قاهیرە... لە ئەزهەر خولی رۆشنبیری پێشنوێژو وتارخوێنان دەستی پێکرد

ئەمڕۆ یەکشەممە 17/ 11/ 2019  بە ئامادەبوونی دکتۆر عەبدوڵا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان خولێکی رۆشنبیری بۆ (24) بیست و چوار کەس لە پێشنوێژو وتارخوێنانی کوردستان دەستی بە کارەکانی کرد، خولەکە بۆ ماوەی مانگێك بەردەوام دەبێت و تێیدا چەندان سمینارو وتاری تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تووندڕەوی پێشکەش دەکرێن، ئەوە سەرباری پەرەپێدانی تواناو کارامەییەکان بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردنێکی ئاقڵانەو تێگەیشتنێکی دروست بۆ پێشهاتە نوێکان، سمینارەکانیش لەلایەن کۆمەڵێك لە گەورە زانایانی ئەزهەرو شارەزایانی بواری میانڕەوی ئەنجام دەدرێن.


هەر ئەمڕۆ بەڕێز دکتۆر محەمەد نەبیل عەبدولفوزەیل ئەلقوصی ئەندامی دەستەی گەورەزانایان و بەڕێز ئوسامە یاسین جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕی رێکخراوی جیهانی دەرچووانی ئەزهەر لەگەڵ مامۆستایانی بەشداربووی خولەکە کۆبوویەوەو وێڕای گفتوگۆکردن بە وردی گوێی لە سەرنج و راکانیان گرت. هەروەها هانیدان بۆ زەروورەت و پێویستی مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوە هەنووکەییەکان لە سەرووی هەمووشیانەوە تۆڕی ئینتەرنێت، چونکە کاریگەری روون و راستەوخۆی بەسەر تێڕوانین و ئەقڵ و ئاراستەکانی خەڵکەوە هەیە بەتایبەتیش بۆ گەنجان، هەروەها قسەی لەسەر ئەوە کرد چۆن دەتوانین سوود لە تەکنەلۆژیا وەربگرین لە پێناوی گەیاندنی پەیامی دروستی ئیسلام.


لەلای خۆیەوە بەڕێز ئوسامە یاسین جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕی رێکخراوەکە تەئکیدی کردەوە کە رێکخراوی جیهانی دەرچووانی ئەزهەر دەستی هاوکاری بۆ زانایانی کوردستانی عێراق درێژ دەکات ئەمەش وەك خزمەتکردنێك لەپێناوی هێنانەدی ئەو پەیامەی رێکخراوەکەی بۆ دامەزراوە کە خۆی لە خزمەتی ئیسلام و مسوڵمانان دەبینێتەوە.


دکتۆر عەبدوڵا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان سوپاسێکی گەرمی ئەزهەری شەریفی کرد بەتایبەتی بەڕێز ئیمامی ئەکبەر شێخی ئەزهەر بەرامبەر چاودێریکردنی خولەکە، تەئکیدی کردەوە لە پێویستی کردنەوەی ئەم خولانە لەپێناوی ئاڵوگۆڕی کلتوری و مەعریفی و هەماهەنگی لەگەڵ زانایانی ئەزهەری شەریف و یەکخستنی هەوڵ و کۆششەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی فیکری توونئاژۆیی، هەروەها رۆڵی مەزنی زانایانی ئایینی ئیسلامی لە کوردستان روونکردەوە لە بڵاوکردنەوەی وەسەتیەت و میانڕەوی و بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی ئیڕهاب و تیرۆر. ...


شایانی باسکردنە رێکخراوی جیهانی دەرچووانی ئەزهەر ئەم خولەی تایبەت بە پێشنوێژو وتارخوێنانی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە بە هەماهەنگی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە میانی پەیامی ئەزهەری شەریف بۆ بڵاوکردنەوەی وەسەتیەت و لێبووردەیی ئایین و بەرەنگاربوونەوەی پەڕگیڕی و تووندڕەوی.