سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری مەراسیمی پەردەلادان لەسەر دیواربەندی گڵکۆی زانای ناوداری کورد ئیبن ئادەمی باڵەک دەکات

ئەمرۆ 7ی2ی2021 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان سنووری قەزای چۆمانی بەسەر کردەوەو وێڕای سەردانی بۆ هەریەکە لە قائیمقامیەتی قەزای چۆمان و لقی 26ی گوڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان و تێبینەرایەتی ئەوقافی چۆمان، بەشداری لە رێورەسمی پەردە لادان لەسەر تابلۆی ناساندنی زانای ناوداری کورد ئیبن ئادەمی روستایی کرد.


مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی سۆران بەرێز د.موسلیح موستەفاو سوارە ئەکرەم قائیمقامی قەزای چۆمان و فەرماندەی فەرمادەیی هەڵگۆردو ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی عیراق و کوردستان و زانایانی ئایینی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حیزبی و حکومی لەسنوری قەزای چۆمان و دەوروبەری و کەسایەتی و پیاوو ماقوڵانی دەڤەرەکە بە ئامانجی پەردەلادان لەسەر دیواربەندی ناساندنی زانای گەورەی گەلەکەمان ئیبن ئادەمی رۆستایی بەرێوە چوو.


لە دەسپێکی ئەو مەراسیمە بەرێز د.موسلح مستەفا سەرۆکی زانکۆی سۆران وتەیەکی پێشکەش کردو تیشکی خستە سەر چەند لایەنێکی ژیان و کەسایەتی ئیبن ئادەمی باڵەک و ئامانجی دانانی ئەو تابلۆیەی روون کردەوە، کە زیاتر بۆ ناساندنی زانایانی گەورەی گەلەکەمانە بە نەوەی نوێ و دەیان بەرهەمی ناوازەی هەیە کە پێویستە وەک لایەنێکی کاری مێژووی گەلەکەمان سوودی لێ وەربگرین.


دواتر بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وتەیەکی پێشکەش کردو وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووان، سوپاسی زانکۆی سۆرانی کرد بۆ ئەو هەنگاوەی دانان و پەردەلادان لەسەر دیواربەندی گلکۆی زانای ناوداری گەلی کورد ئیبن ئادەمی رۆستایی، ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو زانایە مێژوێکی پرشنگداری هەیە لە بواری خزمەتی ئایینی و نەتەوەیی و هێشتنەوەی بەرهەمی زانستی و توراسی ئیسلامی، هەروەها باسی لە هەوڵ و خزمەتەکانی ئەو زانا ناودارەی کورد کرد، کە تەمەنێکی پڕاوپڕ لە خزمەت و تەدریس و نووسین و ئەدەبیات و رۆشنبیری ئیسلامی هەبووەو ئێستای جێی شانازی گەلەکەمانەو جێی خۆیەتی بایەخدان بەو مێژووە بکەینە وێستگەی پێشوەچوونی پتری زانستی و رۆشنبیری هزری.


دواتر بەرێز سوارە ئەکرەم قائیمقامی قەزای چۆمان وتەیەکی پێشکەش کردو سوپاسی زانکۆی سۆرانی کرد بۆ ئەو ڕێز لێنانەو ئاماژەی بە ڕۆڵی ئیبنو ئادەم کرد کە له‌ماوه‌ی ژیانیدا زنجیره‌یه‌ك په‌رتووکی زانستی و فیقهی و زمانه‌وانی و ڕه‌وانبێژی و گەردونناسی داناوه، وەهیوای ئەوەی خواست کە لەداهاتوودا کار لەسەر ئەوە بکرێ پەیمانگایەکی زانستی و ناوەندێکی توێژینەوەی ئاینی لەسنورەکە بەناوی ئەو زانایە بکرێتەوە، تا بتواندرێ ڕۆڵی ئەو زانایە بۆ هەمیشە لەیادەوەری خەڵک بمێنێتەوە.


شایەنی باسە زانکۆی سۆران لە مانگی ئابی ٢٠١٩، بە ئامادەبوونی دەیان توێژەر لە ناوخۆ و دەرەوەی کورستان، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ تیشکخستنە سەر هزر و بیری زانای گەورەی کورد "ئیبن ئادەمی باڵەک" بەڕێوەبردو چەند دەستنووسێکی ناوبراوی چاپ و بڵاو کردەوە.