قەشە کەنیسەکەی کردە پێشانگای وێنە

 

ئێستا کە لەناو رووداوكی گەورەی جیهانی داین، پێویستە وانەی گەورەی لێ هەڵێنجین، یەکێك لەوانە دیمەنی ئەو قەشەیەی ئیتاڵیا بوو، لەبەرئەوەی کڵێساکەی چۆڵ بووە، نامەی بۆ نوێژخوێنانی ناردووە یەکەو وێنەیەکی بۆ بنێرن، ئینجا وێنەکانی گەورە کردوونەو، لەسەر کورسییەکانی داناوە، بۆئەوەی چیدی هەست بە تەنیایی نەکات. ئەمەش وێڕای وەفاداری، پێمان دەڵێت:

(ئەگەر خەڵك نەبێت، قەشەی کڵێسا (هیچی پێناکرێت)، مەلای مزگەوت (هیچی پێناکرێت)، سیاسی و بەرپرسەكان (هیچیان پێناكرێت)، ڕاگەیاندنكار (هیچی پێناكرێت)، بازرگان و دوکاندارو خاوەن پێشانگاکان (هیچیان پێناکرێت)، مامۆستای قوتابخانەو زانکۆو پەیمانگاکان (هیچیان پێناکرێت)، کرێکار (هیچی پێناکرێت)، کاسب (هیچی پێناکرێت)، شۆفێر (هیچی پێناکرێت)، قوتابی (هیچی پێناکرێت)، هونەرمەند (هیچی پێناکرێت)، قەساب (هیچی پێناکرێت)، نانەوا (هیچی پێناکرێت)، پزیشك (هیچی پێناکرێت)، ئەندازیار (هیچی پێناکرێت، پارێزەرو دادوەر (هیچیان پێناکرێت)،....

بە كورتی تەواوی دام و دەزگاو شوێنەكان دەوەستن.

کەواتە دەبێ بزانین هێجمان بە تەنیا هیچ نین، تەنیایی بۆ خوا باشە، با لەوڕۆوە فێری ئەوە بین واز لە خۆپەرستی و ئەنانیەت بێنین و چی دی بۆ (من) هەوڵنەدەین، با کار بۆ (ئێمە) بکەین، بەڵکە هەنگاوێکی دیکە بەسەرکەوین واز لە (ئێمە)ش بێنین و بەرەو (ئەوان) بڕۆین. بەو ئەقڵیەتە خیانەت و دزی و گەندەڵی و گرانفرۆشی و هەرچی کاری قێزەونە ناکەین، تەنانەت پارچە کلێنکسێکیش فڕینادەین و ژاوەژاوو دەنگێکیش ناکەین، چونکە (ئەوان) ئازار دەدەین، ئێستا دەبینی لەبەرئەوەی (ئەوان) لە ماڵەکانیان دانیشتوون هەموو ئیشەکانمان راوەستاون، تکایە با بۆ (ئەوان) بژین.