سەرۆکی یەکێتی زانایان: لەناو کورد مزگەوت ناوەندێکی گەورەی دینداری و زانستی و هۆشیاری نیشتمانی بووە

رۆژی 17ی2ی2021 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری لە کردنەوەی مزگەوتی نوێی گوندی کەپران لە سنووری بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی شەقلاوە کرد.


لەو مەراسیمەدا کە ژمارەیەکی لە مامۆستایانی ئایینی و کەسایەتی و بەرپرسانی حزبی و حکومی بەشداریان تێدا کردو وێڕای خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز چەند وتارێک بەو بۆنەوە پێشکەش کران.


سەرۆکی یەکێتی زانایان بە وتارێک بەشداری کردو تێیدا ئاماژەی بە رۆڵ و پێگەی مزگەوت کرد لە روانگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و مێژووی گەلەکەمان، کە سەرباری پیرۆزی پێگەی مزگەوت لەهەمان کات هەمیشە مزگەوت لە ناو کورد مەڵبەندی زانست و هۆشیاری و بڵاوکردنەوەی دروشمی دینداری و هەستی نەتەوەیی بووە.


لەبەشێکی تری قسەکانی سەرۆکی یەکێتی زانایان ئاماژە بەو رۆڵی مزگەوت لە پاراستنی ئارامی کۆمەڵگەو ئاسایشی وڵات کرد، کە بەردەوام پەیامی زانایانی کورد لە مینبەری مزگەوتەکانەوە پاڵپشتی پاراستنی ئارامی کوردستان و کۆمەڵگەی کوردی بووە، هەر لەو چوارچێوە سەرۆکی یەکێتی زانایان ئاماژەی بەو کردەی هەفتەی رابردوو کرد لە ئاراستەکردنی موشەک بۆ شاری هەولێر بە ئامانجی شێواندنی ئەمنیەت و ئارامی کوردستان و ئەو کردەی بە پێچەوانە لە گەڵ شەریعەت و پرنسیپی یاسا وەسف کردو راشیگەیاند ئەو جۆرە هەوڵانە وێرای ئەوەی کاری تێکدەرن لەهەمان کات تاوانێکی گەورە بەرامبەر خەڵکی سیڤیل و کۆمەڵگە دەکرێت.