چۆن و بۆچی پێویستە کاربەدەستان بەشداری سیمینار و کۆنفرانسەکان بکەن

لە هەموو سیمینار و کۆنفرانسەکان تێبینی دەکرێت رێژەیەکی باشی بەرپرسەکان بەشدار دەبن، کاتێك ئاهەنگی کردنەوە دەستپێدەکات لە ریزی یەکەمەوە کورسیان بۆ تەرخان دەکرێت، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانییە، هەر زوو بەشی هەرە زۆریان دەڕۆن و بەشداریکردنەکەیان تەنیا دەبێتە شتێکی تەشریفاتی، کە دواتر وێنەی چالاکییەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکەنەوە، ئەمەش پێچەوانەی ئاواتی رێکخەرانی کۆنفرانسەکانە، چونکە کاتێك دەزگایەکی ئەکادیمی وەکو چالاکییەکی زانستی، کۆنفرانسێك ئەنجام دەدات، ئەوە پێشتر لە رووی زانستی کێشەیەکی دەستنیشانکردووە و چارەسەریشی بۆ داناوە، جا کاتێك ئەو دەزگایە کۆمەڵێك راوێژکاری وەزارەت و دەزگاکان، یان ئەندامانی لیژنە تایبەتەکانی پەرلەمان یان ئەنجومەن و دەزگاو رێکخراوەکانی نزیك لە بابەتەکە داوەت دەکەن، بۆ ئەوەیە تا دەستنیشانی دەردەکە و چارەسەرەکەشی راستەوخۆ بگاتە لایەنی بەرپرس و جێبەجێکار.

کەواتە پێویستە ئەوانە راستەوخۆ تا کۆتایی دانیشن و قەڵەم و دەفتەرێکیشیان بە دەستەوە بێت سەرنجەکانیان بنووسن، تا ئەگەر سەرۆک و جێگرێك یان وەزیرێك یان هەر بەرپرسێك نەیتوانی ئامادە بێت پێویستە یەکێك لە راوێژکارەکانی یان نوێنەرێکی بنێرێت تا کۆتایی بمێنێتەوەو شتەکان تۆمار بکات، دواتریش بەشێوەی راپۆرتێکی تێروتەسەل داوای ئەنجامەکەی لێبکات.

بەدڵنیاییەوە ئەم جۆرە مامەڵەیە دەرگایەکی گەورە بەڕووی چارەسەری زۆرێك لە ئاریشەو کێشەکان دەکاتەوە، دەزگا ئەکادیمییەکانیش رۆڵی خۆیان دەبینن لە چارەسەری ئاڵۆزی و کێشەکان، هەروەك دەکەونە کاریش بۆئەوەی رۆڵی مەزنتر ببینن لە بەرەوپێشبردنی وڵات.

بەو ئومێدەی هەر سێ سەرۆکایەتی هەرێم، پەرلەمان، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەت و دەستەو رێکخراو و تەواوی دەزگاکان ئەو بابەتە بە هەند وەربگرن و بەشداری و سەردانەکان جێگای خۆیان بگرن.