بەمەبەستی تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگ یەکێتی زانایان و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کۆدەبنەوە

 ئەمرۆ 11ی7ی2021 شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بە سەرۆکایەتی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان لەگەڵ بەرێز د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەشێک لە ستافی وەزارەت بە ئامانجی تاوتوێی چەند پرسێک کۆبوونەوە.


لەو دیدارو کۆبوونەوەیەدا هەردوولا بە تێرو تەسەلی باسیان لە کۆمەڵێک پرس و بابەتی پیشەیی و ئیداری و پەیوەست بە دۆخی ئێستاو رەوشی ئایینی لە هەرێمی کوردستان کرد.


لە دانیشتنەکەدا پرس و بابەتەکانی وەک خوێندنی ئیسلامی و گێڕانەوەی قوتابخانە ئیسلامیەکان بۆ سەر وەزارەت و رێکخستنەوەی حوجرەکان و مەراسیمی بروانامەی زانستی و شێوازی مامەڵەکردن لەئیدارەدانی خۆبەخشان و کردنەوەی خولی زانستی و رۆشنبیری و ئەکتیڤکردنەوەی پەیمانگای کوردستان بۆ شیاندنی وتاربێژان و پرۆسەی حەج و مەسەلەی بۆردی وتاری هەینی و کارەکانی لێژنەی زانستی و پێداچوونەوە بە میلاکی مزگەوتەکان و رێکخستنەوەی موڵکی وەقف و بەرێوەبردنی مەراسیمەکانی رێزلێنان و خزمەتی مامۆستایانی ئایینی و رووبەرووبوونەوەی دیاردە نەشیاوەکانی نێو کۆمەڵگە بەناوی دین و رێکخستنەوەی کاتی بانگەکان و بابەتی فەتواو ئاگاداربوون لە ئالیەتی دروستکردنی مزگەوت و چەند بابەتێکی تر، گفتوگۆی تەواویان لەبارەوە کرا..


هەر لەو دانیشتنە جەخت لە هەماهەنگی و ئالیەت و میکانیزمی کاری پێکەوەیی بۆ سەرخستنی هەنگاوەکانی ئایندە کرایەوەو، لەو چوارچێوەشدا چەند بڕیارو راسپاردەیەک تەئکیدی لێ کرایەوەو کۆبوونەوەکە سەرکەوتووانە کۆتایی هات.