕئاندا فەرمویەتی:( قل لن يصيبنا الا ما كتب الله لنا هو مولانا وعلى الله فليتوكل المؤمنون)التوبة ٥٩.

(ئەی پێغەمبەر بڵێ : هیچ موسیبەت و ناخۆشی و کارەساتێکمان توش نابێ ، ئەوەنەبێ کە خوا لە لای خۆی بۆمانی  نوسیوە، خواش پشت و پەناو ، یارمەتی دەرو سەرخەر و پارێزەرمانە، بۆیە باهەرچی ئیماندارە پشت بە خوا ببەستێ و تەوەککولی لە سەر مەولای خۆی بێت ).

ئەم ئایەتە سەرچاوەی ورە بەرزی و نەبەزین و دڵ ئارامیە بۆ کەس و کۆمەڵگەی ئیماندار٠

چونکە:

اـ وشەی(مولی) واتە ئەوکەسەی سەرپەرشتیت دەکات و قازانج و خێری بۆت دەوێ و لە شەڕ و ناخۆشی دەتپارێزێ! کەواتە ترس و دڵە ڕاوکێی بۆ چییە کاتێک مەولای تۆی ئیماندار خوایەکی بەبەزەیی و بە دەسەڵات و بە توانا بێت و هەمو شتێک لای ئەو ئاسان و کون فەیەکون بێت؟!

ب ـ خوای گەورە فەرمانمان پێدەکات پشتی پێ ببەستین، ئەوە خۆی نیعمەتێکی گەورەیە کەڕێگەی داوین پشتی پێ ببەستین، چونکە ئەگەر لە دونیادا کەسێکی خاوەن بڕیار و دەسەڵاتێکی سنوردار پێت بڵێ من لە پشتت و لەگەڵتدام ئەوە چەند دڵت پێی خۆشدەبێ و مەمنونی دەبی؟!! لەکاتێکدا  لە لایەک دەسەڵاتی ئەو سنوردارە و بۆی هەیەنەتوانێ هیچت بۆ بکات! وەکو شیفا و چاکبونەوەو ... هتد. لە لایەکیش لەوانەیە خاوەن وەعدی خۆی نەبێت!

ج ـ لەدرێژەی چیرۆک و بەسەرهاتە قوڕئانیەکان حەقیقەتی(مولی) بونی خوای میهرەبان بۆ کەسە نزیک و پێغەمبەران و شوێنکەوتوانی ڕاستیان دەدرەوشێتەوە، بۆنمونە:

یەک: خوای گەورە ئاگری سوتێنەری بۆ ئیبڕاهیمی پێغەمبەری فێنک و سەلامەت کرد و لە شەڕی  دوژمنانی پاراست.

دوو: دەریا بە فەرمانی خوا موسا پێغەمبەری نەخنکاند! هەرچەند فرعەونی خۆبەخوازان ئەوەی دەویست، بەڵام ویستی خوا ئەوەبوو کە دەبێ فیرعەون خزمەتیشی بکات و لەماڵەکەی خۆیدا گەورەبێت و دواییش کۆشک و تەخت و تاجی تەفروتونا بکات!

سێ: ماسی و نەهەنگی گەورە نەیتوانی یونس پێغەمبەر لە قوڵایی دەریا و لەتاریکایی شەودا بخوات! بەڵکو فڕێیدایە کەنار دەریا و ڕزگاری بوو!!

چوار: زۆر نمونە و بەسەرهاتی تر لە قوڕئان و فەرمودە و ژیانی پێغەمبەری خۆشەویستمان هەیە لەوبارەوە ، لەبەر درێژبونەوەی بابەتەکە نایاننوسم.

٢ـ ئەگەر خوای گەورە کەسێکی ئیمانداری بە نەخۆشیەکی درمی گواستراوەی وەکو تاعون و کۆڕۆناو هاوشێوەکانی مراند ئەوە بە گوێرەی حەدیسی سەحیحی پێغەمبەر پلەی شەهیدی هەیە، کەواتە تۆی ئیماندار لە چی دەترسی و بۆ نیگەرانی لە مردنێک کە پلەکەی شەهیدی بێت و سەرەنجامەکەی بەهەشت و لێخۆشبونی خوابێت؟!!!

٣ـ تەوەککول لە سەر خوا ئەوەناگەیەنێ کەسی موسوڵمان ڕێکارە خۆپارێزی و  تەندروستیەکان نەگرێتە بەر و ئیهمالی بکات!!

چونکە زانایان دەفەرمون تەوەککول لە کردەوەکانی دڵە و پەیوەندی بە جەواریح و ئەندامەکانی جەستەوە نییە، بەڵکو دەبێ هەموو وەسائیلێکی سەرکەوتن بەکاربێنی ئنجا تەوەککولت لەسەر خوابێت و کار و بارت عایدی ئەو بکەی.

وەکو عومەری کوڕی خەتتاب فەرموی: ئەگەر گەنم نەچێنی و بڵێی تەوەککولم لەسەرخوایە گەنمم بۆ بڕوێنێ ئەوە نەزانی و خوانەناسینە.

بۆیە ئەگەر لەڕوی تەندروستیەوە بە پێویست زانرا بۆ خۆپارێزی و ئیحتیات کە جومعە و جەماعەت ڕابگیرێت تاکو مەترسی بڵاو بونەوەی نەخۆشیەکە لادەچێت ئەوە زۆر ئاساییە لە ڕوی شەرعەوە، چونکە پارێزگاری لە گیانی مرۆڤ لە داخوازیە گەورەکانی شەرعە.

لە کۆتاییدا،یەکەم: لە ئێستادا کە مەترسی بڵاو بونەوەی نەخۆشی کۆڕۆنا هەیە و لە چەند وڵاتێک بڵاو بۆتەوە، پێویستە هەمومان بەئەرکی شەرعی خۆمان هەستین لە خۆپارێزی و پابەندبون بە ڕێنماییە تەندروستی و شەرعیەکان لە خۆپارێزی و دوعاکردن و گەڕانەوە بۆلای خوای باڵادەست و میهرەبان.

دووەم: ترس و دڵەڕاوکێ و خەفەتخواردن شتێکی ناشەرعی و نەهی لێکراوە لە قوڕئاندا و پێغەمبەریش درودی خوای لێبێت بەردەوام دوعای خۆپارێزی لە ترس و دڵەڕاوکێ و خەمباری کردووە. لەڕوی زانستیش دەرکەوتووە کە بەرگری لەش لاوازدەکات و زەمینەی توشبون بەنەخۆشی و ڤایرۆسەکان ئاسان و لەبار دەکات

بۆیە هیچ مەترسە و پشت بەخواببەستە، و هەرچی خوائیرادەی نەکات نابێت ئەگەر هەموو دونیاش بیەوێت.

واعتصموا بالله هو مولاكم فنعم المولى ونعم النصير.