سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری کۆنفرانسی (رۆڵی زانایانی کورد لە روونکردنەوەی پەیام و مافەکانی پێغەمبەر(د.خ) دەکات

 


ئەمرۆ 7ی11ی2020 بەرێز د.عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی لە شاری هەولێر بەشداری کرد لە کۆنفرانسە بەناونیشانی (رۆڵی زانایانی کورد لە روونکردنەوەی پەیام و مافەکانی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) کە لە ژێر چاودێری دیوانی وەقفی سوونی عیراقی و بەسەرپەرشتی ئەنجومەنی باڵای ئەوقافی موسڵ لەلایەن ناوەندی هۆشیاری بۆ راوێژو پەرەپێدانی تواناکان- هەولێر، بە بۆنەی مانگی مەولودەوە ساز کرا بوو.


کۆنفرانسەکە بە ئامادەبوونی بەرێز د. سعد حمید کمبش سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننەو ژمارەیەکی بەرچاوو لە زانایانی ئایینی و نوێنەری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و ئەکادیمی بەرێوە چوو.


لەو کۆنفرانسەدا سەرۆکی یەکێتی زانایان وتارێکی پێشکەش کردو تێیدا وێڕای دەستخۆشی لە سازدانی کۆنفرانسەکە، رۆڵی ناوەندی هۆشیاری بە گرنگ وەسفکرد لە ئەنجامدانی چالاکی لەو شێوەو بایەخدان بە کەسێتی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت)، هەروەها تیشکی خستە سەر ژیان و پەیام و هەنگاوە پڕ حیکمەتەکانی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) کە توانی ببێتە پێشەنگیکی نمونەیی بۆ تێکرای مرۆڤایەتی لەهەموو رووێکەوە.


سەرۆکی یەکێتی زانایان لە بەشێکی تری وتارەکەی تیشکی خستە سەر رۆڵی زانایانی کورد لە خزمەتی پەیامی دروست و زانستی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) بەشێوەیەکی میانرەو و دوور لە هەڵچوون و دەمارگیری، بۆیەش ئەو رۆڵە بۆتە تابلۆیەکی جوان لە جیهانی ئیسلامی کە بەدرێژایی مێژوو زانایانی کورد لە یادەوەری و بەرزراگرتن و روونکردنەوەی پەیامەکان و راگرتنی هاوسەنگی و یەکتر قبولکردن و رێزگرتنی یەکتری جێدەستیان دیار بووەو هەولیان داوە پێغەمبەری ئیسلام وەک رەحمەت بۆ مرۆڤایەتی وێنا بکەن.