یەکێتی زانایان کۆبوونەوەی فراوانی سەرکردایەتی ساز دەکات و چەند پرس و بابەتێک تاوتوێ دەکات

ئەمرۆ 24ی5ی2021 بە سەرپەرشتی بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ئامادەبوونی ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی کۆبوونەوەی فراوانی ئاسایی یەکێتی زانایان لە بارەگای مەکتەبی تەنفیزی لەشاری هەولێر بەڕێوە چوو.


دەسپێکی کۆبوونەوەکە سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین و ئاراستەکردنی سوپاس و پێزانین بۆ ئەندامانی سەرکردایەتی و سەرجەم لقەکانی یەکێتی زانایان، کە لەماوەی رابردوو لەخزمەتکردن رۆڵی دیاریان هەبوو، تەوەرو ئامانجی دانیشتەکە روون کردەوەو تیشکی خستە سەر نوێترین پێشهاتەکانی هەنووکەو رەوشی دینداری و خزمەتی زانایانی ئایینی.


لەو چوارچێوەدا بە ناردنی دروودو دوعای خێرو خوێندنی سوڕەتی فاتیحە بۆ گیانی مەرحوم د. عبدالله ئیمام ئاکرەیی بەرپرسی پێشووتری لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان، کە لە بەرواری 15ی3ی2021 بەهۆی نەخۆشی نەگریسی کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد یاد کرایەوە.


دواتر بە پێی پەیرەوی ناوخۆی یەکێتی زانایان سەبارەت بە جێگرتنەوەی مامۆستای رەحمەتی و ئالوگۆڕی یەدەگ لە مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی و وەرگرتنی رای بەشداربووانی کۆبوونەوەکە گفتوگۆ کراو دەرەنجام بەرێز (مامۆستا مەلا حەمەئەمین کەلاری) لە ئەندامی یەدەگی سەرکردایەتی بوو بە ئەندامی سەرکرایەتی یەکێتی زانایان.


هەروەها بەرێز (مەلا عبدالله ئەحمەد شێرکاوەیی) لە ئەندامی یەدەگی مەکتەبی تەنفیزی بە کۆدەنگی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بوو بە ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان.


بەشێکی تری دانیشتنەکە تایبەت بوو بە دانانی بەرپرسی لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان، ئەمەش دوای راوێژو وەرگرتنی رای زانایانی لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان و سەرکردایەتی بڕیار درا بەرێز (مامۆستا مەلا معید ئاکرەیی) وەک بەرپرسی تازەی لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان دەستنیشان کراو بە زۆربەی دەنگ بڕیارەکە پەسن کرا.


تەوەرێکی تری دانیشتنەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن سەبارەت بە پرسی دەستووری هەرێمی کوردستان و گەنگەشەی ئەو ماددانەی رەهەندی ئایینیان هەیە، بۆ ئەو مەبەستە یەکێتی زانایان وێڕای پشتیوانی و بە پێویست زانینی دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان و پاڵپشتی بۆ سەرخستنی ئەو پرۆژە گرنگ و تایبەتە، چەند بڕیارو هەنگاوێکی لەو بارەوە پەسند کردو بڕیار وایە لە ئاییندەیەکی نزیک بە شێوەی پێویست و کردەیی کاریان لەسەر بکات.


شایەنی باسە لە دانیشتنەکە چەند پرس و بابەتێکی تری پەیوەست بە زانایانی ئایینی و دۆخی ئێستاو چالاکیەکانی یەکێتی زانایان گەنگەشەو گفتوگۆی تێرو تەسەلیان لەبارەوە کرا.