بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکات

ئەمرۆ 4ی7ی2021 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و مامۆستا مەلا دلشاد گەڵاڵی ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و مامۆستا مەلا ئازاد کەرکوکی ئەندامی سەرکردایەتی پێشوازیان لەبەرێز عەمید دلێر نەجار بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێرو شاندی یاوەری کرد.


لەدانیشتنەکەدا بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای خۆشحاڵی و بەخێرهێنان باسی لە رۆڵی دیاری بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر کردو ئاماژەی بە ئەرک و بەرپرسیارێتی و خزمەتی برا پۆلیسەکان لە پاراستنی ئەمنیەت و رێکخستن و کارئاسانی بۆ هاوڵاتیان کردو پاڵپشتی یەکێتی زانایان و مامۆستایانی ئایینی بۆ هەر هەنگاو و هەماهەنگیەک دووپات کردەوە.


لەلایەن خۆشیەوە بەرێو عەمید دلێر نەجار بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر وێرای سوپاسی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی بۆ پێشوازی گەرم و هەڵوێست و هەماهەنگیان، جەختی لە گرنگی رۆڵی زانایانی ئایینی لە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری هاوتوچۆو رەچاوکردنی بنەماکانی هاوکاری و برایەتی و پابەندی بە رێنماییەکان کردەوەو ئەوەشی راگەیاند کە ئەوان بە چاوی رێزەوە لە رۆڵی زانایان دەڕوانن.


شایەنی باسە هەر لە دانیشتنەکەدا کۆمەڵێک پرس و بابەتی دیکەی پەیوەندار گفتوگۆی لەبارەوە کراو، بەڵێنی هەماهەنگی و هاوکاربوون لەگەڵ یەکتری لەهەمبەر بەرژەوەندی گشتی جەختی لەسەر کرایەوە.