رۆڵی خۆشەویستی لە ناو خێزان و پرۆسەی هاوسەرگیریدا

لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا کۆمەڵێک بنەماو پێوەر هەن بۆ ئەوەی بەجوانترین شێوە پرۆسەی هاوسەرگیری لەسەر دابمەزرێت، لەهەمان کات ئەم بنەمایانە ببنە هەوێنی بلاوکردنەوەی رۆحیەتی خۆشەویستی و بەرپاکردنی ئاشتی ناو خێزان و دواجار ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی.

خۆشەویستی و ڕەحم و بەزەیی نێوان ژن و پیاو لە دەقەكانی قوڕئانی پیرۆزدا بە گرنگییەوە باسكراون، خوای گەورە لە قوڕئاندا زۆر بەڕوونی باس لە پەیوەندی نێوان ژن و پیاو و ئامانجی زەواج دەكات و لەمبارەوە دەفەرمووێت «وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُم مِّنْ أَنفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِّتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُم مَّوَدَّةً وَرَحْمَةً ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَاتٍ لِّقَوْمٍ يَتَفَكَّرُون».

واتا یەكێك لە بەڵگە و نیشانەكانی گەورەیی خوا ئەوەیە كە هەر لە خۆتان هاوسەرێكم بۆ خەلق كردوون، (مەبەستی باوكە ئادەمە كە دایكە حەوای لە پەراسووی ئەو خەلق كرد) بۆ ئەوەی دڵتان ئارام بێت و و سوكنایی دڵتان بێت، هەروەها خۆشەویستی و مەوەدە و بەزەییم لە نێوانتاندا دروستكردووە، ئەوەش پەند و ئامۆژگارییە بۆ ئەوانەی كە بیر دەكەنەوە.

خاتوو عائیشەی دایكی ئیمانداران خوا لێی رازی بێت زۆر حەزی دەكرد كە بزانێت ئاخۆ پێغـەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم) چەندە ئەوی خۆشدەوێت. رۆژێكیان پرسیاری لە پێغەمبەر كرد پێی فەرموو: منت خۆشدەوێت ئەی رەسول اللە ؟

پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم ) زۆر باش لە هەست ناسكی خاتوو عائیشە تێگەیشتبوو، بۆیە بە بێ دوودڵی فەرمووی:بەڵێ ئەی عائیشە، بێگومان خۆشمدەوێیت .

پەرۆشی و هەستیاری دایكمان خاتوو عائیشە لە زانینی چۆنیەتی خۆشەویستی پێغەمبەر بۆ خۆی، لەم وەڵامە كورتەی رەسوڵی خوا رازی نەبوو، بۆیە فەرمووی: ئەی پێغەمبەری خوا چۆن منت خۆشدەوێ؟ رەسوڵی ئەكرەم زانی خاتوو عائیشه چاوەڕوانی شتێكە كە دڵی ئاو بخواتەوە، بۆیە ئەم جارە وەڵامێكی زۆر پڕ واتای دایەوە و فەرمووی: وەكـو یەكەمین رۆژ.

پێویستە خۆشەویستی و وەفاداری پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم بكەینە سەرمەشق و رێنیشاندەری ژیانمان، پێغەمبەر صلی اللە عڵیە وسلم دوای ئەوەی (زەینەب)ی كچی لە (أبو العاص) مارەكرد، تاوەكو لێرەوە چیڕۆكی خۆشەویستییەكی بە هێز دەست پێبكات. دوو منداڵیان بوو بە ناوەكانی (علی و أمامة).دواتر كیشەیەكی گەورە ڕوویدا و كاتێك محمد صلی اللە علیە وسلم بە پێغەمبەر نێردرا...

ئەو كاتە (أبو العاص) لە سەفەر دابوو، كە هاتەوە بینی هاوسەری ئیسلام بووە! (أبو العاص) هەستاو جێیهێشت.

زەینەب تووشی شۆك بوو! بە دوای ڕۆشت و پێی گوت: باوكم بە پێغەمبەر نێردراوەو منیش ئیسلام بووم.

(أبو العاص) پێیگوت، بەڵام من حەزناكەم خەڵكی بڵێن گەلی خۆی شەرمازار كرد و كوفری بە باب و باپیرانی كرد لە پێناو ڕەزامەندی هاوسەری. دەبا عوزرت هێنابا و تەقدیری بارودۆخەكەت كردبا تا دەهاتمەوە؟

لە وەڵامدا زەینەب پێیدەڵێت، بەڵام من هاوسەری تۆم یارمەتیدەرت دەبم بۆ گەیشتن بە ڕاستی.

(زەینەب) وەفای بۆ قسەكەی هەبوو بۆ ماوەی (20) ساڵ.

ئارامی گرت و أبو العاص لەسەر بێ بڕوایی خۆی ماوە.

أبو العاص دەردەچێ و بەشداری جەنگی بەدر دەكات وجەنگ كۆتایی دێت و أبو العاص بە دیل دەكەوێتە دەست موسڵمانان.

هەواڵ دەگاتە شاری مەككە زەینەب پرسیار دەكا باوكم چیكرد؟

پێی دەڵێن موسڵمانان سەركەوتن. دواتر دەپرسێ هاوسەرم چیكرد؟ گوتیان بە دیل گیراوە. بۆ ئازادی هاوسەری هیچ شتێكی بە نرخ نەبوو بینێرێ. ملوانكەی ملی خۆی نارد كە هی دایكی بوو. ملوانكەكەی بە برای أبو العاص نارد بۆ پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم).

پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم( دانیشتبوو فیدیەی وەردەگرت و دیلەكانی ئازاد دەكرد، كاتێك ملوانكەی حەزرەتی خەدیجەی بینی پرسی ئەمە بۆ ئازادی كێ یە؟

گوتیان ئەمە بۆ ئازادكردنی ئەبو العاصی كوڕی ڕەبیعەیە.

 

پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم (گریا و فەرمووی ئەمە ملوانكەكەی خەدیجەیە پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم) ملوانكەكەی پێداوە و پێی فەرموو بە زەینەب بڵێ كەمتەرخەمی نەكا لە پاراستنی ملوانكەكەی خەدیجە.

دواتر ئەبو العاص ئیسلام دەبێت و دەچێتەوە لای هاوسەرەكەی. هەموو ئەو بەسەرهاتانە پێمان دەڵێن كە خۆشەویستی واتا وەفاداری واتا قوربانیدان و ئارامگرتن.

جێگەی داخە لە ئێستادا گەنجان زۆر بە كەمی بیر لە پێكهێنانی ژیانی هاوبەشی دەكەنەوە، ئەوەش بەزیانی گەورەی كۆمەڵگەی كوردی تەواو دەبێت.

هاوكات لە زەواجدا دەبێ خۆشەویستی و بەزەیی هەبێت، بەڵام خۆشەویستی و رەحم و ڕێزگرتن لە بەینی هاوسەران لە كەمبوونەوەدایە و لە بری ئەوە لەیەك ترازانی خێزان جێگەیان گرتووەتەوە، دەرەنجام ساڵانە هەزاران حاڵەتی تەڵاق و لەیەك جیابوونەوەی هاوسەران روودەدات.

بەداخەوە بە هۆی كزی ئیمان و دوور بوون لە سوننەت و فەرموودەكانی پێغەمبەرمان درودی خوای لەسەر بێت، بە ناوی خۆشەویستی كچ و كوڕ دەستی یەك دەبڕن، لەبەر ئەو هۆكارانەیە شەریعەتی ئیسلام پێش هاوسەرگیری، نەزەر و خەڵوە و دانیشتن و تێكەڵبوونی كچ و كوڕی قەدەغە كردووە، چونكە ڕاست نییە. خۆشەویستیی ڕاستەقینە لە نێوان كچ و كوڕ دوای هاوسەرگیری دروست دەبێت. سەیری ئەو ژن و مێردە بكەن، كە بەڕاست یەكتریان خۆش دەوێت، چەند بەختەوەرن و دڵیان بە هەموو كارێكی یەكتر خۆشە و هیچ بەهانە بە یەكتر ناگرن، ئەوە خۆشەویستیی ڕاستەقینەیە.