بەسە هێرشی ناڕەوا بۆ سەر مامۆستایانی ئایينی

لەم ڕۆژانەدا لە سایتە ئەلیکترۆنیەکان و سۆشیال میدیاو ناو کۆڕ و مەجلیسەکان بەداخەوە هێرشێکی ناوەڕەوا دەکرێتە سەر مامۆستایانی ئاینی بە بیانوی جۆراو جۆر کە گوایە مامۆستایانی ئاینی ترسنۆکن یان بێ هەڵوێستن یان پیاوی حکومەتن یان حیزبین و هیتریش ...

بەداخەوە کە هەندێک لەم هێرشانە لەلایەن کەسانێکەوە دەکرێت ئەهلی مزگەوت یان خۆیان بە ئەهلی زانست و دینداری لەقەڵەم دەدەن کە بە بۆچونی من یان زۆر سادە و بێ ئاگان، یان موزایەدە دەکەن و خۆیانی پێ جوان و بەناوبانگ دەکەن، لە کۆتایشدا وەک ئەوە وایە لەسەر دارێکن و بە تەورێکەوە خەریکی بڕینەوەی دارەکەن کە خۆیانی لەسەرن.

چونکە ئەگەر دڵسۆزن بۆ ئیسلام و موسڵمانان لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و شوێنە گشتیەکان و بۆ خەڵکی باس ناکەن و تیری ژەهراوی ناوەشێنن بەڵکو دوو بە دوو یان لەڕێگەی تایبەت و جێگەی خۆیەوە ڕەخنە و پێشنیارەکانیان دەخەنە ڕوو ، هەروەها ئەو خەڵکە سادە و بێ ئاگایانەی کە  مەجلیسەکانیان بە ناشیرینکردنی زانایانی ئاینی خۆش و بە برەو  دەکەن با لە خوا بترسن شەرم لەو هەموو خزمەت و ئیسڵاحەی مەلا بکەن، نەک بەشوێن هەڵەیەک یان بە مایکرسۆبێک بە شوێن خاڵێکی بچوکدا بگەڕێن و گەورەیی بکەنەوە، کەسی واهەیە خۆی فەرمانبەرە کار بەدەستە کەچی دەڵێت مەلاکان بۆ ڕێگە دەدەن دەرگای مزگەوتەکان دابخرێن، خۆی پابەندە بە ڕێنماییەکان دەستی خۆش بێت بەڵام ئایا نازانێ مامۆستایانیش فەرمانبەرن و بەرپرسی دەزگایەکی سەر بە حکومەتن کە مزگەوتە پیرۆزەکانە، یان کەسانێک خۆیان لە کوردستان ناژین و  قسەی نەشیاو بە مامۆستاینی ئاینی دەکەن کە  بۆ مەلا قسەی هەق ناکات خۆشی لە وڵاتێکدایە کە زەڕەیەک لە یاساکانی ئەو وڵاتە لانادات چونکە سزا دەدرێت یان ژیانە ئەمن و ئەمانەکەی لە دەست دەردەچێت.

هەندێ لە خەڵکی دەڵێن مەلا بۆ ئەوەناکات و ئەوە ناکات !!چما مەلا دەبێت ئەوەندە سادە  بێت هەرکەس هەستێ و بڵێت مەلا ئەوە بکە و ئەوە بڵێ ئیدی مامۆستاش هەر ڕۆژەی بە بایەک شەن و کەو بکات و بە دڵی ئەم و ئەو قسە بکات ! کە چەندین جاریش بەداخەوە مامۆستا ڕوو بە ڕووی کێشە و لێپرسینەوە هاتووە، ئەو کەسانەی ئەو قسانەیان دەکرد بچوکترین هەڵوێست و قسەیان نەبووە.

لە کۆتاییدا مەلای کورد لە مێژوودا پشکی شێری بەردەکەوێت لە سەروەریەکانمان، مامۆستایانی ئاینی مرۆڤن، فەرمانبەری حکومەتن ، بەرپرسن لە پارێزگاری لە شکۆی ماڵە پیرۆزەکانی پەروەردگار، بە فەرمانی خودا ئیتاعەی بەرپرسانی خۆیان دەکەن ، خۆیان لە ئاستی بەرپرسیارێتی و بڕیاردان لەسەر کاری خۆیانن، هەرچی بەپێ ی  بنەمانی ئاینە پیرۆزەکەمان گونجاو بێت و خزمەت بێت پەیڕەوی دەکەن و  ئەگەر ڕێگەو ڕێبازێکیش یان بیرۆکەیەک بە باش و خێر بزانن بۆ خزمەتی خەڵک و ئاین و دواڕۆژی خەڵک ئەوا ئازادن لە دەرەوەی مزگەوت پیادەی بکەن و کار لەسەر ڕێکخستن و ئیسڵاح کردن و چاککردنی بکەن .