29 ئافرەت لە کوردستان تەواوی قورئانی پیرۆز لەبەر دەکەن

 رۆژی 10ی12ی2020 لە شاری هەولێرو لە مەراسیمێکی تایبەتدا بنکەی کوردستان بۆ لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز خەڵاتی رێزلێنانی بەخشیە 29 کە لەماوەی شەش ساڵدا ھەموو قورئانی پیرۆزیان لەبەرکردووە.


لەو بارەوە بەرێز مامۆستا عومەر بەرێوەبەری بەشی فێرکردن و لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز بە سایتی زانایانی راگەیاند: ئێمە هەوڵمان داوە لەو بنکەیە خزمەت بکەین و بەجوانترین شێوە بەشداربووان بۆ لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز ئامادە بکەین.


گوتیشی: لەو شەش ساڵەی رابردوو ژمارەیەکی زۆر لە بەشداربووان قورئانی پیرۆزی لەبەر کردووە، بەرنامە وابوو لە مەراسیمێکی تایبەت و فراوان ساز بکەین لە بەهار رابردووەوە، بەلام کۆرۆنا دەرفەتی نەدا، ئەو پۆلە بەشداربووە کە ژمارەیان 29 ئافرەت بوو، لەبەر ئەوەی دەمێکە قورئانیان لەبەر کردووەو تامەزرۆ بوون بەو پلەیە بگەن، هەوڵماندا مەراسیمێکی خنجیلانە رێک بخەین و خەڵاتی رێزلێنانیان پێ ببەخشین.


شایەنی باسە بنکەی کوردستان بۆ لەبەر کردنی قورئانی پیرۆز لە زۆربەی شارەکانی کوردستان ئۆفیسی هەیەو ژمارەیەکی زۆر بەشداربووی هەیەو ئامانجی ئەوەیە بەشداربووان قورئانی پیرۆز لەبەر بکەن.