پەیامێك لە یەکێتی زانایان دەربارەی خۆپاراستن لە نەخۆشی کۆڕۆنا

پەیامێك لە یەکێتی زانایان دەربارەی خۆپاراستن لە نەخۆشی کۆڕۆنا


بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان


{وَعَلَى اللَّهِ فَتَوَكَّلُوا إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ}


دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانی تایبەت بە نەخۆشی کۆڕۆنا لە چەند وڵاتێكی دراوسێ و هەوڵەکان بۆ ڕێگرتن لەم نەخۆشییە، بەپێویستی دەزانین چەند بەرچاوروونییەکی شەرعی بدەینە بەر دیدی هاوڵاتیانمان بەمەستی خۆپاراستنی زیاتر لە هاتنی ئەم نەخۆشییە.


سەرەتا پێویستە هاوڵاتیانی کوردستان بە پشت بەستن بە خوداو ورەیەکی بەرزو بەهێزەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە بکەن، چونکە لەلایەکەوە بە بەراورد لەگەڵ نەخۆشییەکانی دیکە، هێندە ترسناك نییە، هەروەها سوپاس بۆ خودا تا ئێستا هیچ حاڵەتێك لە کوردستان تۆمارنەکراوە، بۆیە پێویست بە ترس و دڵەڕاوکێ ناکات، بەپێچەوانەوە ئەوانەی ترس و تۆقان لەسەر ئەم بابەتە بڵاودەکەنەوە بۆ قازانجێکی بازرگانی ماددی یان هەر شتێکی دیکە دەکەونە ژێر بەرپرسیارێتی بەرامبەر خوداو مرۆڤایەتی، بۆیە پێویستە راگەیاندنەکان بە تیڤی و رادیۆو نووسین و هەموو ئەوانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شت بڵاودەکەنەوە، دوورکەونەوە لە شڵەژاندنی کۆمەڵگا.


لە هەمان کاتدا وەك هەوڵێکی خۆپارێزی پێشوەختە، داوا لە هاوڵاتیانمان دەکەین بە چاکی پابەندی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بن، چونکە باشترین رێگەچارە گرتنەبەری رێکارە تەندرووستییەکانە. لە هەمان کاتدا پێویستە تا ئەو ماوەیەی ئەو بابەتە کۆتایی دێت، هەموو گردبوونەوەی پرسەو بووك گواستنەوەو تەواوی کۆبوونەوەکانی بۆنە کۆمەڵایەتی و هونەری و تەواوی بوارەکانی دیکە سنووردار بکرێن، بۆ ئەم مەبەستە داوا لە مسوڵمانان دەکەین بە دڵێکی گەورە مامەڵە لەگەڵ بابەتەکانی وەك پرسەو هاوشێوەکانی بکەن، گلەیی لە خەڵك نەکەن.


لە هەمووشی گرنگتر ئێمە مسوڵمانان هەمیشە پشتمان بە خوای گەورە بەهێزەو، بە ورەیەکی بەرزەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتانە دەکەین، چەکی ئێمە شان بە شانی رێکارە تەندروستییەکان، دوعاو پاڕانەوەو بەخۆداچوونەوەیە بەرامبەر خوداو خەڵك، بە ئومیدی ئەوەی خوای گەورە وڵاتی ئێمەو تەواوی مرۆڤایەتی لەو نەخۆشییە بپارێزێت و شیفای نەخۆشەکانیش بدات.


 


یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان


٢٦/٢/٢٠٢٠