رێزگرتن لە گەورە زانایانی ئایینی رێزگرتنە لە رێڕەوی ئایینپەروەران و سیمبولە نیشتمانیەکان

 

کورد هەمیشە خاوەنی فەرهەنگێکی گەورەی رێزگرتن لە ئایینی ئیسلام و ئیسلامپەروەران و زانایانی ئایینی بووە، وێڕای بەرز راگرتنی یادە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان، رێزو بەهای زۆری بۆ زیندوو راگرتنی بۆنە ئایینیەکانیش داناوە، تا ئەوەی گەیشتۆتە ئاستی پێکەوە گرێدانی هەردوو ئاراستەی ئایینی و نەتەوەیی.
بەو پێیەی هەستی نەتەوەیی هەستێکی رەواو خۆرسکانەی بەرزی مرۆڤە بەرامبەر گەل و نیشتمانەکەی و، هەستی ئایینیش بەهەمان شێوەو وەک هێزو بەهایەکی گەورە لەناخەوە پاڵ بە مرۆڤ دەنێت بۆ هەنگاونان بەڕووی هەر کارو کردارو بەهاو رەوشتێکی باش، کە لەخزمەتی ئایین و نەتەوەو نیشتمان بێت.
خۆشبەختانە یەکێ لە شانازیە دیارەکانی گەلی کورد، بەرز راگرتنی یادی پڕ شکۆی لەدایکبوونی پێغەمبەرە (درودی خوای لەسەر بێت)، کە گەورە زانایانی کورد بەشی شێریان هەیە لە شیاندن و بایەخدان بەم یادەو هەر لەناو کوردیش گواستراوەتەوە بۆ جیهانی ئیسلامی بەو ئاراستەو ئاستە بەرفراوانەی کە ئێستا هەیە.
کوردو یادی مەولود هەمیشە بۆنەیەکی زیندووی جەماوەری و هێمای ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستی و تەبایی و میانڕەوی بوونە، کلتورێکە لەوەی کورد وەک گەلێکی زۆرینە موسڵمان، بەردەوام نیەت و ئیرادەی خێری بۆ مرۆڤایەتی و ژیارو ژینگە ویستووەو خۆشەویستی پێشەوای مرۆڤایەتی حەزرەتی محمد (درودی خوای لەسەر بێت) کردۆتە هەوێنی ئاشتەوایی و سیمبولی پێکەوەژیان و سەقامگیری کیان و کۆمەڵگە.
ئەمساڵ جیاوازتر لە جاران و لە فیستیڤاڵێکی تایبەت و بە بەشداری راستەوخۆی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی باڵای حکومی و ژمارەیەکی بەرچاو لە زانایانی ئایینی و شێخانی تەریقەت و کەسایەتی کۆمەڵایەتی و جەماوەرێکی زۆر، ئەم یادە بە فەرمی و کۆمەڵێک بڕگەی جیاوازەوە بەرز راگیراو، تەنانەت لە زۆربەی مزگەوت و ماڵ و شارو دێهات و سەنتەرو بازاڕو دامەزراوەکانيش ئاهەنگی مەولودو شادی و خۆشی دەربڕین بەو بۆنەوە بەدی کرا.
ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە گەلی کورد لەمێژ ساڵە ئەم بۆنەو یادە بە زیندوویی دەهێڵێتەوەو بۆتە بەشێک لە کلتوری ئایینداری و ئاشنایەتی بە خۆشەویستی پێشەوای مرۆڤایەتی حەزرەتی محمد (درودی خوای لەسەر بێت)، کە هەر ساڵە فراوانتر ئاستی ئەم یادە هەڵدەکشێ و دەبێتە مایەی شادی و هەستکردن بە رۆحی دینداری، هاوکات دەرفەتێکە بۆ زیاترو زۆرتر باس و خواسی کەسایەتی ئەم پێشەوایەو دووپاتی پابەندی بە ئاکارو رەفتارو بەها باڵاکان و ئەبدەیتکردنەوە جوانیەکانی کۆمەڵگەو، بەرزکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و برایەتی و ئاشتەوایی و میانڕەوی و، دوورکەوتنەوە لە هزری توندڕەوی و یەکتر بوغزاندن، کە ئەمە کاردانەوەی ئەرێنی هەمەجۆری لە ئاراستەی پەروەردەو رەوشت و هەستی عیرفانی موسڵمانان چێ کردووەو بە قازانج گەڕاوەتەوە. 
لە هاتنە کایەی ئەم نەریت و کلتورو فەرهەنگە جوان و رەسەنە بۆ ناو کۆمەڵگەو، بونیاتی رۆشنبیری و هۆشیاری و بە زیندوو هێشتنەوەی ئەم یادو بۆنە ئایینی و نەتەوەییانە لەهزری تاکی کورد، زانایانی ئایینی رۆڵێکی سەرەکی و بەرچاو و پێشەنگیان گێڕاوەو بەردەوامیش هاندەرو پاڵپشتی جددی بوون لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگە بەرەو ئەو دەسکەوتە گرنگانەی بونەتە فاکتەری خێر بۆ گەڵ و وڵات. چونکە گوتاری مه‌لای كورد هه‌ڵقوڵاوی شه‌ریعه‌ت و تێگه‌یشتنی دروست و میانڕه‌وی و عیرفانی بووە، به‌درێژایی مێژوو مه‌لای كورد له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و رێڕه‌وه‌ ره‌سه‌ن و زانستییه‌ی گه‌وره‌ زانایان بناغه‌یان بۆ داناوه‌، هه‌میشه‌ له‌رێی په‌یام و گوتارو هه‌ڵوێسته‌وه‌ خزمه‌تێكی گه‌وره‌یان له‌ ئاست واقع و خواستی خه‌ڵك پێشكه‌ش كردووه‌و، له‌ ده‌ستنیشانكردنی برین و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر هه‌وڵی جددیان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی باشترین رێگه‌چاره‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی دینی و دونیایی پێشكه‌ش بكه‌ن.‌
هەر بە نمونە زانایانی کورد تا ئێستا پتر لە هەشتا مەولودنامەیان بە شێوازی شیعرو پەخشان لە ژین و ژیاننامەو ستایش و وەسفی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) بە زمانی شیرینی کوردی نووسیوە، کە ئاماژەن بەگەورەیی ئەم زاتە لە دیدی مەلای کورد لەلایەک و، بەشداری ئەدەب و نووسینی کوردی لە وەسفی گەورەیی پێشەوای ئۆممەت لە پاڵ زنجیرەی هەوڵە جۆراوجۆرەکانی جیهانی ئیسلامی لە لایەکی ترەوە. سەرباری ئەمەش زانایان هەمیشە رووی ده‌می گوتارو داوایان له‌نه‌ته‌وه‌ی خۆیان خێر بووەو، خۆشی پیشەو بانگه‌وازه‌ خواییه‌كه‌شیان به‌خه‌ڵات پێشكه‌ش كردووه‌.
بۆیە رێزگرتن لە خزمەت و هەوڵەکانی زانایان و بەگەورە سەیرکردن و لەبەرچاوگرتنی کۆششی بێوچانی شەوو رۆژیان، رێزگرتنە لە سەرچاوەی دروستی پەروەردەو پێگەیاندنی نەوەکان و ئاراستەی کۆمەڵگە بەرەو هەڵکشانێکی پترو چاکتر، رێزگرتنە لە سیمبول و رەمزە دیارەکانی نیشتمان، کە لەوەشدا زانایانی ئایینی جێدەستی خزمەت و خەبات و گیانفیداییان لەهەمبەر پرسی رەوای گەل و بەرپەچدانەوەی هێڕش و هەڕەشەی مەیدانی و فکری و توندڕەوی دوژمنان دیارە، رێزگرتنە لەو سەرکردانەی وەک هێمای نەتەوەیی ناویان بە زیندوویی ماوەتەوەو ژیانیان لەپێناو خزمەتی ئایین و نەتەوە وەک مۆم لێکرد بۆخۆیان سوتان و رووناکیان بە گەل بەخشی.
لەبەر ئەوە جێگەی سوپاس و پێزانین و مایەی دڵخۆشیەکی زۆر بوو، کاتێ لە فیستیڤاڵی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) سەرۆکی حکومەتی هەرێم رێزدار مەسرور بارزانی وتەیەکی جوانی لەبارەی بەرز راگرتنی مەولودو نرخاندنی رۆڵی زانایان پێشکەش کردو، دواتریش وەک رێزگرتن لە ئەرک و ماندوو بوون و خزمەت و پیشەی پیرۆزی زانایانی ئایینی، سوپاس و پێزانینی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێشکەشی ژمارەیەک لە زانایانی بەتەمەن و ئەزموون و هەڵکەوتووی کوردستان کرد، لەوەش زیاتر خۆی لەسەر ستەیج هاتە خوارەوەو بە پیر زانایانەوە چوو بۆ ئەوەی دەستی خزمەتیان بگوشێ و پێزانینان پێشکەش بکات.
ئەم دیمەنە وێڕای ئەوەی دڵخۆشکەر بوو، لەهەمان کات مێژوویی و هەڵگری پەیامێکی گەورەیە، بەوەی چۆن لە رابردوو زانایان پێشەنگ و مایەی رێزو حوڕمەت بوون، بەهەمان شێوە ئێستاش زانایانی ئایینی شەریحەیەکی یەکجار گرنگ و پێویستن بۆ کۆمەڵگەو ئاراستەی کۆمەڵایەتی بەرەو باشبوون و پێشوەچوون و ئاشتیخوازی. 
هەر لەبەر ئەمەش بوو سەرۆکی حکومەت لەوتارەکەیدا جەختی لەو بنەماو فەرهەنگە مێژووییەی گەلی کوردو هەڵوێستی مێژوویی رێبەرانی ئایینپەروەرو نیشتمانپەروەری بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کورد کردەوەو تەئکیدی لەوە کرد ئامۆژگاری زانایان گرنگە، پێشەنگی و گەیاندنی ئیسلام وەک خۆی پێویستە، بۆیە رووی کردە زانایانی ئایینی و گوتی: "داوایەکی بچوکم لەم هەموو مامۆستا بەرێزانە هەیە، کە لە ئامۆژگارییەکانی خۆیان بێبەشمان نەکەن، لە رێبەرایەتی کردنی کۆمەڵگەکەمان بێ بەشمان نەکەن، وە رێگە بگرن لەوەی کە دینی پیرۆزی ئیسلام وەک ئایین بۆ بەرژەوەندی کەسی و گروپ و مەرام و ئەجێندایەکی سیاسی بەکار بێت". 

* ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان.