د.عبدالله شێرکاوەیی* ئێستا زیاتر لەهەموو کات پێویستیمان بە ئاشتی ناو خێزان و خۆشەویستی نێو ئەندامانی خێزانە، لەبەر ئەوەی کۆمەڵێک شەپۆل و فاکتەری جۆراوجۆری هەنوکەیی هەن، کار لەسەر نەهێشتنی پرەنسیپ و جوانی و بەها خێزانیەکان دەکەن، لەسەروو هەمووشیانەوە تەکنەلۆژیا بۆتە ئامرازێک بۆ لێکترازانی خێزان و کەمبوونەوەی دانیشتن و هەستە تایبەتیەکانی ناو خێزان، لەلایەکی تریشەوە هێشتا گرفتی هۆشیاری خێزانی و هونەری چارەسەرکردنی کێشەکانمان هەیە، چونکە ئامارو رێژەی بەرزی تەڵاق و جیابوونەوەو سکاڵاکانی بواری باری کەسی لە دادگاکان، ئەوە نیشان دەدەن هێشتا توندوتیژی خێزانی ماوەو پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەو هۆشیارکردنەوەی پتری کۆمەڵگە هەیە. ئیسلام وەک ئایین بنەمای گرنگی لە بواری پرۆسەی هاوسەرگیری و بەرێوەبردنی خێزان و باری کەسی داناوە، کە هەر یەکێ لەو رێساو بنەما جوانانە دەکرێ چەندان یاساو رێنمایی و لق و پۆی لەسەر بنیات بنرێ، کە بەجێبەجێکردنیان خێزان دەکەوێتە بەختەوەری و ئاسۆی ئایندەی گەش و رووناک و مسۆگەر دەبێت. ئەوەی سەرنج بدات لە قورئان و فەرموودە، دەبینێت کە چەندین ئایەت و فەرموودە باس لە خێزان و پاراستنی دەرهاوێشتە ئەرێنیەکانی دەکەن، لەهەمان کات هۆشداری دەدەن لەمەڕ هەر تەنگژەو کێشەیەکی خێزانی، کە مرۆڤ تووشی سەرەرۆیی و توندی نواندن و پێشێلکردنی ماف و کەڕامەتی یەکتر دەکەن، چونکە هەر هەڵسوکەتێک کە بنەمای رەوای نەبێت و ببێتە فاکتەری توندوتیژی خێزانی مایەی گوناهباری و سەرزەنشتکردنە، ئیدی لە کام لاوە بێت جیاوازی نیەو ئیسلام رەتی دەکاتەوە. بەداخەوە زۆر جار بە ناوی ئایین و تێگەیشتنی هەڵە بۆ ئایین، کەشێکی نالەبار دروست دەکرێت و پیاو وەک پلە یەک و ئافرەت وەک پلە دوو وێنا دەکرێت، لەکاتێکدا مرۆڤ چ پیاو چ ئافرەت لە ئەسڵ و بنەڕەتدا خوای گەورە بە یەکسانی دروستی کردوون، ئەوەی لێکیان جیا دەکاتەوە رۆڵ و ئەرکە نەک مرۆڤبوون. خوای گەورە دەفەرموێ: (هُوَ الَّذِي خَلَقَكُمْ مِنْ نَفْسٍ وَاحِدَةٍ) الأعراف: 189، واتە: خوا ئهو زاتهيه كه ئێوهى لهيهك نهفس و لهيهك شت دروست كردووە. بەداخەوە لێكترازان و دوورکەوتنەوە لەنێوان هاوسەراندا پەرەی سەندووە، یان ئەندامانی تری خێزان، زەرەرمەندی یەكەمیش لەمەدا منداڵەکانن، پاشان ژنان، هەندێک لە پیاوان پەنا بۆ ڕەقی و توندی دەبەن، پێیان وایە بەمە دستەڵاتیان دەسەپێنن و دەبێتە هۆی ئەوەی بە شێوەیەكی نموونەیی ماڵەكانیان بەڕێوە ببەن، بەڵام ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە، ئەم جۆرە ڕەفتارانە تەنها ماڵ وێران دەکات و ژن و منداڵ پەرتەوازە دەکات و باری دەروونیی نەرێییان بۆ دورست دەكات و شڵەژان و نارەحەتی لەنێو ئەندامانی خێزاندا پەیدا دەکات. دیاردەو شێوەکانی توندوتیژی خێزانی زۆرو هەمەجۆرن، ئەگەر مێرد مافی ژنەکەی نەزانێت، یان ژن مافی مێردەکەی نەزانێت، باوک مافی کوڕو کچەکانی نەزانێت، منداڵەکان مافی دایک و باوکیان نەزانن، ئیدی پێویست ناكات پرسیار لەو نەهامەتی و کارەسات و لێکترازان و تەڵاق زۆرییە بکەین، کە شارەزاو و توێژەرانی دەرونی و کۆمەڵایەتی باس لەوە دەکەن لەم قۆناغە رۆژ بە رۆژ توندوتیژییەکان بەرەو هەڵکشان دەڕۆن و سکاڵا زیاتر دەبن و جیابوونەوەش هەروا پتر! چونکە زیادبوونی تاوان لەناو خێزان و لاوازی متمانەو نەبوونی رێزو خۆشەویستی و، دووربوون لە رۆحی ئایینی و بایەخنەدان بە پارێزبەندی و هۆشیاری خێزانی و کۆمەڵایەتی، دەرەنجامی خراپ دەنێتەوەو هۆکارە بۆ ئاریشە نەک چارەسەر. كاتێك لە ژیاننامەی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) ورد دەبینەوە، لە هەڵسوكەتیدا ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت وەك چۆن عائیشە دایكی موسڵمانان (ڕەزای خوای لێ بێت) دەفەرموێت: (مَا ضَرَبَ رَسُولُ اللَّهِ ﷺ شَيْئًا قَطُّ بِيَدِهِ وَلَا امْرَأَةً وَلَا خَادِمًا) رواه مسلم. توندوتیژیی دژی ژنان و ئەندامانی تری خێزان، دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵكو ڕەگ و ڕیشەیەكی مێژوویی هەیە، لە کۆمەڵگە کۆنەکاندا خراپ مامەڵە لەگەڵ ژناندا دەکرا، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی سەردەم، ئەم دیاردانە تا ئێستاش لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامن، گرنگە لەوە تێ بگەین کە ئیسلام هەرگیز سەرچاوەی ئەم توندوتیژیانە نەبووە، بەڵکو چارەسەری بۆ دۆزیوەتەوە، کە دەکرێ ئاماژە بەهەندێکیان بکەین: یەکەم: قورئان بانگەشە بۆ خۆشەویستی و لێبودەیی و بەخشندەیی لەمەڕ پەيوەندی خێزانی دەکات، خوای گەورە دەفەرموێت: (وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُمْ مِنْ أَنْفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُمْ مَوَدَّةً وَرَحْمَةً) الروم: 21، واتە: يهكێك له نيشانه و بەڵگهكانى ترى خوا ئهوهيه: كه ههر له خۆتان هاوسهرى بۆ دروست كردوون بۆ ئهوهى ئارام بگرن لهلايداو له نۆوانتاندا خۆشهويستى و سۆزو ميهرهبانى فهراههم هيَناوه. ئەم ئایەتە بە تەنیا بەسە كە تێبگەین، بناغەی یەكەمی پێكهێنانی خێزان لە ئیسلامدا بریتییە لە هاوبەشی و پێكەوەژیان و سۆزو خۆشەویستی و بەزەیی، ئەمانەش تەواو پێچەوانەی توندوتیژین. دووەم: قورئان بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە، خوای گەورە دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا يَحِلُّ لَكُمْ أَنْ تَرِثُوا النِّسَاءَ كَرْهًا وَلَا تَعْضُلُوهُنَّ لِتَذْهَبُوا بِبَعْضِ مَا آتَيْتُمُوهُنَّ إِلَّا أَنْ يَأْتِينَ بِفَاحِشَةٍ مُبَيِّنَةٍ وَعَاشِرُوهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ) النساء:19.واتە: ئهى ئهوانهى باوهڕتان هێناوه دروست نيه بۆتان ژنان به زۆر بكهنه ميراتى خۆتان و دهستيان بهسهردا بگرن، (وهكو كهلوپهلى ترى ناوماڵ)، ناچاريان مهكهن تا ههندێك مارهييتان بوَ بگهرِێننهوه، مهگهر ئهوان گوناهێكى ئاشكراو ديار ئهنجام بدهن، هاوژينييان بهجوانى لهگەڵدا بهرنهسهر. ئەم ئایەتە راشکاوانە هاوسەر رادەسپێڕێ بۆ ئەوەی مامەڵەیەکی جوان بکات و فشارو توندوتیژی نەنێتەوەو کێشەو زمانی زبرو ئاریشە دروست نەکات. سێیەم: لە ژیاننامەی پێغەمبەردا هۆشیاریی ڕاستەقینە بۆ کۆمەڵگە هەیە، لەگەڵ گۆڕانی ژیان و زیادبوونی فشارەکان، دەرکەوتنی توندوتیژی زیاتر بووە، ئەمەش پێویستی بە هۆشیارکردنەوەی خەڵک و شیکردنەوەی ژیانی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) و مامەڵەکردنی لەگەڵ ژنان بۆ ڕاستکردنەوەی تێڕوانینە هەڵەکان و پێداچوونەوە بە یاسا و نەریتە زیانبەخشەکان و پەرەپێدانی کولتووری بەزەیی لەناو خێزان و پەروەردەکردنی ژنان لەسەر مافەکانیان و چۆنیەتیی پاراستنی خۆیان، زۆر لەمێژە ئیسلام ڕێگاچارەی ڕوونی پێشکەش کردووە، لەم بارەوە پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێت: (خيرُكُم خيرُكم لِأهْلِهِ ، وَأَنَا خيرُكم لِأَهْلِي) رواه الترمذي. واتە: باشترینتان ئەو کەسەیە بۆ مال و خێزانەکەی باش بێت، منیش باشترینی ئێوەم بۆ خێزانەکانم. کەواتە لەم کاتەی راگەیاندنی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، پێویستە هەموو لایەک بایەخ بەم پرسە بدەین و هاوکاری ئەم هەڵمەتە بین، لە پێناو نەهێشتن و کەمکردنەوەی توندوتیژی خێزانی بەهەموو جۆرەکانیەوە، چونکە ئەمە هەم خواست و ئەرکێکی ئایینیە، هەمیش پێویستیەکی ژیاری و ژیانەو، هەمووان پێویستمان بەوە هەیە کۆمەڵگەو خێزانەکانمان لە حاڵەتی نائاسایی و گرژی و توندوتیژی بەدوور بێت، وە گیانی لێبوردەیی و پێکەوەیی و رێزو خۆشەویستی بکەینە بنەمای سەرەکی ژیانی خێزانیمان.. *ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و وتەبێژو بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان. https://www.kurdistan24.net/ckb/profile/88928/ |