بەیاننامەی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە بۆنەی هاتنەوەی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان


{يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ}  [سورة البقرة: 183]


موسڵمانانی کوردستان.. باوەڕدارانی خۆشەویست..


لەسەروبەندی پێشوازیکردن لەمانگی ڕەمەزانی پیرۆز گەرمترین پیرۆزبایی خۆمانتان پێ ڕادەگەیێنین هیوا خوازین خوای گەورە دەرفەتی هەموومان بدات بۆ ئەوەی بەو پەڕی ئیمان و خواپەرستی و سەلامەتیەوە ئەم مانگە پڕ خێرە بەڕێ بکەین، کە مانگی بەرەکەت و لەززەتی ئیمانی و ئارامبوونەوەی رۆح و پاکبوونەوەو زیکرو قوڕئان خوێندن و خێرو سەدەقەیە.


وەک لای هەموومان زانراوە بێ نازی مزگەوتەکان و نەمانی جومعەو جەماعات و پەرستشە بە کۆمەڵەکان بە هۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە وای کردووە، کە موسڵمانان بە دڵێکی ساردو غەمبارەوە پێشوازی لەم مانگە پیرۆزە بکەن.


بۆیە وێڕای دەست خۆشی زۆرمان بۆ هەوڵ و ماندوبوونی بێوچانی تەواوی ئەو لایەنانەی، کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە ڕێگری کردنی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە لە ئەنجومەنی وەزیران و کارمەندانی وەزارەتی ناوەخۆو تەندروستی و تەواوی زانایانی ئایینی و سەرجەم چین و توێژەکان، کە هەر هەموویان هاوکار بوونە بۆ ئەوەی هەرێمەکەمان بەکەمترین زیان لەم پەتا کوشندەیە دەر بچێت و ڕزگاری بێت.


هاوکات لەپێشوازی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە بەناوی خۆمان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی و تەواوی موسڵمانانی کوردستان داواکارین لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنا کە چاوێک بە بڕیاری داخستنی مزگەوتەکان بخشێننەوەو هەوڵبدەن بە ڕەچاوکردنی سەرجەم ڕێکارە تەندروستیەکان لە دەرونی ماندوی موسڵمانان و خۆشەویستیان بۆ جومعەو جەماعەت و تەڕاویح تێبگەن، بەتایبەت دوایی ئاساییکردنەوەی بەشێک لە بازاڕو شوێنە گشتیەکان، دەکرێت بە ڕێنمایی تازە دەرگای بەشێکی زۆر لە مزگەوتەکانیش بکرێتەوەو دڵی نوێژ خوێنان خۆش بکرێت.


جارێکی تر پیرۆزبایی لەگشت لایەک دەکەین و هیوامان وایە مانگی رەمەزان ببێتە مایەی خێر بۆ کوردستان و لاچوونی نەخۆشی و ناخۆشی لەسەر هەموو لایەک.


    


مەکتەبی تەنفیزی  


یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان


21ی4ی2020