تا ئێستا لە کوردستان سێ مامۆستای ئایینی تووشی کۆرۆنا بوون

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان رێکاری باش و پێویست گیرایە بەر بەئامانجی ئەوەی خەڵکی کوردستان بە کەمترین زیان لەو ڤایرۆسە رزگاری بێت.


لە کاتێکدا لەرووی ئایینیشەوە رێکاری زۆر پەیرەو کراو بەردەوامیش لەرێی مامۆستایانی ئایینی هۆشیاری دراوەتە خەڵک کە خۆیان بپارێزن و پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان بن.


لە ئێستادا رێژەی تووشبووان لە هەڵکشان دایەو بەو هۆیەوە ژمارەیەک هاوڵاتی کۆچی دواییان کردووەو رێژەیەکی بەرچاویش چاکبوونەتەوەو ژمارەیەکیش لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون و لەژێر چاودێری پزیشکی دان.


بەپێی زانیاریەکانی راگەیاندنی یەکێتی زانایان تا ئێستا لە کوردستان سێ مامۆستای ئایینی تووشی کۆرۆنا بوون، بەداخەوە یەکێکیان كه‌ ناوی (مه‌لا ره‌شید ئه‌وڕه‌حمان كانی گوڵی‌) بوو، پێشنوێژی خانه‌قای مه‌حوی لە شاری سلێمانی بەو هۆیەوە رۆژی 4-3-2020 گیانی لەدەستدا.


هەروەها لەناوەراستی ئایاری رابردوو مامۆستا مەلا احمد علی واحد پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی حاجی سەلیمی قامیشی لە گەرەکی کوردساتی شاری سلێمانی تووشی کۆرۆنا بوو، بەڵام لە ئێستادا تەندروستی باش بووەو بەرەو چاکبوونەوەی تەواو دەچێت.


لەو بارەوە مامۆستا مەلا عەتا پێنجوێنی جێگری بەرپرسی لقی سلێمانی یەکێتی زانایان بە سایتی (زانایان)ی راگەیاند: مامۆستا مەلا ئەحمەد لە نەخۆشخانە دەرچووەو باری تەندروستی جێگیرەو بەردەوام لەسەر خەت بووین، ماوەی پێویستی وەرگرتنی چارەسەری لە نەخۆشخانەی شەهید علی والی بەگ لە سلێمانی تەواو کردو سوپاس بۆ خوا تەندروستی باشەو نێردراوەتەوە ماڵەوە.


لە دەڤەری گەرمیانیش مامۆستا ملا خالید محمد کریم محمد پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی شە هیدانی گەرمیان خۆی و خانەوادەی تووشی کۆرۆنا بووەو ماوەیەکە لە نەخۆشخانە قەڵا خەوێندراوە.


لەو بارەوە بەرێز مامۆستا مەلا کەریم زەلکەیی بەرپرسی راگەیاندنی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان بە سایتی (زانایان)ی راگەیاند: لە دەڤەری گەرمیان یەک مامۆستا تووشی کۆرۆنا بووە بەناوی مامۆستا مەلا خالد محمد کە پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی شەهیدانی گەرمیانەو لە ئێستادا لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری پزیشکی دایەو باری تەندروستی جێگیرەو پەیوەندیمان لەگەڵی هەیەو شوکر بۆ خوا وەزعی باشە.


شایەنی باسە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە 1659 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوونە، لەو ژمارەیەش 551 کەس چارەسەر کراوەو 30 کەسیش بەو هۆیەوە کۆچی دواییان کردووە.