لقی دهۆکی یەکێتی زانایان و بەرێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی دهۆک سکاڵا لەدژی ئەو گەنجانەی سوکایەتی بەدین دەکەن تۆمار دەکات

ئەمرۆ 15ی11ی2020 لقی دهۆکی یەکێتی زانایان و بەرێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی پارێزگای دهۆک لەسەر سوکایەتی بەرامبەر بە دین، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو بوویەوە کۆمەڵێک گەنج لەرێی نوێژکردنەوە سوکایەتی بە نوێژو ئیسلام دەکەن، سکاڵای یاساییان بەرامبەر ئەو گەنجانە لەرێی داواکاری گشتی تۆمار کردووە.


لەو باوەرە بەرێز مامۆستا مەلا جیهاد بێسفکی بەرپرسی لقی دهۆکی یەکێتی زانایان بە سایتی زانایانی راگەیاند: دوای بڵاو بوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیە کە تێیدا کۆمەڵێک گەنج لەرێی نوێژەوە سوکایەتی بەرامبەر ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەکەن، ئێمە وەک لقی دهۆکی یەکێتی زانایان بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەوقافی گشتی دهۆک هەڵساین بە تۆمار کردنی سکاڵا لە سەر بکەرانی ئەو جۆرە سوکایەتیە.


مامۆستا مەلا جیهاد زیاتر گوتی: ئەو گەنجانە ئاشکرا بوونەو دانیشتووی پارێزگای دهۆکن و بەو کارە شعوری موسڵمانانیان بریندار کردو بێ رێزی بەرامبەر ئسلام دەکەن کە ئایینی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە، لەهەمان کات ئێمە بە پێویستی دەزانین لەپێناو رێزگرتن لە بەها پیرۆزەکان و پێکەوەژیانی ئایینی و یەکتر قبوڵکردن دەبێ هەمووان رێگربین لەو جۆرە کارە نەشیاوانە.


ناوبراو گوتیشی: سکاڵاما تۆمار کردووەو لەگەڵ داواکاری گشتی لەسەر خەت دەبین بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست و لێپێچینەوە لەو کەسانە کە سوکایەتی بەرامبەر دین دەکەن و هەرگیز ئەو جۆرە سوکایەتیانە قابیلی قبوڵ نین.