سەرۆکی یەکێتی زانایان وەک وەفاو خزمەت لەسەر ئەرکی بنەماڵەکەیان کتێبخانەیەک لە سۆران دەکاتەوە

 ئەمرۆ 22ی4ی2021 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وەک وەفایەک بۆ رۆحی باوکی رەحمەتی خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا سەعید گرتکی و خزمەتێک بۆ زانایانی سۆران و نووسەرو خوێنەرو توێژەران کتێبخانەیەکی لەهۆڵی بارەگای لقی سۆرانی یەکێتی زانایان لەسەر ئەرکی بنەماڵەکەیان کردەوە.


مەراسیمەکەدا بە ئامادەبوونی هەر یەک لە بەرێزان مەلا خالد مەلەكی بەرپرسی لقی سۆران و مەلا وەیسی سەعید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و دکتۆر پشتیوان سرێشمەی بەرێوەبەری ئەوقافی سۆران و ژمارەیەك لەمامۆستایانی ئایینی و رۆشنبیرانی سۆران بوو.


لە وتەیەکدا سەرۆکی یەکێتی زانایان وێرای پیرۆزباییان بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و تێپەڕبوونی 123 ساڵ بە سەر دەرچوونی یەكەمین ژمارەی رۆژنامەی كوردستان، رایگەیاند: خۆشحاڵین ئەمرۆ لە سۆران کتێبخانەیەک بەناوی خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا سەعید گرتکی دەکەینەوە، کە ماوەی پتر لە چوار ساڵ بەپرسی لقی سۆران بووەو خزمەتی زۆری بواری زانست و رەوشی ئایینی و بزاڤی رۆشنبیری شارەکەی کردووە.


هەروەها گوتیشی: کردنەوەی کتێبخانەی لەو شێوە خزمەتێکە بۆ خوێنەران و بایەخدان بە رێرەوی دروستی زانستی و رۆشنبیری، کە لەو رێگەیەوە دەتوانین خزمەتی بواری ئایینی و نەتەوەیی بکەین و زاڵ بین بەسەر بیری توندڕەوی لە کوردستان.


لەبەشێکی تری قسەکانی گوتیشی: لەو کتێبخانەیە بەشێکی کتێبەکانی کتێبخانەی بنەماڵەکەمان کە میراتی زانستی باب و باپیرانە پێشکەش بەو کتێبخانەیە کراوەو بەشێکی تریشی بەهاوکاری هەندێ دەزگاو کەسایەتی دابین کراون و لەرووی ئایینی و مێژووی و هزری و زانستی و رۆشنبیری گشتی و فەلسەفەو زمان و ئەدەب و شیعرو بیری نەتەوەیی پتر لە دوو هەزار ناونیشان لەخۆ دەگرێت.


سەرۆکی زانایان هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتاییەکی گرنگ بۆ دەڤەری سۆران، کە خوێنەرو توێژەرو نووسەران بتوانن سوودی لێ ببینن و ببێتە سەرچاوەیەکی دیارو گرنگی زانیاری لەهەموو بوارێکەوە.