بەیاننامەی یەکێتی زانایان سەبارەت بە هێڕشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان

بەیاننامەی یەکێتی زانایان سەبارەت بە هێڕشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان


بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان


هەڵمەتی هێڕشکاریی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان نیگەرانییەکی زۆری لای ئێمە وەك زانایانی ئایینی و هاوڵاتیانی کوردستان بە گشتی دروستکردووە، لێرەوە وەکو ئەرکێکی ئایینی و مرۆیی و نەتەوەیی بە توندی ئیدانەی هەر پەلامارێك دەکەین کە دەستدرێژی بێت بۆ سەر خاك و ناموس و ئاشتی و ئارامی خەڵك، بەتایبەتی بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و ئاوارەو دەرکردنیان. کە ئەمانە هەمووی لە روانگەی ئیسلامەوە قەدەغەن و پێویستە مسوڵمانان بە هەموو شێوەیەك لێیان دوورکەونەوە، کاری مسوڵمان قوڵکردنەوەی ئارامی و ئاشتی و خۆشەویستییە، نەك هێڕش و پەلاماردان و گۆڕینی دیمۆگرافیا. بێگومان تاکە رێگا گفتوگۆو دیالۆگ و تێکگەیشتنە، مێژووی ناوچەکەش شاهێدە کە ئەم جۆرە پەلامارانە چارەسەری کێشەکان ناکات، بەپێچەوانەوە، دووبەرەکی و رقی زیاتر دەخاتە ناو ئایین و نەتەوە جیاوازەکان و چارەسەرییەکان دوورتر دەخاتەوە. هەر لێرەشەوە داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش، نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا، کۆمکاری عەرەبی، کۆنگرەی وڵاتانی ئیسلامی، یەکێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان، سەرجەم رێکخراوو لایەنە ئاشتیخوازەکانی دونیا دەکەین دەنگی خۆیان بەرزبکەنەوەو پاڵەپەستۆ دروست بکەن بۆ راگرتنی ئەو شەڕو ئاژاوەیە. بە ئومێدی چەسپاندنی ئاشتی و کۆتایی هێنان بە شەڕو کوشتار.


 


یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان


١٠/١٠/٢٠١٩